
بەهای دۆلار لە بازاڕە کانی هەرێمی کوردستان زیاتر بەرزبووەوە.
لە هەولێرو سلێمانى 100 دۆلار بەرامبەر 170 هەزار دینارە.
دانا مەولود، مامەڵەکارى ئاڵوگۆڕى دراو لە بازاڕى دۆلارەکەى سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" خواستێکى زۆر لەسەر دۆلار هەیەو لەبازاڕەکاندا دۆلار کەمبووەتەوە و ئەوەش هۆکار بووە بۆ دابەزینى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار کە هەر 100 دۆلارێک بە 170 هەزار دینارە".
دانا مەولود : هیچ ڕێکارێکى نوێ لەلایەن بانکى ناوەندیی عێراق نییە بۆ ئەوەى دۆلارى پێویست بگاتە بازاڕەکانى ئاڵوگۆڕى دراو، ئەو دۆلارەى کە دێتە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان لە بەغدادەوە دێت.
کەیفى خۆشناو، گوتەبێژى بازاڕى ئاڵوگۆڕى دراو لە هەولێر بە کەناڵ8ـى ڕایگەیاند" حکومەتى عێراقى و بانکى ناوەندیی بەڵێنیانداوە دۆلار بە 155 هەزار دینار بۆ خەڵک دابین بکەن، بەڵام دۆلار بۆ بازرگانان دابین ناکرێت و ئەو دۆلارەى لە بەغدادەوە دێتە بازاڕەکان زۆربەى بازرگانان دەیکڕنەوە بە 170 هەزار دینار".
کەیفى خۆشناو : هاونیشتمانیان هاوشێوەى بازرگانان ئەو پارەیەى هەیەتى دەیکاتە دۆلار و دۆلارى ئەمریکى لە دینارى عێراقى پێ باشترە هەڵیبگرێت.
هەرکات پرۆژە بودجەى 2027 پەسەند بکرێت و دۆخى ئابوورى سەقامگیر ببێت کاریگەرى لەسەر بەرزبوونەوەى بەهاى دینار بەرمابەر دۆلار دەبێت.
بەڵام حکومەتى عێراقى نەیتوانیوە دۆلارى پێویست بۆ بازرگانان و هاوڵاتیان دابین بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەهاى 100 دۆلار بە نرخى فەرمى بانکى ناوەندیی عێراق بە 150 هەزار دینار دیاریکراوەو لەگەڵ نرخى ئاڵوگۆڕى دراوى بازاڕەکان بە 170 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک 20 هەزار دینار جیاوازى هەیە.

