ئاژەڵەکە دەیان هەزار لە خەڵکی ئیستانبووڵی ترساند.
هێزە ئەمنییەکانی شارەکەی جووڵاند و بە دوایدا گەڕان.
دواجار دەرکەوت ئەوەی بینراوە نە شێرە و نە پشیلەی گەورە.
لە شەوی یەکشەممە، دیمەنی ئاژەڵێک لە ناوچەی سارییەری ئیستانبووڵ بڵاوکرایەوە و ئاماژە بەوە کرا شێرێکە و هەڵاتووە. پاش 24 کاتژمێر گەڕان بەدوایدا، پارێزگای ئیستانبووڵ ڕایگەیاند، هیچ بەڵگەیەکیان لەبارەی بوونی شێر لە ناوچەکەدا دەست نەکەوتووە.
ئەوەی لە کامێراکانی چاودێریدا دەردەکەوێت، شێر نییە و بەشێکیش نییە لە خێزانی پشیلەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا تیمەکان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ئاژەڵەکەدا.
پاش بڵاوبوونەوەی دیمەنەکان، بۆ دۆزینەوەی ئاژەڵەکە، هێزێکی زۆر و ژمارەیەک تیمی تایبەت بڵاوەیان پێ کرا. لە ماوەی گەڕان بەدوای ئاژەڵەکەدا دوو دیمەن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیای تەنی؛ دیمەنی یەکەم بڵاوبوونەوەی هێزەکانی کۆماندۆ بوو بۆ گەڕان بەدوای ئاژەڵەکەدا.
دیمەنی دووەم ئەو کەسە بوو لە یەکێک لە کەناڵەکانەوە وەک پسپۆڕی ئاژەڵان ناسێنرا و بە خەڵکی گوت "ئەگەر شێرێکتان بینی پشتی تێ مەکەن و هەڵمەیەن، با هەست نەکات دەترسن، لەبری ئەوە، چاوتان لە چاوی ببڕن و هەردوو قۆڵتان بکەنەوە و خۆتان گەورە دەربخەن و ئینجا وردە وردە بچنە دواوە."


