
"هەرگیز شتێکی لەم جۆرەم نەبینیوە" تاڵانی پاریسى گرتەوە
شەوى ڕابردوو پاریس خۆپیشاندانى پڕ توندوتیژى بەخۆوەبینى.
دەیان دوکان و مارکێت تاڵانکران و سەدان کەس دەستگیرکران.
هەندێک لە پاریسییەکان دەڵێن هەرگیز تاڵانکاریى لەو شێوەیان نەبینیوە.
پەنجەرەی دوکانەکان شكێنران و کاڵاکان تاڵانکران، تاڵانچییەکان لە پاریس ڕۆژی شەممە ڕژانە ناو فرۆشگاکانی پایتەختەوە، ڕووبەڕووی هیچ بەرەنگارییەکی دەسەڵاتداران نەبوونەوە، لەکاتێکدا ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان بەرەو توندوتیژی چوون.
خۆپیشاندەرانى دەمامکدار، خۆیان بە پەنجەرەی کانزایی فرۆشگاکاندا دەکێشا دەچوونە ژوورەوە، ڕەفەکانیان لە جگەرە، چاویلکەی خۆر، جلوبەرگ و خشڵ و خواردن پاککردەوە.
توندوتیژییەکان لە کاتێکدا سەریانهەڵدا کە سەدان هەزار خۆپیشاندەر لە سەرانسەری وڵاتدا کۆبوونەوە بۆ ناڕەزایى دەربڕین دژى تێچووی بژێوی، ئەمەش دوای هەفتەیەک لە ناڕەزایەتی خوێندکاران دێت کە نادڵنیایی سیاسی پێش شەش مانگ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا وروژاندووە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوکردەوە، تاڵانچییەکان لە مارکێتەکانەوە دەردەچوون و کیسی پڕ لە کێک، شەربەتی میوە و کحولیان پێبوو.
لە دوکانێکی بچووکی خشڵەوە لەوبەری شەقامەکەوە، کاتژمێرە ئەنتیکەکانیان دەبرد، لە گۆشەی شەقامێکدا، تەواوی ڕەفەی نمایشکردنی چاویلکەی خۆر لەناوچوون.
هەندێک لە دەمامکدارەکان، لەناو دوکانەکاندا بەدوای قاسەکەدا دەگەڕان و دەیانشکاند و دەیانخستە سەر زەوی، هەندێکجار تەنیا بۆیان دەردەکەوت کە بەتاڵە.
هەرگیز شتى لەم شێوەیەم نەبینیوە
مامۆستایەکی هونەر 38 ساڵ کە لەگەڵ هاوکارێکیدا لەبەردەم قاوەخانەیەکدا دانیشتووە و ناوی خۆی بە ئەلما هێناوە دەڵێت "هیچ کاتێک شتێکی لەو جۆرەی نەبینیوە".
ئەو دووە کە پێشتر بەشدارییان لە ڕێپێوانێکی سەرنەکەوتوویان بۆ گەیشتن بە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی فەرەنسا، کۆشکی ئێلێزى کردووە، گوتیان "لە پاڵنەرەکانى ئەم تووڕەبوونە تێدەگەن".
توندوتیژییەکان لە پەراوێزی ڕێپێوانەکانی پایتەخت و شارەکانی دیکەوە دەستیپێکرد.
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا: 550 هەزار کەس بەشدارییان تێدا کردووە.
سەندیکای کۆنفیدراڵى گشتى بۆ کار "سی جی تی": 800 هەزار کەس بەشدارییان کردووە.
پۆلیس گازی فرمێسکڕێژ و ئاوی لە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنا.
لە بەرامبەردا ئەوان مولۆتۆڤ و یاریى ئاگرینیان دژى پۆلیس بەکاردەهێنا.
سیباستیان لوکۆرنو، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا کە ڕەخنەی توندی لە "توندوتیژیی لە ڕادەبەدەر" گرت.
سیباستیان لوکۆرنو: هەزار و 200 کەس دەستگیرکراون و 150 ئەفسەری پۆلیسیش برینداربوون.
ئیمانوێل گریگوار، سەرۆکی شارەوانیی پاریس ڕایگەیاند، تەواوی شەقامەکان "وێران بوون"، بەپێویستى زانى جیاوازی لەنێوان مافی "بنەڕەتی ناڕەزایەتی دەربڕین و توندوتیژی "قبووڵنەکراو"دا بکرێت.
چێشتخانە، هۆتێل و باڵەخانەکانى نیشتەجێبوون زۆربەیان لە تاڵانکارییەکە ڕزگاریان بووە، ئەمەش وایکردووە دیمەنى پاریسییەکان ببینرێت کاتێک چێژیان لە نانخواردنی نیوەڕۆ دەبینى.
لە نزیک شوێنی ئایکۆنی پلاسی دی لا کۆماری لە ناوەڕاستی پاریس، شووشەی شکاو و پاشماوە ڕێگاکانیان تەنى بوو، لە کاتێکدا کۆمەڵێک ماتۆڕسکیلى سووتاو دوکەڵی چڕیان لێ بەرزدەبووەوە.
فرانس پرێس دەڵێت "هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا لە ناوچەکەدا ئامادەنەبوون، پێشتریش لەگەڵ خۆپیشاندەرانی ئەوێدا تێکهەڵچوونیان هەبووە".
خەڵکی ناوچەکە لە شوقەکانیانەوە سەیری دیمەنەکانیان دەکرد. جوڵس، فەرمانبەری حکومی 29 ساڵ دەڵێت "چ دیمەنێکە".
گوتیشى "دەبێت هەندێک تووڕەیی قووڵیان هەبێت. ئەوان بەشێکن لە کۆمەڵگا کە هەست بە یەکگرتن ناکەن."
لە کاتێکدا ئەو لەگەڵ مافی ناڕەزایەتی دەربڕین هاوڕا بوو، بەڵام گوتی “تاڵانچییەکان ئامانجەکانی خۆیان تێکدەدەن".

.jpg)

.jpg)
