ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی هێرشێکی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران تاوتوێ کردووە

ئەگەرى دەستپێکردنەوەى جەنگى ئێران لە ئان و ساتدایە
ئەگەرى دەستپێکردنەوەى جەنگى ئێران لە ئان و ساتدایە

پووختەى ڕاپۆرتەکە

  • قەتەر هەوڵدەدات ئێران ڕازی بکات پشکنەران سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بکەن.

  • پێدەچێت هێرشی سەر ئێران هەفتەیەک بخایەنێت.

  • هێرشەکە بۆ سەر سەرکردایەتی و ژێرخان و دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەبێت.

  • سعودیە داوای لە ئیدارەی ئەمریکا کردووە دەرفەتی زیاتر بە دیبلۆماسییەت بدەن.


سێ سەرچاوەی ئەمریکی، ئیسرائیلی و هەرێمایەتی ڕایانگەیاندووە، نێوەندگیرە هەرێمایەتییەکان بە سەرکردایەتیی قەتەر، لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان تاران و اشنتن، بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی جەنگ دوای هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێس.


سەرچاوەکان چى دەڵێن؟

  • قەتەر هەوڵدەدات ئێران قایل بکات.

  • ڕێگە بە پشکنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان بدرێت، سەردانی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانە بکەن کە بۆردوومان کراون.

  • لە بەرامبەردا ئەمریکا سزاکانی سەر تاران سووک دەکات.

  • ئەگەرێکی بەهێز هەیە دوای هەڵبژاردنی نیوەخول، هێرشێکی نوێ بۆسەر ئێران دەستپێبکاتەوە.

  • هەوڵەکانی نێوەندگیری بە سەرکردایەتیی قەتەر و پاڵپشتیی پاکستان، سعودیە، تورکیا و میسڕ بەردەوامن.

تاوتوێى هێرش

سوپاسالاری ئیسرائیل و فەرماندەی سێنتکۆم، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو گفتوگۆیان سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرش بۆسەر ئێران کردووە.

بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، ئۆپراسیۆنێکی لەمجۆرە ڕەنگە هەفتەیەک لە هێرشی چڕ بۆسەر سەرکردایەتیی ئێران، کەرتی وزە، دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ژێرخانی ئێران بگرێتەوە.

ڕژدبوونى ترەمپ

هەر لە بارەی دانوستانەکانەوە، دۆناڵد ترەمپ بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە، دانووستانەکان لەگەڵ ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامن، بەڵام دڵنیا نییە ئاخۆ دانوستانەکان هیچ بەرهەمێکیان دەبێت یان نا.

ترەمپ ڕایگەیاندووە، دەبێت ئەو ئەرکە تەواو بکەن، جا بە ڕێککەوتن بێت یاخود بە ڕێگەی دیکە، چاوەڕوانن بزانن دانوستانەکان سەرکەوتوو دەبن یاخود نا.

هەڵوێستى تاران

هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیرى دەرەوەی ئێران لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، لە کاتێکدا هێزە چەکدارەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان، تاران بەردەوامی بە دیبلۆماسییەت دەدات، وەک دەرفەتێک بۆ سەرکەوتن.

نێوەندگیریی قەتەر

عەلی زوادی، دانوستانکاریی قەتەری ئەم هەفتەیە سەردانی ئێرانی کردووە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ.

بە گوتەی سەرچاوەکان، قەتەر پێشنیازێکی ئەمریکای بۆ ئێران گواستووەتەوە، کە ناوەڕۆکەکەی دەستبەرداربوونی تارانە لە یۆرانیۆمی پیتێنراو، لە بەرامبەردا واشنتن گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادەبات و بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانیان ئازاد دەکات.

سەرچاوەیەکی هەرێمایەتی ڕایگەیاندووە، ئێران ئاگادارکراوەتەوە، قبوڵکردنی ئەو پێشنیازە تاکە ڕێگەیە بۆ ڕێگەگرتن لە هێرشێکی فراوان دوای هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا.

هۆشدارى بە تاران دراوە

بەرپرسانی ئەمنیی سعودیە، تورکیا و پاکستان لە سەردانەکەیان بۆ ئێران چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، جەختیان لە هەمان نامەی ئەمریکا کردووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی تاران گوتوویانە، هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ڕێبەری باڵای وڵاتەکەیان دەکەن بۆ تاوتوێکردنی ئەو بیرۆکەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.

تاران نیگەرانە و نایەوێت هێرشى بکرێتەسەر

بەرپرسانی سعودیە، بە کۆشکی سپییان ڕاگەیاندووە، ئێرانییەکان نیگەرانن لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرش بۆسەریان، دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی نیوەخول، بۆیە داوایان لە ئیدارەی ترەمپ کردووە، پەلە نەکرێت لە هەڵگیرسانەوەی جەنگ و دەرفەتی زیاتر بە دیبلۆماسییەت بدرێت.

زیندووکردنەوەى ڕێککەوتنى وزەى میسڕ

لە نێو ئەو بیرۆکانەی پێشنیازکراون، گەڕانەوەی ئێران بۆ ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ ئاژانسی وزە لە میسر واژۆی کردووە.

بە گوێرەى ئەو ڕێککەوتنەی مانگی ئەیلوولی 2025 واژۆکرا، ڕێگە بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی دەدرا، سەردانی وێستگە ئەتۆمییەکان بکەن، بەڵام دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش سزاکانی سەر تاران گەڕاندەوە، ئێران ڕێککەوتنەکەی هەڵپەسارد.

ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، سێشەممەی ڕابردوو لە ئەنجوومەنی ئاسایش ڕایگەیاند، زیندووکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە، چوارچێوەی دەستپێکردنەوەی پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕێکدەخاتەوە، کە بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان پێگەیشتووە.

سەرچاوەیەکی هەرێمایەتی ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئێران ڕازی بێت پشکنەرەکان سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بکەن، پێدەچێت لێخۆشبوونی سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت و ئازادکردنی بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی بۆ بکرێت.

سەرچاوەکە گوتوویەتی، هەندێک جموجۆڵ هەیە، چاوەڕوانی وەڵامی ئێران دەکەن، بیرۆکەکە بەو جۆرەیە ئێران بڵێت پێشتر یۆرانیۆمە پیتێنراوەکانیان لەناونەبردووە، ئەمریکاش بڵێت هەندێک سازشیان بە تاران کردووە لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە، کۆشکی سپی بە نێوەندگیرەکانی ڕاگەیاندووە، دوای زانینی وەڵامی ئێران ئاخۆ پێشنیازەکان قبوڵ دەکەن یان، بۆچوونی خۆیان ئاشکرا دەکەن.

ترەمپ لەکاتی گەشتیکدا لە واشنتنەوە بۆ تەکساس، لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتییدا لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیرى دەرەوە و ستیڤ ویتکۆف، دۆسیەی ئێرانی تاوتوێ کردووە.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

تێچووى جەنگى ئێران بۆ ئەمریکا 47 ملیار دۆلارى تێپەڕاند

ئارام یوسف

Thu Oct 29 2026

Loading related news...