
گوتەبێژى یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکان ڕایگەیاند، کۆربەندى بازرگانى بەبەشدارى بازرگانانى تورکیا و هەرێمى کوردستان ئەنجام دەدرێت.
باڵیۆزى تورکیا لە عێراق و 40 کۆمپانیای ئەو وڵاتە بەشدارى کۆربەندەکە دەکەن.
شاندێکی بازرگانیی تورکیا کە زیاتر لە 40 کۆمپانیا لە کەرتە جیاوازەکانی ئابووری لەخۆدەگرێت، ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە دەگەنە شارى هەولێر و کاتژمێر حەوتى ئێوارە بەشدار دەبن لە کۆربەندێکى بازرگانى بەبەشدارى بازرگانانى هەرێمى کوردستان.
ئەو 40 کۆمپانیایە لەژێر ناوى گرووپى کۆمپانیاکانى دایکا سەردانى هەرێمى کوردستان دەکەن.
کاتژمێر 7:00ـى ئێوارەى ئەمرۆ کۆربەندى بازرگانى لە بیناى یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکان بەبەشدارى بازرگانانى پارێزگاکانى سلێمانى و دهۆک و هەڵەبجە بەڕێوە دەچێت.
ئانڵ بۆرا ئینان باڵیۆزی کۆماری تورکیا لە عێراق بەشدارى کۆربەندە بازرگانییەکە دەکات.
کۆمپانیاکان لە چەندین بوارى جیاواز كار دەکەن وەک بانکى و بیناسازى و خزمەتگوزارییە لۆجستییەکان، بەڵێندەرایەتی، مۆبیلیات، وزە و سەرچاوە سروشتییەکان، کشتوکاڵ، ئەلیکترۆنیات، ماددە خۆراکییەکان.
سورچی جەختی لە گرنگیی ئابووریی ئەم دیدارانە بۆ هەرێمی کوردستان و تورکیا کردەوە، بەتایبەتی هەرێمى کوردستان بووەتە ناوەندێکى ترانزێت بۆ کاڵا تورکییەکان بۆ گەیاندنى بۆ ناوەڕاست و خوارووى عێراق، هاوکات تورکیا کە دراوسێى هەرێمى کوردستانە بووەتە هۆى ئەوەى کاڵاى ئەوروپى بە ئاسانى بگاتە هەرێمى کوردستان.
هاوکات، سەروەر هاوارى، بریکارى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى هەرێمى کوردستان بۆ کەناڵ8 ئەوەى ڕوونکردەوە ئەو کۆمپانیا تورکیانە لەگەڵ هاوشێوەکانیان لە بازرگانانى یەکێتی ژوورە بازرگانییەکان کۆدەبنەوە و هەماهەنگى دەکەن بۆ زیادکردنى جوڵەى بازرگانى.
ئامانجی کۆڕبەندەکە بەهێزکردنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان کۆمپانیا تورکییەکان و کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستانە کە خستنەڕووى کاڵاکان و هاوبەشى لە بازرگانیدا تاوتوێ دەکرێت و کۆمپانیا خۆماڵییەکان و تورکییەکان گفتوگۆ دەکەن و دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەنجامدانى لێکتێگەیشتن و گرێبەستى نوێ لە نێوانیاندا.
