
ئەمریکا و ئێران لێدوانى دژ بە یەک لە بارەى ئاسایشى گەرووى هوورمزەوە دەدەن.
ئەمریکا چەندینجار بانگەشەى ئەوەى کردووە گەرووەکەى لە مین پاککردووەتەوە و کەشتیوانى ئاسایى بووەتەوە.
سوپاى پاسداران بەبێ مۆڵەت ڕێگە بە تێپەڕبوونى کەشتییەکان نادات.
سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، سێ کەشتیى نەوتهەڵگرى لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هوورمز، دوای بەرکەوتنی مین ئاگریان گرتووە، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، ڕێڕەوە سەرەکییەکانى گەرووەکەى لە مین پاک کردووتەوە.
لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، سێ کەشتی نەوتهەڵگری سەرپێچیکار دوای بەرکەوتنیان بە مینەکان تەقینەوە و ئاگریان گرت.
هەوڵیاندا بە باشووری گەرووی هوورمز تێپەڕن.
کەشتییەکان هەموو ڕادار و سیستمی دەریاوانییان کوژاندبووەوە.
هۆشدارییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانیان پشتگوێخستبوو.
ڕێڕەوى بێ مۆڵەتی گەرووی هوورمز مینڕێژکراوە.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئێران هەواڵی بەرکەوتنى چەندین کەشتیی لە مینە دەریاییەکان بڵاوکردەوە، ئەمەش وایکرد فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ناوچەکە بەڕێوەدەبات، لە سۆشیال میدیادا پێداگری خۆی دووپاتبکاتەوە لەسەر ئەوەی هەموو مینەکانی "ڕێڕەوی ترانزێتی سەرەکی" پاککراونەتەوە.
هەر ئەمڕۆ، حوسێن موحێبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران وەڵامى بانگەشەکانى ئەمریکاى دایەوە و گوتى "بانگەشەى پاککردنەوەی هوورمز لە مین بە بەڵگەی سەربەخۆ بسەلمێنە نەک بە لێدوان".
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە 28ـی شوباتەوە، ئێران بە توندی هاتووچۆی لە ڕێگای ئاوی ستراتیجی سنووردار کردووە، کە بە شێوەیەکی ئاسایی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی بەکارهێنانی نەوت و گاز لە جیهاندا پێدا دەڕوت.
ئەمریکا لە بەرامبەردا گەمارۆی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاند و یارمەتی تانکەرەکانی داوە بۆ گەشتکردن بەو ڕێڕەوی ئاوەدا. ڕۆژی یەکشەممە سێنتکۆم ڕایگەیاند، لە هاوینەوە هاوکاری وڵاتانی کەنداویان کردووە بۆ هەناردەکردنی یەک ملیار و 500 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی هوورمزەوە.
ئێران ئەو کەشتیانەی کە ڕێڕەوی باشووری نزیک کەنارەکانی عومان بەکاردەهێنن بە بێ مۆڵەت دەزانێت.
پێشتر دەزگای دەریایی بەریتانیا UKMTO ڕایگەیاندبوو، ڕاپۆرتێکیان پێگەیشتووە کە کەشتییەک لە گەرووەکەدا ئاگری گرتووە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەبارەی هۆکارەکەی و هیچ زیانێکی گیانی نەداوە.
دەستپێکردنەوەی جەنگی سەر ئێران; هەڕەشەی جیهانێکی بێ ئینتەرنێت
جەى دى ڤانس نامەیەک بۆ موحسین ڕەزایی دەنێرێت
ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی هێرشێکی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران تاوتوێ کردووە
