
د.یوسف گۆران، لێپرسراوى مەڵبەندى دیراساتى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بڵاوکراوەیەکدا، لە بارەى هەڵوێستى بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بەرامبەر چارەسەرى ئاشتییانەى نێوان پارتە کوردییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و حکومەتى تاران، ڕایگەیاند، دەرخەرى ئەو ڕاستیەیە کە یەکێتی لە سەرەتاى دروستبونیەوە کوردستانى بوە و بە کردەیی لە خەمى کوردانى هەموو بەشەکانى دیکە بوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە میانى بەشداری کردنى لە پانێڵێکى تایبەت لە دیدارى مێرى لە شارى هەولێر، بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گوتى: "ئێستا دەرفەتێکی باشی ئاشتی بۆ کوردان لە ئێران دەبینێت، کە ئەمەش دەتوانێت دەرگای نوێ بە ڕووی سەقامگیریی و چارەسەریی ئاشتییانەی دۆزی کورد لە ناوچەکەدا بکاتەوە".
سەرۆکى یەکێتى ئاماژەى بەوەشکرد، لە سەردانەکەیدا بۆ ئێران، لەگەڵ لایەنی ئێرانی باسی لەوە کردووە پڕۆسەیەکی ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێبکەن، کە نزیک بێت لەو پڕۆسەی ئاشتییەی لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا لە ئارادایە. ڕاشیگەیاند، ئەم پێشنیازە بۆ بەرژەوەندی و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان و هەڤاڵەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە.