گەورەترین شڵەژانی ئاسمانی؛ ئەمریکا بەرەو دۆخی ئاسایی دەگەڕێتەوە بەڵام هۆشداری دەدرێت

فڕۆکەکان لە تێرمیناڵی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی لۆس ئەنجلۆس 13ـى تشیرینى دووەم فۆتۆ؛ AFP
فڕۆکەکان لە تێرمیناڵی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی لۆس ئەنجلۆس 13ـى تشیرینى دووەم فۆتۆ؛ AFP

پووختەی هەواڵەکە

  • وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وردە وردە گەشتە ئاسمانییەکان دەگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی.

  • وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا: ڕەنگە هەڵوەشاندنەوەی دیکەی گەشتە ئاسمانییەکان ڕووبدات.

  • ڕۆژی هەینی لە ڕووداوێکی دەگمەندا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ڕاگیران.

  • ئاساییبوونەوەی دۆخی ئاسمانی ئەمریکا چەندین ڕۆژی دەوێت.


ئەمڕۆ شۆن دافی، لە پلاتفۆرمی ئێکسەوە هۆشداریدا، ڕەنگە هەندێک دواکەوتن یان هەڵوەشاندنەوەی دیکەی گەشتیە ئاسمانییەکان ڕووبدات، لەکاتێکدا کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی خشتەی گەشتەکان و گواستنەوەی فڕۆکە و تیمی فڕۆکەوانین، تاوەکو یارمەتی ئەو گەشتیارانە بدەن کە لە فڕۆکەخانەکاندا ماونەتەوە.


کێشەی گەشتەکانی ئەمریکا

  • لە ڕووداوێکی دەگمەندا دەزگای فیدڕاڵیی ئاسمانیی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی، نزیک کاتژمێر 12ــی شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی ڕاگرت.

  • ئەوەش بەهۆی نەمانی پەیوەندی و دروستبوونی کێشەیەک لە سیستمی چاودێری و پەیوەندیی ئاسمانی.

  • ئەمە دووەمجارە لە دوای ڕووداوەکانی 11ـی سێپتێمبەری 2001ـەوە، بەشێوەیەکی سەرتاسەری گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە ڕادەگیرێت.

  • سەرەڕای دەستپێکردنەوەی جووڵەی فڕۆکەوانی دوای چوار کاتژمێر لە ڕاگرتنی، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا هۆشدارییاندا لەوەی گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی کاتی دەوێت، هەر ئەمەش کاریگەری لەسەر گەشتەکانی داهاتوو دروستدەکات.

  • بەگوێرەی ماڵپەڕی فڵایت ئەوێر، تاوەکو ئێستا 12 هەزار و 506 گەشت هەڵوەشێنراونەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت ژمارەکە زیاتریش ببێت.

  • ئەمڕۆدا زیاتر لە چوار هەزار و 700 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنراونەتەوە و دوو هەزار و 100 گەشتیش دواکەوتوون.

  • لەکاتێکدا ڕۆژی هەینی، نۆ هەزار و 132 گەشت هەڵوەشێندرایەوە و حەوت هەزار و 30 گەشتیش دواکەوتن.

  • بەگوێرەی دەزگای فیدڕاڵیی ئاسمانیی ئەمریکا، ڕووداوەکە بەهۆی نەمانی پەیوەندی و خراپبوون و کۆنبوونی سویچ و ڕاوتەرەکان ڕوویداوە، کە هەموویان بەهۆی داتای زۆرەوە لە کارکەوتوون.

ئێستا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە داواکارییەکی پێشکەش بە کۆنگرێس کردووە بۆ چاککردنەوەی کێشەی پەیوەندییەکان لە سیستمی ئاسمانیی وڵاتەکە لە ڕێگەی خەرجکردنی 50 ملیار دۆلاری ئەمریکی.

وەزیری گواستنەوە و کۆشکی سپی سەرەتای ڕۆژی هەینی داوای 30 ملیار دۆلاری ئەمریکییان کردبوو بۆ چاککردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی کارکردنی سیستمەکانی چاودێریی ئاسمانیی ئەمریکا.

ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە کە دوای کەمتر لە دوو هەفتە، ماوەی جەژنی سوپاسگوزاری لە ئەمریکا دەستپێدەکات کە جەنجاڵترین کاتی فڕۆکەخانەکانی ئەمریکایە، هەر بۆیە لە ئێستاوە شارەزایان هۆشداری دەدەن لە ئەنجامدانی ئامادەکاریی تەواو بۆ پێشوازی کردن لە گەشتیاران.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

پێشهاتە کتوپڕەکەى ئەمریکا؛ بۆچى فڕۆکەکان لە ئاسمان نەمان؟

شێوە عومەر

Sat Nov 14 2026

Loading related news...