
بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەى هەولێر دەڵێت، چاوەڕێى بانکى ناوەندیی عێراقین بۆ دابینکردنى دۆلار بە نرخى فەرمى بۆ گەشتیاران.
بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەى هەولێر ڕاشیگەیاند، شوێنیان ئامادە کردووە بۆ پێدانى دۆلار بە گەشتیاران.
سەرەڕاى چەندین نوسراوى ئەندامانى کوردى ئەنجوومەنى نوێنەران کە بانکى ناوەندیی عێراق ڕەزامەندى نیشانداوە بۆ دابینکردنى دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانى جەلال تاڵەبانى و هەولێر، بەڵام هێشتا ئەو بانکە هیچ کاتێکى دیارینەکردوە کە مامەڵەکان لەو دوو فڕۆکەخانەیە ئەنجام بدات.
شوێن و هەموو پێداویستییەکى لۆجستیمان ئامادە کردووە بۆ پێدانى دۆلار بە گەشتیاران بە نرخى فەرمى بانکى ناوەندیی عێراق.
چاوەڕێى بانکى ناوەندیی عێراقین بۆ دابینکردنى دۆلار بە نرخى فەرمى بە گەشتیاران، بەڵام تاوەکو ئێستا چاوەڕوانى بانکى ناوەندین.
هاوکات، کەناڵ8، زانیارى لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى جەلال تاڵەبانى وەرگرتووە، کە شوێن و پێداویستییە کارگێڕییەکانیان تەواو کردووە و ڕێکارەکانى دیکە پەیوەندى بە بانکى ناوەندیی عێراقەوە هەیە تاوەکو لەڕێگەى بانکێکى دیاریکراوەوە دۆلار بە نرخى فەرمى بداتە گەشتیاران".
کەناڵ8 پەیوەندى کرد بە مەحموود داغر، گوتەبێژى بانکى ناوەندیی عێراق، لەبارەى پێدانى دۆلار بە گەشتیاران لە فرۆکەخانەکانە نێودەوڵەتییەکانى هەولێرو جەلال تاڵەبانى، بەڵام ئەوەى ڕاگەیاند هیچ زانیارییەکى لەسەرئەوەنیە بۆ ئێستا.
بۆ سوودمەندبوون لە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بە هەزارو 520 دینار بۆ هەر دۆلارێک، واتە 152 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک دیاریکراوە)، پێویستە لە ڕێگەی بانکە فەرمییەکانەوە مامەڵەکان بکرێت.
بەگوێرەى نوێترین بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2026، پشکی گەشتیاران زیادکراوە بۆ سێ هەزار دۆلار مانگانە بە نرخی فەرمی، واتە لە ساڵێکدا 12 جار دەتوانیت دۆلار بە نرخى فەرمى وەربگریت و گەشتەکەى ئەنجام بدات.
گەشتیار پێویستە تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی، پێش 72 کاتژمێر لە گەشتەکەى، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی ئەو بانکە (وەک بانکی بازرگانیی عێراقی TBI یان بانک و کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان، ناوى تۆمار بکات.
هەروەها بۆ دانانی پارە سەردانی لقی بانکەکە یان کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی مۆڵەتپێدراو دەکەیت، لە شارەکەت و بڕی دینارەکە دادەنێیت و پسووڵە وەردەگریت.
هاوکات، وەرگرتنی دۆلارەکە لە ڕۆژی گەشتەکەتدا، دوای بڕینی خاڵی پشکنین و لێدانی مۆری دەرچوون لە پاسپۆرت و وەرگرتنی لە پەنجەرەی بانکەکە لەناو فڕۆکەخانە وەردەگریت.
مەرجە پێویستەکان، هاووڵاتی عێراقی بیت و تەمەنت لە سەرووی 18 ساڵەوە بێت و تکتی فڕۆکەی گەشتکردنت هەبێت و کارتی نیشتمانی و زانیاریت پێبێت گەشتەکەت بۆ ئەو وڵاتانە نەبێت کە سزای ئەمریکییان لەسەرە وەک ئێران.
بەگوێرەى دوواین بڕیارى عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەمەودوا گەشتیاران دەتوانن لە ساڵێکدا 12 جار سوومەندبن لە وەرگرتنى دۆلار بە نرخى فەرمى کە بۆ هەر گەشتیارێک سێ هەزار دۆلارە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانى عێراق گەشتیاران سوودمەند بوون لە وەرگرتنى سێ هەزار دۆلار بۆ هەر گەشتێک بە نرخى فەرمى کە بۆ هەر 100 دۆلارێک 152 هەزار دینارە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو گەشتیارانەى لە هەردوو فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى جەلال تاڵەبانى و هەولێرەوە گەشت دەکەن سوودمەند نەبوون.
لە ئێستادا لە بازاڕەکانى دراو بەهاى 100 دۆلار بە 167 هەزار دینارەو بە نرخى فەرمى بۆ گەشتیاران، 152 هەزار دینارە، کە بۆ هەر 100 دۆلارێک 15 هەزار دینار جیاوازى هەیە.