
لە هەڵەبجە دابەشکردنى غازى ماڵان بە پسووڵە دەست پێدەکات.
لیژنەی سووتەمەنى شارەکەش لە بارەى نۆرەى بەنزینەوە دڵنیایى دەدات.
هیچ تایبەتمەندییەک بۆ هیچ کەسێک نەکراوە و بەنزین بۆ سەرجەم هاونیشتمانیانە بەبێ جیاوازى.
لیژنەی سووتەمەنی قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە ڕایگەیاند، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و گەیشتنی غاز بە شێوەیەکی یەکسان بە دەستی سەرجەم هاونیشتمانیان، لە ڕۆژى 25ـى تشرینى یەکەمەوە دابەشکردنەوەی غاز بە پسووڵە دەست پێدەکات.
پسووڵەى ژمارە سێ کارا دەبێت.
پێویستە بریکارەکانی غاز بێ جیاوازی، غاز بە هاونیشتمانیان بدەن.
پێویستە لە هەشت هەزار و 500 دینار زیادتر نەیفرۆشن.
پێویستە سەرجەم هاونیشتمانیان، بارکۆدی تایبەت بە خۆیان سکان بکەن و خۆیان تۆمار بکەن.
بۆ ئەوەی لە کاتی چاپکردنی پسووڵەى نوێدا بێبەش نەبن.
لە بارەى نۆرى بەنزینیشەوە لیژنەی سووتەمەنی قایمقامیەتی هەڵەبجە دەڵێت: هەندێک کەس بە ناوی قایمقامیەت و ناوی تایبەتمەندی و چین و توێژەکانی کۆمەڵگاوە، داوای پێشوەختە یان نۆرەبڕین بۆ وەرگرتنی بەنزین دەکەن، جەخت دەکاتەوە، هیچ دامودەزگا و فەرمانگەیەک لەو بابەتە ئاگادار نییە و هیچ تایبەتمەندییەک بۆ هیچ کەسێک نەکراوە، چونکە بەنزین بۆ سەرجەم هاونیشتمانیانە و بەبێ جیاوازی دابەش دەکرێت.
لە هەڵەبجە چوار کارگەی پڕکردنەوەی غاز هەیە، دووانیان لە کۆرمۆرەوە غازیان بۆ دابین دەکرێت و دوانەکەی دیکەیان لە کەرکووکەوە، لەکاتی ئاساییدا مانگانە 32هەزار بتڵ هاتووەتە شارەکە بەڵام ئێستا مانگانە 16 هەزار بتڵى بۆ دابین دەکرێت.


