هەر شۆفێرێک ساڵانە 10بۆ 50هەزار دینار ڕسووماتى لێوەردەگیرێت.
10 ساڵە نەتوانراوە سندوقى پارەى ڕێگەوبان دروست بکرێت.
بڕیار وابوو پارەکە بۆ چاککردنەوەى ڕێگەوبانەکان بەکاربهێنرێتەوە.
لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە 10 ساڵە بە بڕیارێکى وەزارەتى ناوخۆ پارەى ڕێگەوبان لە شۆفێران وەردەگیرێت، بەڵام دیار نییە ئەم پارەیە چى بەسەر دێت و چۆن خەرجدەکرێت، لەکاتێکدا پێشتر بە بڕیارى وەزارەتەکە پێویست بوو لە سندوقێکدا کۆبکرێتەوە و دواتر بۆ ڕێگاوبانەکان خەرجبکرێت.
بڕى 10 هەزار دینار لە ئۆتۆمبێلى تایبەت.
ئۆتۆمبێلى تاکسى 15 هەزار دینار.
بارهەڵگر 50 هەزار دینار.
سەرەتا بڕیارى ئەوەدرا ئەم بڕەپارەیە بخرێتەوە خزمەتى ڕێگەوبان و بۆ هیچ مەبەستێکى دیکە بەکارنەهێنرێت.
ئەم بڕیارە لەلایەن وەزارەتى ناوخۆ لە کابینەى هەشت دەرچوو کە لەلایەن وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە ئامادەکرا بوو.
بەرنامەکە وابوو پارەى ڕێگاوبان کە لە شۆفێران وەردەگیرێت بۆ ڕێگاوبان خەرجبکرێتەوە.
لە کابینەى نۆ پرۆژەکە وەلانراو یەک دینار لەم بڕە پارەیە ناگەرێتەوە بۆ چاککردنى ڕێگەوبانەکان.
لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 500هەزاریان ئۆتۆمبێلى تایبەتن، 100هەزار پاس و تاکسین و زیاتر لە 400هەزاریان بارهەڵگرن.
بۆ ئۆتۆمبێلى تایبەت ساڵانە دەگاتە 15ملیار دینار.
ئۆتۆمبێلى کرێ ساڵانە دەگاتە یەک ملیار و 500ملیۆن دینار.
ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر ساڵانە دەگاتە 20ملیار دینار.
دەردەکەوێت ئەگەر سندوقێک هەبێت بۆ کۆکردنەوەى پارەى ڕێگەوبان، ئەوا ساڵانە نزیکەى 37 ملیار دینار دەخرێتەوە خزمەتى چاککردنى ئەو ڕێگایانەى خراپ بوون.