
لە کاتێکدا شاندى هەرێمى کوردستان بەغدادە، بەڵام وەزیرى دارایى کابینەکەى عەلى زەیدى گومانى خستووەتە سەر ئەو داتایانەى لەبارەى هەناردەى نەوتەوە خراونەتەڕوو، هاوکات چەندین ناکۆکى و جیاوازى دیکەش وا دەکەن چاوەڕوانى دانوستانێکى سەخت بکرێت.
کەناڵ8، ناوەڕۆکى ئەم قسانەى فالح سارى لە هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەرگرت، کۆبوونەوەکەش لەسەر داوای نوێنەرانی کورد بووە و مەبەستیان بووە گفتوگۆی زیاتر لەبارەى بودجەوە بکەن.
هەرێم کەمال ئاغا گوتیشى "وەزیری دارایی عێراق، داوای شەفافییەت و دادپەروەری کردووە و نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیش ڕایانگەیاندووە "ئێمەش دادپەروەریمان دەوێت"

لێدوانەکەى وەزیرى دارایى لەبارەى نەوتەوە لە کاتێکدایە ڕۆژى 25ـى ئەیلوولى 2025، محەممەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق ڕێککەوتنى نەوتى لە نێوان هەولێر و بەغداد ڕاگەیاند و دوو ڕۆژ دواتر لە ڕێگەى بۆرییەوە هەناردەکرایەوە.
کۆتایى مانگى ڕابردوو کەناڵ8 لە کۆمپانیاى نەوتى باکوورەوە زانیاریى ئەوەى دەستکەوت، کە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕۆژانە 180 تاوەکو 200 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەڕێگەی بۆریی نەوتەوە هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرێت.
هەرێم کەمال ئاغا، بۆچوونی وایە پێویستە لەم چەند ڕۆژەی کە ماوە، بە گفتوگۆ مافی کورد و شایستەی لە بودجەی 2027ـدا جێگیربکرێت و یەکلا بکرێتەوە و هەناردەی نەوت زیادبکرێت و داهاتی نانەوتی یەکلایی بکرێتەوە.
ئەو دەڵێت "لە کاتی پەسەندکردنی بودجە بەبێ ڕێککەوتن، پەرلەمانتاران ناتوانن یەک دۆلاریش بۆ پشکى هەرێمى کوردستان زیادبکەن".
لە پاڵ ئەم بێ متمانەیەدا هەرێمی کوردستان و حکومەتى فیدراڵ لە سێ خاڵى سەرەکیدا ناکۆکن، ئەوانیش "ڕێژەى پشک، ڕادەستکردنى بڕى نەوت، باج و گومرگ".
کەناڵ8 ئەجێنداى شاندەکە و خاڵە ناکۆکەکان لەگەڵ بەغداد ئاشکرا دەکات