کەناڵ8 ئەجێنداى شاندەکە و خاڵە ناکۆکەکان لەگەڵ بەغداد ئاشکرا دەکات
پووختەى هەواڵەکە
- شاندی باڵای دانوستانکاری حکومەتی کاربەڕێکەرى هەرێمی کوردستان لە بەغدادە.
- بەشێوەیەکى فەرمى کۆبوونەوەکانى لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ دەستپێدەکات.
- بودجە و پشکى هەرێمى کوردستان کارنامەى سەرەکییە.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتی، لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە میانى بەشداریکردنى لە بوڵتنى هەواڵەکانى کەناڵ8 ڕایگەیاند، شاندی باڵای دانوستانکاری حکومەتی کاربەڕێکەرى هەرێمی کوردستان لە دوێنێوە لە بەغدادن و ئەمڕۆ کاتژمێر 2:00ـى دوانیوەڕۆ کۆبوونەوەکانى دەستپێبکات.
ئاماژەى بەوەشکرد، شاندەکە تاوتوێى داخوازییەکانى کورد و جێگیرکردنیان دەکات، سەبارەت بە پابەندییەکان و ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027 و جێگیرکردنیان.
ئامانجى شاندەکە:
- بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرەانى کورد لە دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان، کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەکات.
- ئامانجەکەى گفتوگۆ و گەیشتنە بە تێگەیشتنێکی هاوبەش و دادپەروەرانە لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەکان.
- لێکتێگەیشتن بۆ ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027.
پێش چوونى شاندەکە دوێنێ فەرمانگەى میدیا و زانیارى لە ڕاگەیێنراوێکدا داوایکرد مووچە و شایستە داراییە بنەڕەتییەکان لە پێوەری خەرجییە ڕاستەقینەکان (الإنفاق الفعلي) و هەر کۆتوبەندێکی دیکە کە ببێتەهۆی دواخستن، ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی شایستەکان دوور بخرێنەوە.
داوشیکردبوو لە بودجەی فیدراڵیدا میکانیزمێکی ڕوون و جێگیر بۆ دابینکردن و ناردنی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان دانرێت.
پێکهاتەى شاندەکە:
- ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
- ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.
- عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون.
- بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
- بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
- نوێنەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایى کە دەستلەکارکێشانەوەى پێشکەشکردووە یەکەمجارە لەگەڵ ئەم شاندە ناچێتە بەغداد.
دیارترین ناکۆکییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد:
هەرێمی کوردستان داوا دەکات، پشکی لە بودجە بە ڕێژەی %14.14 بێت لەسەر بنەمای دوایین سەرژمێری گشتیی کە ئەنجام درا. حکومەتی بەغداد پشکی هەرێمی کوردستانى بە %12.7 دیاری کردووە.
بەغداد داوا دەکات هەرێمى کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل ڕادەست بکات، هەرێمى کوردستان بەوە ڕازیی نییە و دەیەوێت 250 یان 280 هەزار بێت.
عێراق دەڵێت داهاتی باج و گومرگ سیادییە و دەبێت بگەڕێتەوە ناوەند، هەرێمى کوردستان دەڵێت سیادی نییە.
پڕۆژە بودجەى گشتیی 2027ـى عێراق گوژمەکەى بە 200 تاوەکو 240 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە و هەرێمى کوردستان داواى نزیکەى 29 تریلیۆن دینارى کردووە بۆ مووچە و پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران و داواى دامەزراندن و بە هەمیشەییکردنى مامۆستایان و فەرمانبەرانى گرێبەستیشی کردووە.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
دیلان غەفوور: هەرێم و بەغداد لەسەر چەند خاڵێکی بودجە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن
2 کاتژمێر پێش ئێستا