
پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغداد جارێکى دیکە بەرەو پایزى تەمەنیان دەڕۆن، بودجە خەریکە دەبێتە بۆمبێک و پردى متمانەى نێوانیان دەڕوخێنێت. ئەوەش لە کاتێکدایە شاندى هەرێمى کوردستان کۆتایى هەفتەى ڕابردوو چووە بەغداد، بەڵام وادیارە ئاڕاستەى دانوستانەکان بەرەو لێکترازان دەڕوات.
فەرهاد ئەترووشى جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕەشنووسى پرۆژەیاساى بودجەى 2027ـى بینیوە و زانیارییەکانى ناوى تایبەت بە کەناڵ8 دا و بە "بۆمب و کارەسات" بۆ هەرێمى کوردستان ناویبرد.
ئەترووشى جەختدەکاتەوە بەغداد ئەوەى بەشەڕ پێى نەکراوە دەیەوێت لەڕووى داراییەوە بەرامبەر هەرێمى کوردستان بیکات و دەسەڵاتەکانى بەتەواوى کەم بکاتەوە.
بەڵگەى بۆ قسەکانى هێنایەوە و گوتى "حکومەتى فیدراڵ بودجەى وەک بۆمبێک داناوە، تەنانەت تاوەکو ئێستا ڕەشنووسەکە نەدراوەتە وەزیرە کوردەکان و ژمارەکانى ناو بودجە بۆ هەرێمى کوردستان شۆکهێنەرە".
شاندى هەرێمى کوردستان بەردەوام داواى هاوتاکردنى مووچەى کەسوکارى شەهیدان و زیندانیانى سیاسى و شەهیدانى شەڕى داعشى کردووە، فەرهاد ئەترووشى لەمبارەیەوە مەترسییەکى دیکەى خستەڕوو "لە بودجەدا تاوەکو ئێستا مووچەى پێشمەرگە، زیندانییانى سیاسى، کەسوکارى شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هاوتانەکراوە، هیچ بڕگەیەکیش نییە بودجە بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکانى هەرێمى کوردستان تەرخان بکرێت".
فەرهاد ئەترووشى، داواکارییەکى بەپەلە ئاڕاستەى یەکێتى و پارتى دەکات و دەڵێت دۆخەکە لە هەموو کات زیاتر پێویستى بە یەکهەڵوێستى ئەو دوو حیزبە گەورەیەى هەرێمى کوردستانە چونکە بودجە بەمشێوەیە تێپەڕێت "کارەساتە".
ڕیسەکە لە هەرێمى کوردستان دەبێتەوە بەخورى.. 12.70% لە جیاتى 14.14%ـە
وەزیرى دارایى بڕواى بە داتاکان نەبووە..هەولێر و بەغداد ڕێکدەکەون؟