ڕیسەکە لە هەرێمى کوردستان دەبێتەوە بەخورى.. 12.70% لە جیاتى 14.14%ـە
پووختەى هەواڵەکە
- خۆشحاڵییەکە لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات.
- داواکارى هەرێمى کوردستان بۆ 29 تریلیۆن دینار نەخراوەتە ناو ڕەشنووسى بودجە.
- ناکۆکییەکان لەسەر نەوت و داهاتە نانەوتییەکان چارەسەر نەکراون.
وادیارە ڕیسى هەوڵەکانى هەرێمى کوردستان دەبێتەوە بەخورى، لە بەغدادەوە دەست بەڕووى هەولێرەوە نرا و پشکى بودجە بەو جۆرە نابێت، کە حساباتى لەسەر هەڵچنراوە، دوایین پێشنیاز ئەوەیە پشکەکە بە 12.70% دیاریکراوە.
لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆ لیژنەى دارایی لەگەڵ فالح سارى، وەزیرى دارایی عێراق هەواڵێکى خۆش بە نوێنەرانى کورد نەدرا، لە کۆبوونەوەکەدا ماددە و بڕگەکانى پڕۆژەیاساى بودجە خرانەڕوو.
لێدوانى پەرلەمانتارانى کورد:
- دیلان غەفوور: پشکى هەرێمى کوردستان لە پرۆژە بودجەى 2027ـى عێراق بە 12.70% دیاریکراوە.
- ڕێبوار کەریم، پەرلەمانتارى هەڵوێست: داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان دیسان هاتووەتە بەر باس.
- ڕێبوار کەریم: داوا لە حکومەتى کاربەرێکەر دەکەم تاوەکو زووە لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى لەسەر سیستمى ئەسیکۆدا ڕێکبکەوێت.
"نادادپەروەرانەیە"
سیپان شێروانی، پەرلەمانتارى پارتى، لە دواى کۆبوونەوەکە قسەى بۆ ڕۆژنامەوانان کرد و دیاریکردنى پشکى 12.70% بە "ناعادیلانە" ناوبرد و گوتى "لە ئاستى ژمارەى دانیشتووان نییە، بەڵام شایەنى گۆڕانکارییە".
بەبۆچوونى سیپان شێروانی، بۆ ڕاستکردنەوەى هەموو "ناحەقییەکان" گەورەترین چەکى دەستى هەرێمى کوردستان "یەکڕیزییە، دەبێت پێکەوە داکۆکى لە مافەکان بکەین".
ناکۆکییەکان بە گوتەى ئەحمەد حاجى ڕەشید، پەرلەمانتارى کۆمەڵ:
- بابەتى نەوت و داهاتە ناوخۆییەکان کێشەیان لەسەرە.
- حکومەتى فیدراڵ گوتویەتى بەگوێرەى داتاکانى ئۆپیک هەرێمى کوردستان نزیکەى 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.
- حکومەتى فیدراڵى 400 هەزار بەرمیل نەوتى لە ڕەشنووسى بودجە جێگیرکردووە.
بەرەو ڕێککەوتنى سیاسى
بە گوتەى ئەحمەد حاجى ڕەشید، ناکۆکییەکى دیکە ئەوەیە هەرێمى کوردستان دەیەوێت داهاتى باج و گومرک بکاتە داهاتى ناوخۆ، بەغدادیش دەیەوێت وەک داهاتى فیدراڵى مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
گوتیشى "29 تریلیۆن دینار کە داواکارى هەرێمى کوردستانە نەخراوەتەوە ناو ڕەشنووسەکەوە". بۆچوونى وایە دۆخەکە بەرەو قۆناغى ڕێککەوتنى سیاسى دەڕوات هاوشێوەى ساڵانى پێشوو.
ئەمە لەکاتێکدایە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانى عێراق، بە شێوەیەکى فەرمى داوای 14.14%ـى کۆى بودجە و 29 تریلیۆن دینار دەکات.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
هەرێمی کوردستان داوای گۆڕینی پشکی خۆی لە بودجەی 2027 دەکات
لابردنی "ستەمە گەورەکە"؛ هێڵە سوورەکانی هەولێر و بەغداد لەسەر بودجەی ساڵی نوێ
3 کاتژمێر پێش ئێستا