
پەیامنێرى کەناڵ8 لە بەغداد ڕایگەیاند، شاندەکە بە سەرۆکایەتیى ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران سەردانى بەغداد دەکەن و لەگەڵ وەزیرى دارایی عێراق کۆدەبنەوە.
هەرێمى کوردستان داوایکردووە لە بودجەى سیادیى عێراق پشکى هەبێت، بەڵام بەغداد بودجەى سیادى لە بودجەى گشتیی دەردەکات، پاشان پشکى هەرێمى کوردستان دیاریدەکات، ئەوەش کاریگەریى ڕاستەوخۆى لەسەر کەمکردنەوەى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان دەبێت.
ئاڵنگارییەکى دیکە کە ڕووبەڕووى بەشەبودجەى هەرێمى کوردستان بووەتەوە، خەرجیی ڕاستەقینە (ئینفاق فعلی)یە کە بووەتە هۆکارێکى دیکە بۆ کەمکردنەوەى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان.
لە دۆسییەى نەوتى هەرێمى کوردستان ڕێککەوتنى سێ قۆڵیى وەزارەتى نەوتى عێراق و سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان هەیە، ئەو ڕێککەوتنە پێویستى بە هەموارکردنەوەیە تاوەکو گلدانەوەى نەوتى خاو بۆ هەرێمى کوردستان لە 50 هەزار بەرمیل ڕۆژانە زیاد بکرێت و شایستەى دارایی کۆمپانیاکانیى نەوتیش جێگیر بکرێت.
پڕۆژە بودجەى گشتیی عێراق لە ئێستادا لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقە و بڕیارە تاوەکو ناوەڕاستى ئەم مانگە ڕەوانەى ئەنجوومەنى وەزیران بکرێت.
پڕۆژە بودجەى گشتیی 2027ـى عێراق گوژمەکەى بە 200 تاوەکو 240 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە و هەرێمى کوردستان داواى نزیکەى 29 تریلیۆن دینارى کردووە بۆ مووچە و پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران و داواى دامەزراندن و بە هەمیشەییکردنى مامۆستایان و فەرمانبەرانى گرێبەستیشی کردووە.
وەزارەتی پلاندانان و شاندی هەرێمی کوردستان بودجەیان تاوتوێکرد
شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدادە؛ دۆسییەی زیندانیانی سیاسی دەخرێتە ناو بودجەی 2027
