ڕاپۆرتێک لە هەولێرەوە بۆ بەغداد: مووچەی هەشت ساڵت نەناردووە

پووختەى هەواڵ

  • حکومەتی کاربەڕێکەر، ڕاپۆرتێکی لەبارەی پێشێلکارییە دەستوورییەکانی حکومەتی فیدراڵ بڵاو کردەوە.

  • حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان تۆمەتبار دەکات کە وەک مەرجەعێکی یاسایی مامەڵەیان لەگەڵ دەستووردا نەکردووە.

  • لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە بەغداد بەگوێرەی بەرژەوەندییە سیاسییەکان مامەڵەی کردووە و بەرەو ناوەندگەرایی گەڕاوەتەوە.


فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی کاربەڕێکەر لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە بیست ساڵ بەسەر پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەییی عێراقی ساڵی 2005، بەڵگە یاسایی و دارایی و سیاسییەکان دەری دەخەن کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ دەستووردا نەکردووە وەک مەرجەعێکی یاساییی باڵا و پابەندکەر، بەڵکو وەک بەڵگەنامەیەک بۆ هەڵبژاردنی بەشێکی، دواخستن، پەکخستن یان لێکدانەوە بەگوێرەی بەرژەوەندییە سیاسییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە.


ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە:

  • ئەم ڕێبازە لە کرداردا دەوڵەتی عێراقی بەرەو ناوەندگەرایی گێڕاوەتەوە و بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینەی هەڵوەشاندووەتەوە.

  • گوشارێکی بەرنامەبۆداڕێژراو خراوەتە سەر مافە دەستوورییەکان و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان.

دیارترین پێشێلکارییەکان

بەگوێرەی ئامارەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە ساڵی 2005ـەوە تاوەکو کۆتاییی ساڵی 2025، ئەم پێشێلکارییە دەستوورییانە تۆمار کراون:

  • پێکنەهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی، کە 15 ساڵ بەسەر وادەی پێکهێنانیدا تێپەڕیوە.

  • نوێنەرایەتیی کورد لە دەزگا فیدراڵییەکان و بەتایبەت لە دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان کەمترە لە 1%.

  • پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان، لە باشترین دۆخدا 5%ـی تێنەپەڕاندووە، لەکاتێکدا لە ڕابردوودا پشکی هەرێمی کوردستان 17% بووە.

  • حکومەتی فیدراڵی لەنێوان ساڵانی 2014 – 2025 مووچەی هەشت ساڵی بە تەواوەتی نەناردووە.

حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، نزیکەی 20 ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە کە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 لە دەستووردا دیاری کراوە، هەروەها 14 یاسای فیدراڵیی بنەڕەتی تاوەکو ئێستا بە تەواوەتی بە پەکخراوی ماونەتەوە و دەرنەچوێنراون، سەرەڕای دەقی دەستوور بۆ جێبەجێکردنیان.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

55 ماددەی دەستووریی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لەسەر کاغەز ماونەتەوە

Loading related news...