لابردنی "ستەمە گەورەکە"؛ هێڵە سوورەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجەی ساڵی نوێ
پووختەی هەواڵەکە
- دانوستانەکانى هەردوو حکومەتى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان بەردەوامە
- پشکى هەرێمى کوردستان لە بەردەم چەند ئاڵنگارییەکدایە
- هەرێمى کوردستان داواى پشکى 14.14% لە بودجەى عێراق دەکات
- هەرێمى کوردستان داوا دەکات بڕگەى خەرجیى ڕاستەقینە لە بودجەدا لاببرێت
- هەرێمى کوردستان داواى ڕێککەوتنێکى نوێ لەبارەى بەرهەمهێنانى نەوت دەکات
- هەرێمى کوردستان داواى پشک لە خەرجیى سەروەرى دەکات
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى دەست کەناڵ8 کەوتووە، یەکەم داواکاریى هەرێمى کوردستان بریتییە لە؛ زیادکردنى پشکەکە و ناردنى بەشە بودجە، بەجۆرێک لەسەر بنەماى دوایین سەرژمێرى داوا دەکات پشکى لە بودجەدا لە 12.67% زیاد بکرێت بۆ 14.14%، پشکەکەشى لە بودجەى گشتیی پلان بۆ داڕێژراو بۆ بنێردرێت نەک لەو خەرجییانەى مانگانە دەکرێت و پێى دەگوترێت خەرجیى ڕاستەقینە
ئاڵنگارییە گەورەکە خەرجى ڕاستەقینە
هەرێمى کوردستان هەوڵدەدات، ئەو بڕگەى (خەرجى ڕاستەقینە)یە لە بودجەدا لاببات کە لە ساڵى 2015ـەوە بەردەوام لە بودجەدا جێگیرکراوە و دەڵێت، پشکى هەرێمى کوردستان لە خەرجى ڕاستەقینە بدرێت نەک لە بودجەى گشتی، هەرێمى کوردستان ئەو بڕگەیە بە ستەمێکى گەورە دەزانێت، بۆ بودجەى 2027 ڕژدە لەسەر ئەوەى پشکى لە بودجەى گشتیی بێت نەک لە خەرجى کردارى.
هەروەها هەرێمى کوردستان لە بودجەى سەروەرى (سیادی) کە بریتییە لە خەرجییەکانى (ئاسایش و بەرگرى، سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتى دەرەوە و نوێنەرایەتییەکان لە دەرەوە، قەرزە دەرەکییەکان، دادگاى باڵاى فیدراڵى) داواى پشکى 14.14% دەکات، بەڵام بەغداد ئامادەنییە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى سیادى بدات، بە پاساوى ئەوەى کورد لە سێ سەرۆکایەتییەکە و دەسەڵاتى دادوەریدا هەیە.
کێشەکانی بەردەم مووچە
لە خاڵێکى دیکەشدا، هەرێمى کوردستان داوا دەکات مووچەى مانگانە بخرێتە چوارچێوەى بودجەى حاکیمە (بودجەى حاکیمە بریتییە لە خەرجییەکانى کڕینى دەرمان، پارەى گەنمى جووتیاران، کڕینى کارەبا و سووتەمەنى بۆ وێستگەکانى کارەبا، پارە بۆ سەرژمێرى و هەڵبژاردنەکان) بۆ ئەوەى ئەگەر کێشەیەک لە نێوان هەردوولا ڕوویدا، گرفت بۆ ناردنى مووچە دروستنەکرێت.
دۆسییەی نەوت
خاڵێکى دیکەى ناکۆک لە نێوان هەردوو حکومەت، دۆسیەى نەوتى هەرێمى کوردستانە، تاوەکو ئێستا هەردوولا پابەندن بەو ڕێککەوتنە سێقۆڵییەى لە نێوان هەردوو حکومەت و کۆمپانیاکانى نەوت کراوە، بەگوێرەى ئەو ڕێککەوتنە هەرێمى کوردستان تەواوى نەوتەکەى دواى گلدانەوەى 50 هەزار بەرمیل نەوت، ڕادەستى سۆمۆ دەکات، بەڵام لە گفتوگۆکانى ئەمجارەدا هەرێمى کوردستان داواى ڕێککەوتنێکى نوێ دەکات، بەجۆرێک کە بڕى دیاریکراو بۆ پێداویستیی ناوخۆیی لە 50 هەزارەوە زیاد بکرێت، لانى کەم بۆ 90 هەزار بەرمیل.
لە بەرامبەردا بەغداد داوا دەکات بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان بکرێتە 400 هەزار بەرمیل، بەڵام بەرپرسانى هەرێمى کوردستان گوتوویانە دەتوانن بیگەیەننە 300 هەزار بەرمیل، جگەلەوەش بەغداد نیازى وایە ئەگەر هەرێمى کوردستان مانگانە بڕى دیاریکراوى نەوتى ڕادەست نەکرد، بەگوێرەى هەمان ئەو بڕەى کەمبووەتەوە لە بودجەى هەرێمى کوردستانیش کەمبکاتەوە.
هەروەها عێراق دەیەوێت شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى دەرهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان بخاتە سەر بودجەى وەبەرهێنانى هەرێمى کوردستان.
کێشەکانی ڕاژە و فەرمانبەران
بابەتى دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە و بەهەمیشەییکردنى گرێبەستەکانیش پرسێکى دیکەى گفتوگۆکانى هەردوو حکومەتە.
حکومەتى هەرێمى کوردستان داوا دەکات بەگوێرەى ژمارەى دانیشتووان پشکى هەبێت لە دامەزراندن و بەهەمیشەییکردنى گرێبەستەکان، لەم ڕووەوە بەڵێندراوە، ئەگەر تەرخانکراوى دارایی بۆ دامەزراندن هەبوو هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە.
بەڵام بۆ پلەبەرزکردنەوە ناکۆکی هەیە، بەغداد پێى وایە؛ ڕاگرتنى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران حکومەتى هەرێمى کوردستان خۆى لێى بەرپرسیارە، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێندراوە ئەگەر تەرخانکراوى دارایی هەبوو، پلەبەرزکردنەوە دەستپێدەکاتەوە، بە ئەگەرێکى زۆریشەوە ئەگەر پلە بەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە، یەک پلە دەبەسترێت.
هەروەها لە بودجەى بەکاربردنى حکومەت کە بریتییە لە؛ خەرجى کاروبارى ڕۆژانەى وەزارەتەکان، کە پێشتر ڕێککەوتن هەبوو بەغداد مانگانە 160 ملیار دینار بنێرێت بۆ خەرجییەکان، بەڵام نەینارد، ئەمجارەش داواى هەمان پارە کراوەتەوە.
بە کۆى گشتى هەرێمى کوردستان داواى 29 تریلیۆن دینارى وەک پشکى خۆى لە بودجەدا کردووە، 23.5 بۆ مووچە، دوو تریلیۆن دینار بۆ خانەنشینان و پێنج تریلیۆن دینلریش بۆ وەبەرهێنان.
ڕێککەوتنی سیاسیی باڵا چارەسەرە
بەرپرسانى هەرێمى کوردستان دەڵێن، پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى 2027ـى عێراق لە بەردەم چەندین ئاڵنگاریدایە، بەتەنیا سەردانى لیژنە تەکنیکییەکان، بەس نییە بۆ مسۆگەرکردنى ماف و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان، پێویستە سەرۆکوەزیران و جێگرەکەى بچنە بەغداد و چەند ڕۆژێک لە بەغداد بمێننەوە، تاوەکو ڕێککەوتن لەسەر پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان دەکەن.
هەروەها پشکى هەرێمى کوردستان پێویستى بە ڕێککەوتنى سیاسییە لە نێوان هەرێمى کوردستان و بەغداد، دواتریش پێویستە دواى گەیشتنیشى بە ئەنجوومەنى نوێنەران، یەکهەڵوێستى فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ داکۆکى لەو بڕگە و ماددانەى پەیوەستن بە هەرێمى کوردستان، فاکتەرى سەرەکى دەبێت لە دەستەبەرکردنى ماف و شایستەکانى لە بودجەى 2027ـى عێراق.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
هەرێمی کوردستان داوای گۆڕینی پشکی خۆی لە بودجەی 2027 دەکات
بەغداد داوای ناردنی شاند دەکات؛ هەرێم هەوڵی زیادکردنی پشکی خۆی لە بودجەی 2027 دەدات
36 خولەک پێش ئێستا