نهێنى و زانیاریى نەبیستراو لە بارەى چارەنووسى ئۆجەلان و پرۆسەکەوە
شرۆڤەکارێکی دیاری سیاسی دەڵێت، لە چەند مانگی داهاتوو عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ماڵێک و پاش ئەوەش رێگەی پێدەدرێت چالاکیی سیاسیی بکات.
عەبدولڕەحیم سەماوی، شرۆڤەکاری سیاسیی دیاری کورد و سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوێژکاریی و ستراتیجی "تەمەل"، زانیارییەکانى لەبارەى رووداوەکانەوە حسابى تایبەتیان بۆ دەکرێت، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ8، رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا 11 کەس لای عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەن لە زیندانی ئیمراڵی و بڕیارە ژمارەکەش بۆ 25 کەس زیادبکرێت."
سەماوی دەربارەی ئەرکی ئەو کەسانە گوتی، "ئەرکی ئەو کەسانە بریتییە لە سکرتێری ئۆجەلان و هاوکاریکردنی لە بەڕێوەبردنی پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە و ئەو پرۆسەیەی چەند مانگێکە بەڕێوەدەچێت".
سەماوی: رەنگە رێگە بدرێت چەند کەسێک لە قەندیل و سووریاوە بچنە لای ئۆجەلان
ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە لە داهاتوودا حکومەتی تورکیا رێگەبدات بەشێک لە کەسانی مەدەنیش بچنە لای ئۆجەلان و رەنگە کەسێک لە سووریا، کەسێک لە قەندیل، کەسێک لە باکووری کوردستان و کەسێکیش لە ئەوروپاوە بچنە لای ئۆجەلان.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی 10 ساڵە هەریەک لە حامیلی یڵدرم، عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش لە زيندانى ئيمراڵى دەمێننەوە و ناوبەناو ئۆجەلان دەبینن و لە ماوەی پرۆسەی 2013-2015ش، دوو زیندانیکراوی دیکە برابوونە لای ئۆجەلان، بەڵام دواتر گواسترانەوە بۆ زیندانەکانی دیکەی تورکیا.
سەماوی، دەستپێیکردنی ئەو پرۆسەیەی بە فەرمی لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە راگەیەندراوە، دەبەستێتەوە بە ترسەکانی تورکیا لەڕووی سیاسی، ئەمنی و دانیشتووانەوە و دەڵێت، تورکیا بۆچوونی وایە ئەگەر سنووری سیاسیی خۆی فراوان نەکات، دابەشدەبێت، هەر بەهۆی ئەو ترسەوە دەیەوێت سنووری سیاسیی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوان بکات. ئەو پرۆسەیەش دەستیپێکردووە، لەو چوارچێوەیەدایە. بەتایبەت کە رۆژ بەڕۆژ لە خاکی ئانادۆڵ، ژمارەی کورد زیاتر دەبێت و ژمارەی تورک کەمتر دەبێتەوە.
سەماوی: ئەو پرۆسەیەی هەیە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیایە نەک پارتێک
ئاماژە بەوەشدەکات، پرۆسەکە هی یەک پارت نییە و سیاسەتی دەوڵەتی تورکیایە و دەڵێت، "ئەو پرۆسەیە سیاسەت و ئامانجی دەوڵەتە نەک پارتێکی سیاسیی دیاریکراو."
سەماوی باس لەوەدەکات، پرۆسەکە پێش هەنگاوەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکردووە کە سەرەتای تشرینی یەکەمی 2024، داوای لە ئۆجەلان کرد بچێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیەنێت.
لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئامادەکارییەکانی ئەم پرۆسەیە لە 28ـی حوزەیرانی ساڵی 2023 دەستیپێکرد، ئەوەش پاش پێکهێنانی کابینەی حکومەتی تورکیا. ئەوەش پاش ئەوەی تورکیا بۆی دەرکەوت بەهۆی گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانەوە، کەوتووەتە بەردەم ئاستەنگ، بۆ رەواندنەوەی ئەو ئاستەنگەش دەستی بەو پرۆسەیە کرد و بۆچوونی وابوو بەبێ هاوپەیمانیی کورد و تورک وڵاتەکەیان بچووک دەبێتەوە. بەو جۆرەش باسی لە سەد ساڵەی نوێی تورکیا کرد و هەوڵدەدات لە کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکببێتەوە و هاوپەیمانیی گەورەی کورد و تورک دروستبکات.
سەماوی گوتیشی، "تورکیا بۆچوونی وابوو گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئەو هاوپەیمانییەتییە بوونی پەکەکەیە، هەربۆیە دەبوو کۆتایی بە پەکەکە بێت و دەست بە دروستکردنی ئەو هاوپەیمانیتییە بکرێت. پاش هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکەش، هاوپەیمانیی کورد و تورک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات".
سەماوی: ئۆجەلان ساڵی رابردوو لەگەڵ قەندیلدا لە پەیوەندیدا بووە
سەماوی باسی لەوەشکرد، پێش هەنگاوەکانی باخچەلی، ئۆجەلان لەگەڵ قەندیل، ئەوروپا و سووریا لە پەیوەندیدا بووە و گوتی، "ساڵی رابردوو لە مانگەکانی حوزەیران، تەمموز و ئاب چەند جارێک ئاماژەم بە دەستپێکردنی پرۆسەکە کردبوو. گوتم، دەوڵەت رێگەیداوە ئۆجەلان قسە لەگەڵ دەرەوە بکات و ئۆجەلان نامە و ڤیدیۆی لەگەڵ ئەو کەسانە هەبووە لە قەندیل، ئەوروپا و سووریا و هاتوچۆ هەبووە. ئەو کاتە تەنانەت هەڕەشەم لێکرا. ئەوە بوو دەوڵەت باخچەلی بە ئاشکرا باسی پرۆسەکەی کرد".
سەماوی: ئۆجەلان لە رێگەی ڤیدیۆ و کامێراوە بەشداری لە کۆنگرەکەدا کردووە
لە ماوەی رابردوودا باس لەوە کرا ئۆجەلان بەشداری لە کۆنگرەی 12ـی پەکەکەدا کردووە. لەو بارەیەوە سەماوی گوتی، "ئۆجەلان لە رێگەی ڤیدیۆ و کامێراوە بەشداری لە کۆنگرەکەدا کردووە".
سەماوی، باسی لە داهاتووی ئۆجەلان کرد و گوتی، "لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا رێگەی سیاسیی بۆ ئۆجەلان دەکرێتەوە. لە ماوەی چەند مانگی داهاتووشدا دەگوازرێتەوە بۆ ماڵێک "مانەوەی ناچاریی لە ماڵێکدا" و دەتوانێت لەگەڵ خەڵکدا گفتوگۆ بکات و تەنیا ناتوانێت لە ماڵەکە دووربکەوێتەوە.
بۆچوونى وایە تاوەکو ساڵی 2028 رێگە بە ئۆجەلان بدرێت، چالاکی سیاسیی بکات.
لەبارەی ئازادبوونی یەکجارەکی ئۆجەلانیش سەماوی گوتی، "ئۆجەلان خۆی نایەوێت ئازاد ببێت و بچێتە دەرەوەی زیندان، چونکە پرسیارەکە ئەوەیە بچێتە کوێ؟ بچێتە قەندیل؟ لەکوێ ژیانی پارێزراو دەبێت. هەر بۆیە خۆی قبوڵی ناکات. ئەو دەیەوێت لە ماڵێکدا دەستبەسەر بێت و لەوێوە سەرپەرشتیی دانوستانەکان و پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان بکات.
سەماوی: ئەندامانی پەکەکە ناچنە ئەوروپا و دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا
چەند مانگێکە گفتوگۆی چڕ لەبارەی چارەنووسی بەرپرس و ئەندامانی پەکەکە دەکرێت. لەو بارەیەوە سەماوی باسی لەوەکرد، قۆناغ بە قۆناغ و لە ماوەی هەشت مانگ بۆ ساڵێک لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە و پاشان بە قۆناغی جیاواز دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا.
سەماوی، بە دووری دەزانێت بەرپرس و ئەندامانی پەکەکە بچنە ئەوروپا و گوتی، "ئەندامانی پەکەکە ناچنە ئەوروپا، دەوڵەتی تورکیا نایەوێت هیج کەسێکیان بچێتە ئەوروپا و دووربکەونەوە".
پاش بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە 27ـی شوبات، کە داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان بکات، بەرپرسانی ئاکپارتی و مەهەپە گوتیان، بانگەوازەکە بۆ هەسەدەشە، بەڵام هەسەدە و پارتی دەم رایانگەیاند، بانگەوازەکە هەسەدە ناگرێتەوە.
لەو بارەیەوە سەماوی دەڵێت، "بۆچوونی ئۆجەلان ئەوەیە کە هەسەدە لەگەڵ حکومەتی سووریا رێکبکەوێت و بچێتە ناو سوپای نوێی سووریا. لە بەرامبەردا جێگرێکی سەرۆککۆماری سووریا کورد بێت. بۆ ئەو پۆستەش باس لە مەزڵوم عەبدی دەکرێت.
هاوکات سێ بۆ چوار لە وەزیرەکان کورد بن. زمانی کوردی ببێتە زمانی خوێندن لە خوێندنگەکان، زمانی کوردی لە دەستووری نوێی سووریا جێگیر بکرێت، ناسنامەی هاوڵاتیبوون بە کورد بدرێت و پارێزگارەکانی رۆژئاوای کوردستانیش کورد بن.
سەماوی: پەیوەندی لەنێوان هەواڵگریی تورکیا و مەزڵوم عەبدی و ئۆجەلاندا هەیە
گوتیشی، ئێستا دانوستان و پەیوەندی لەنێوان هەواڵگریی تورکیا و مەزڵوم عەبدی لە لایەک و مەزڵوم عەبدی و ئۆجەلاندا هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەرێکی بەهێزە لە ئەنقەرە پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی بکرێت.
ئێستا گفتوگۆیەکی چڕ لەبارەی ئازادبوونی زیندانیکراوە سیاسیی و نەخۆشەکان دەکرێت. لەو بارەیەوە سەماوی ئاماژە بەوەکرد، رەنگە لەم یەک دوو هەفتەیەدا ژمارەیەکی زۆر زیندانیکراو ئازادببن. پاش ئەوەش دۆخی ئۆجەلان بگۆڕێت و بگوازرێتەوە بۆ ماڵێک. تەنانەت دەشکرێت هێندە ئازاد بێت لە ماڵەکەوە بەشداری لە بەرنامەکانی کەناڵ8 دا بکات.
28/05/2025