بەنزیکەی هەزار فیلم پێشکەشی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی کراون

ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکی خولی پێنجەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی چڕبوونەتەوە و وادەی دەستپێکی فێستیڤاڵەکە ئاشکرا کرا.

دەستەی رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، سەرقاڵی هەڵبژاردنی ئەو بەرهەمانەن کە پێشکەش کراون بەمەبەستی بەشدارییکردن لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنی باشترینەکان، کە بە تێکڕای گشتی، لە 19 خەڵات پێکهاتوون.

بە گوتەی فوئاد جەلال، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی، "تاوەکو ئێستا و بە کۆی گشتی، بەنزیکەی هەزار و 300 فیلم پێشکەشکراون بۆ تێکڕای پۆلە سینەماییەکان، لەوانە: فیلمی درێژی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، کورتەفیلمی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، بەڵگەفیلمی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هاوتای پۆلی خەڵاتی گەنجان و لاوان، کە کۆی بەرهەمەکان تایبەتن بە باشووری کوردستان و تەمەنی بەرهەمهێنەرەکانیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵدایە".

فوئاد جەلال بە کەناڵ8ـی گوت، "لیژنەی یەکەمی فێستیڤاڵەکە، بەگوێرەی مەرج و یاساکان، بینەری بەرهەمەکان بوون و ئەوانەیان دیارییکردووە کە شیاون بۆ گەیشتن بە قۆناغی داهاتووی پاڵاوتن"، ئاماژەی بەوەش دا؛ هەڵبژاردنی تێکڕای بەرهەمەکان ماوەی یەک مانگ دەخایەنێت، لە مەرجەکانیش: شیاویی بۆ نمایشکردن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی، ساڵی بەرهەمهاتنیان لەنێوان 2024 و 2025 بێت، تاوەکو ئێستا نمایش نەکرابن، ماوەی کورتەفیلمەکان لە 25 خولەک زیاتر نەبن، بەڵگەفیلم لە 45 خولەک زیاتر نەبێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرزنەکرابێتنەوە و خاوەنی ژێرنووسی ئینگلیزی بن.

بەشێک لەو فیلمانەی پێشکەشکراون، ژمارەیەکیان وەکو بەربژێر بۆ بردنەوەی خەڵات بەشداریی دەکەن و ژمارەیەکیشیان تەنها بەرهەمی نمایشن لەماوەی حەوت رۆژی بەڕێوەچوونی چالاکیی و رۆژەکانی فێستیڤاڵەکە لە شاری سلێمانی نمایشدەکرێن.

بڕیارە فێستیڤاڵەکە رێکەوتی یەک بۆ حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی 2025 بەرێوەبچێت.

وەکو پێشووتریش فوئاد جەلال لە کەناڵ8ـەوە ئاماژەی پێ دابوو؛ وەکو چۆن لە ساڵانی رابردوودا، فێستیڤاڵەکە بە بەشداریی میوان و هونەرمەندە ناوخۆیی و بیانییەکان چالاکییەکانی بەڕێوەچووە، بە هەمان ئامانج، ئامادەکارییەکان ئەنجامدەدرێن و فێستیڤاڵەکە دەستپێدەکاتەوە.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی، ساڵی 2016 دەستیپێکردووە، لە یەکەم خولیدا ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو، پاشان لە خولەکانی داهاتوودا و تاوەکو خولی چوارەم، فێستیڤاڵەکە، بە بەشداریی هونەرمەندە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ماوەی بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی بۆ حەوت رۆژ درێژکردەوە.