تیمێکى پزیشکیی بەغداد بۆ وەرگرتنی نمونەى خوێنی کەسوکاری بێسەروشوێنبووان لە سلێمانییە
تیمێکى پزیشكی لە بەغدادەوە سەردانى سلێمانى کردووە و لە پزیشكی داد ، نمونەى خوێنی كەسوكاری ژمارەیەك هاونیشتمانی وەردەگرن كە لە ساڵی 1979ـوە تاوەکو 1987لەلایەن رژێمی بەعسەوە بێسەروشوێنكراون لەبەرئەوەی كەسوكاریان پێشمەرگە بوون.
پەری نوری، راوێژكاری سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق بۆ كاروباری گۆڕە بەكۆمەڵەكان بەکەناڵ8ـی گوت؛ ئەو کەسانەی نمونەى خوێنیان لێوەردەگیرێت، بەدەرن لە پرۆسەی ئەنفال و کۆمەڵێکی جیان.
دەشڵێت، گۆڕی بەکۆمەڵی دیکەی کورد دۆزراونەتەوە و ئەم کۆمەڵەیەی ئەمڕۆش، سامپڵیان لێوەردەگیرێت پەیوەستە بەو گۆڕە بە کۆمەڵەوە.
پەری نوری گوتیشی؛ دوو ساڵ و نیوە زانیاری و نمونەى خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان وەرگیراوە و پرۆسەکە بەردەوامە، حەوت قۆناغی بڕیوە و داوایان لە بەغداد کردووە دەستبکەن بە ناسینەوەی رووفاتەکان و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی تەلشێخە و لەو پرۆسەیەشدا هەشت گۆڕی بە کۆمەڵی دیکە دۆزراونەتەوە.
پەری نوری راشیگەیاند، هۆکاری دواکەتنی گۆڕ هەڵدانەوە لەماوەی پێشوو، پەیوەستە بە نەبوونی شوێن و توانای تایبەتی هەڵگرتنی رووفاتەکان لە بەغداد و روونیشیکردەوە، ئەگەر داتا و زانیاری و نمونەى خوێنى کەسوکاری شەهیدان هەبووایە، ئێستا ناسینەوەی رووفاتەکان ئاسان دەبوو.
10/07/2025