17 وڵات و ناوەندی جیهانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە
لە مانگی ئابی 2014 چەکدارانی داعش پەلامارى ناوچەکانى شنگالیدا و دانیشتووانە ئێزدییەکەى رووبەڕووى کۆمەڵکوژى کردەوە.
نزیکەی 550 هەزار هاونیشتمانیی ئێزدی ئاوارەی چیای شنگال و رۆژئاوای کوردستان بوون، کە دواتر زۆربەیان گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە کەمپەکاندا نیشتەجێبوون.
ئەم رووداوە کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە و تاوەکو ئێستاش کاردانەوەکان بەردەوامە، بەگوێرەی داود خەتاری کە توێژەر و نووسەرە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 وڵات و ئەنجوومەنی جیهانی، کۆمەڵکوژیى ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە.
لە یەکەم هەنگاویشدا ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ دێت، کە هەر ئەو ساڵە، رووداوەکەی بە جینۆساید ناساند، بە دوای ئەویشدا پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا و حکومەتەکانی بەریتانیا، فەڕەنسا و کەنەدا و چەندین وڵاتی دیکەش دێن.
ئەو وڵاتانەى کۆمەڵکوژیى ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە:
- ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ (1-9-2014)
- پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا (27-3-2015)
- ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا (15-3- 2016)
- حکومەتی بەریتانیا (20-4-2016)
- حکومەتی فەڕەنسا (26-5-2016)
- حکومەتی کەنەدا (17-6-2016)
- حکومەتی سکۆتلەندا (23-3-2017)
- حکومەتی ئەرمینیا (17-1-2018)
- حکومەتی ئوسترالیا (26-1-2018)
- حکومەتی هەرێمی کوردستان (3-8-2019)
- حکومەتی پورتوگال (29-11-2019)
- حکومەتی عێراق (1-3-2021)
- حکومەتی بەلجیکا (15-7-2021)
- ئەنجوومەنی ئاسایشى نێودەوڵەتى (10-5-2021)
- لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی -سووریا (16-6- 2016)
- کۆمیتەی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی جیهانی (15-3-2016)
- حکومەتی ئەڵمانیا (19-1- 2023)
03/08/2025