بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر: داواى لێکۆڵینەوەیەکى نێودەوڵەتى لە جینۆسایدى ئێزدییەکان دەکەین
بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا لە ساڵیادى جینۆسایدى ئێزدییەکان، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و یاسایی خۆیان سەبارەت بەم تاوانە لە ئەستۆ بگرن، ئەوەش بە لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و کارکردن بۆ دادگایی تاوانباران و گەیاندنیان بە دادگا.
بەرێوەبەرایەتیى خۆسەر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، هێرشى 11 ساڵى لەمەوبەرى داعش بۆسەر شنگال، تەنیا هێرشى سەربازى نەبوو بەڵکو هێرشێک بوو بەئامانجى لەناوبردنى ناسنامە و بوون و کولتوورى کۆمەڵگەى ئێزدى.
بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر، داوای پشتیوانی لە بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەری شنگال دەکات وەک "بژاردەیەکی دیموکراسی" کە بە گوتەى ئەو "بەجۆرێک گوزارشت لە ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە بکات".
لە کۆتایى راگەیەندراوەکەدا، جەخت لەسەر پێویستیی بەڵگەنامەکردنى جینۆسایدى ئێزدییەکان کراوەتەوە و داواش لە هەموو پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کراوە یەکبگرن و هاوکاربن بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کۆمەڵکوژیانە.
03/08/2025