جینۆسایدى ئێزدییەکان بە ئامار و داتا

گۆڕستانێکی قوربانیانی جینۆسایدی هاونیشتمانیانی ئێزدی لە شنگال. فۆتۆ: AP
گۆڕستانێکی قوربانیانی جینۆسایدی هاونیشتمانیانی ئێزدی لە شنگال. فۆتۆ: AP

کاتژمێر سێی بەرەبەیانی رۆژی 3ـی ئابى 2014، داعش هێرشیکردە سەر گوندەکانی دەوروبەری شنگال، بەهۆی کشانەوەی هێزە چەکدارەکانەوە، خەڵکی گوندەکان بە چەکەکانی خۆیان دەستیان کرد بە پاراستنی شوێنەکانیان، لە بەیانیی رۆژی 3ـی ئاب، داعش بەتەواوی دەستی بەسەر شنگالدا گرت و هەرکەس بەرگریی بکردایە دەیکوشت.

تەنیا لە رۆژی 3ـى ئاب نزیکەی دوو هەزار کەس لە شنگال و دەوروبەری کوژران، لە نێوان 2 بۆ 5ـی ئابیش، نزیکەی 500 پیاوی ئێزدی کوژران، 70 ژن و منداڵیش لە برسا و لە تونیا لەکاتی راکردنیان لە داعش گیانیان لەدەستدا.

خەڵکی لە گوندەکانی دەوروبەر بەخێرایی لەگەڵ هاتنی داعش رایانکرد و خۆیان رزگارکرد، لە کاتی هێرشەکەدا نزیکەی 550 هەزار ئێزدی لە ناوچەکە ئاوارەبوون.

نزیکەی 50 هەزار هاونیشتمانیی شنگال پەنایان بردە بەر چیای شنگال، لەوێ لە لایەن داعشەوە گەمارۆدران و بە بێ ئاو و خۆراک مانەوە و تووشی برسیەتی و تینوویەتی بوونەوە.

لە 15ـى ئابى 2014، لە گوندی کۆچۆی نزیک شنگال داعش 80 پیاوى ئێزدییان کوشت.

بەگوێرەى راپۆرتەکانی تشرینی یەکەمی 2014ـی نەتەوە یەکگرتووەکان، داعش لە مانگی ئاب نزیکەی پێنج هەزار پیاوی ئێزدیی کوشتووە.

هەروەها مانگی کانوونی یەکەمی 2014ـش هەرێمی کوردستان ژمارەی ونبووان و کوژراوانی ژنان و پیاوان و منداڵانی ئێزدی بە چوار هەزار کەس خەمڵاند و لە ساڵی 2017دا بڵاوکراوەتەوە، دوو هەزار و 100 بۆ چوار هەزار و 400 حاڵەتی مردن و کوشتن و چوار هەزار و 200 بۆ 10 هەزار و 800 حاڵەتی رفاندن لە ناوچەکە روویداوە.

حسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لە هێرشی داعش بۆسەر شنگال و دەوروبەری لە سێ ئابی ساڵی 2014، زیاتر لە شەش هەزار ئێزدی رفێندران، ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 590 ئێزدی رزگارکراون، هێشتا دوو هەزار و 554 کەسیان ماون رزگاربکرێن.

بەگوێرەى دوایین ئامار، لە سنووری شنگال و دەشتی نەینەوا 119 گۆڕی بەکۆمەڵی نوێی قوربانییانی کوردانی ئێزدی دۆزراونه‌ته‌وه، لەو ژمارەیەش تاکو ئێستا 68 گۆڕی بەكۆمەڵ لە سەرتاسەری شارۆچکەى شنگال هەڵدراونەتەوە.