مەسرور بارزانى: بەردەوامین بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی رفێندراوانى ئێزدى

رێوڕەسمێکی بەخاکسپاردنی قوربانیانی جینۆسایدی ئێزدییەکانی شنگال. فۆتۆ: AP
رێوڕەسمێکی بەخاکسپاردنی قوربانیانی جینۆسایدی ئێزدییەکانی شنگال. فۆتۆ: AP

سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، حکومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانى بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی هەموو رفێندراوانی ئێزدى، جەختیشدەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال.

مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، لە پەیامێکدا بە بۆنەی 11 ساڵەى جینۆسایدی ئێزدییەکان، دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە هەوڵ و کارکردنی بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی ئێزدییە رفێندراوەکان و دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان".

 مەسرور بارزانى، جەختدەکاتەوە، پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئێزدییەکان قەرەبوو بکاتەوە و یارمەتی ئاوارەکان بدات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان لە رێگەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی هێز و گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا.

سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، ئاماژەی بەوەشداوە، رێککەوتننامەی شنگال بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە پاش ئازادکردنییەوە بەسەر شنگالدا سەپێنراوە نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەشی خەڵکی ئەو ناوچەیە بکرێت.

لە مانگى تشرینى دووەمى 2020 رێککەوتن لەنێوان هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان لە بارەى گەڕانەوەى ئاوارەکان و ئاساییکردنەوەى دۆخى شنگال واژۆکرا.