بافڵ جەلال تاڵەبانی: جینۆسایدی ئێزدییەکان لاپەڕەیەکی رەشی مێژووی مرۆڤایەتییە و هەرگیز لە یادمان ناچێت

کەناڵ8 03/08/2025
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، جینۆسایدی ئێزدییەکان لاپەڕەیەکی رەشی مێژووی مرۆڤایەتییە و هەرگیز لە یادمان ناچێت.

لەپەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی دا هاتووە، "لە ساڵڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە شنگال، بە دڵێکی پڕ لە خەم و پەژارەوە، هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆمان بۆ خوشک و برا ئێزدییەکانمان دووپات دەکەینەوە. ئەم تاوانە دڕندانەیە کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئەنجامدرا، لاپەڕەیەکی رەشی مێژووی مرۆڤایەتییە و هەرگیز لە یادمان ناچێت".

ئاماژە بەوەشکراوە، "هیوادارین ئێزدییەکان بە سەربەرزییەوە بگەڕێنەوە ماڵ و حاڵی خۆیان و بەو ئازیزانەیان شادببنەوە کە لە کاتی روودانی کارەساتەکەوە تاوەکو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە".

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا راشیگەیاندووە، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی داواکاریی ئێزدییەکان کە گرنگترینیان قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانییان و زیانلێکەوتووانە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە، هەروەها کارکردن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال".

کەناڵ8

03/08/2025