پارتی دەم داوا دەکات تورکیا جینۆسایدی ئێزدییەکان بە فەرمی بناسێنێت
پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم)، داوا لە تورکیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، هێرشی سەر ئێزدییەکان بە جینۆساید بناسێنن و هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووان بخەنەگەڕ.
پارتی دەم لە راگەیەندراوێکدا هێرشی سەر ئێزدییەکان لە 3ی ئابی 2014دا بە لەکەیەکی رەش لە مێژووی مرۆڤایەتییدا ناودەبات و دەڵێت، هەمان عەقڵییەت هێرشی بۆ سەر عەلەوی و دروزەکان لە سووریا درێژە پێدەدات.
پارتی دەم لە 11یەمین ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال ئاماژەی بەوەکردووە، سەرەڕای ئەوەی تاوانەکە لەلایەن ژمارەیەک دەوڵەت و رێکخراوەوە بە جینۆساید ناسێندراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئیرادەیەکی گشتگیری پابەندکار بۆ ناساندنی تاوانەکە دروستنەبووە.
ئاماژە بەوەشدەکات پێکهاتەی دیمۆگرافی لە شنگال هێشتا لەژێر هەڕەشەدایە و گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ سەر خاکەکەیان رێگری لێدەکرێت.
پارتی دەم باس لەوەشدەکات، درێژکراوە ئایدۆلۆجی و سەربازییەکانی داعش لە فۆڕمی جیاوازدا درێژەیان بە مانەوەیان داوە و دەڵێت: "هەمان عەقڵییەتی تاریک، هەڕەشە و هێرشەکان بۆ سەر عەلەوی و دروزەکان لە سووریا درێژە پێدەدات".
03/08/2025