نێچیرڤان بارزانی: پابەندین بە پێشکەشکردنی هەموو پشتگیرییەک بۆ ئێزدییەکان
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان رایگەیاند، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن تاوەکو جینۆسایدی ئێزیدییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیاتر بناسرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە (3ی ئابی 2025) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم کوردستان لە پەیامێکدا نووسیویەتی، لەپاش 11 ساڵ، مایەی داخ و نیگەرانییە کە هێشتا نزیکەی نیوەی ئێزیدییەکان لە دۆخێکی سەختی ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەروونیی لە کەمپەکاندا دەژین.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "ئەرکی حکومەتی عێراقە قەرەبووی ئێزیدییەکان بکاتەوە و چیدیکە رێگەنەدات شنگال و ناوچەی ئێزیدییەکان، ببنە گۆڕەپانی تەراتێنی میلیشیا و گروپە چەکدارەکان و یەکلایکردنەوەی ئەجێندا هەرێمییەکان".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبێت دڵنیایی و ئارامی و ئاسایش و خزمەتگوزاریش بۆ شنگال و ناوچەکانی تریش بگەڕێندرێتەوە و دادپەروەریش بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدییەکان بەدیبێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەختی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد کردەوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و بەپارێزگاکردنی، داواشیکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەموو روویەکەوە زیاتر بەهانای ئێزیدییەکانەوە بێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو وڵاتانەشی کردووە کە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساندووە و جەختدەکاتەوە، لە هەوڵەکانیان بەردەوادەبن تاوەکو زیاتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسرێت، هەروەها سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات بۆ تێکشکاندنی داعش.
03/08/2025