مەسعود بارزانى: ئێزیدییەكان بەهۆی كوردبوون و ئایینیانەوە جینۆساید كران

رێوڕەسمێکی بەخاکسپاردنی قوربانیانی جینۆسایدی ئێزییەکان لە شنگال. فۆتۆ: AP
رێوڕەسمێکی بەخاکسپاردنی قوربانیانی جینۆسایدی ئێزییەکان لە شنگال. فۆتۆ: AP

مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، ئێزیدییەكان بەهۆی كوردبوون و بیروباوەڕى ئایینیانەوە جینۆساید كران، دەشڵێت، "پێویستە عێراق قەرەبووی قوربانیانی كارەساتی شنگال بكاتەوە".

مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە پەیامێکدا بە بۆنەی 11 ساڵەى جینۆسایدی ئێزدییەکان، رایگەیاند، "ئەو تاوانەی داعش 11 ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی ئێزیدییەكان ئەنجامیدا، تاوانێك بوو هەموو سنوورەكانی نامەردی و دڕندەیی تێپەڕاند".

راشیگەیاند، "ئێزیدییەكان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران".

مەسعود بارزانى دەشڵێت، "گەلی كوردستان و پێشمەرگە ئەوەی لەدەستیان هات بۆ رزگاركردنی ئاوارەكان و ئازادكردنی شنگال و چیای شنگال ئەنجامیاندا، کە خوێنیان بەخشی و تۆڵەیان لە داعش كردەوە".

سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی قوربانییانی کارەساتی شنگال و هەموو ئەو جینۆسایدانە بكاتەوە، كە دەرهەق بە گەلی كوردستان ئەنجامدراون".