قوباد تاڵەبانى: ئێزدییەکان دەیان جار کەوتوونەتەبەر شاڵاوی رەشەکوژی و جینۆساید
قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، رایگەیاند، ئێزدییەکان دەیان جار کەوتوونەتەبەر شاڵاوی رەشەکوژی و جینۆساید.
قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی 11 یەمین ساڵیادى جینۆسایدی ئێزدییەکان، رایگەیاند، "لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی خوشک و برایانی ئێزدیماندا، یادی هەموو قوربانییانی ئەو تاوانە گەورە و لەبیرنەکراوە بەرز رادەگرین و سڵاو دەنێرین بۆ کەسوکاری سەربەرزیان".
راشیگەیاند، "لە مێژووی دوور و نزیکدا ئێزدییەکان دەیان جار کەوتوونەتەبەر شاڵاوی رەشەکوژی و جینۆسایدەوە، کە دوایینجار بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنیان درا".
قوباد تاڵەبانى، ئەوەى روونکردووەتەوە، "بۆئەوەی جارێکیدی ئێزدییەکان رووبەڕووی هیچ جۆرە ستەم و نادادییەکی دیکە نەبنەوە، ئەرکی ئەخلاقی و نیشتمانیی تەواوی پێکهاتەکانی گەلی کوردستانە لەمەودوا بە هەموو تواناوە پشتوپەنایان بین و داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانیان بین".
رۆژى 3ـى ئابى 2014، چەکدارانى داعش هێرشیانکردەسەر شنگال و دەوروبەری، کوڕ و پیاوانی کوردانی ئێزدییان کۆمەڵکوژ کرد و بە هەزاران کچ ژن و منداڵیشیان رفاند.
03/08/2025