نزیکەی 300 فۆڕمی سکاڵا لە دژی عەجاج پڕکراوەتەوە

دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق وێنەی عەجاج ئەحمەد حەردان جەللادەکەی نوگرە سەلمانی بڵاوکردەوە
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق وێنەی عەجاج ئەحمەد حەردان جەللادەکەی نوگرە سەلمانی بڵاوکردەوە

نزیکەی 300 سکاڵا لەناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، لە دژی عەجاج تکریتی ناسراو بە حەجاجی نوگرە سەلمان پڕکراوەتەوە.

رێبین عەبدوڵا، پارێزەری خۆبەخش لە دۆسیەی وەرگرتنی سکاڵا دژی عەجاج بە کەناڵ8ـی گوت، لە فۆڕمی سکاڵادا هەموو زانیارییەکان لەو کەسانە وەرگیراوە کە شایەتحاڵی ئەو تاوانانە بوون کە عەجاج ئەنجامی داون، ژمارەیەک پرسیار لە سکاڵاکاران کراوە لەوانە، عەجاج چی کردووە؟ بەچاوی خۆت چیت بینی؟ ئازاری خۆتی داوە یان شایەتحاڵی رووداوەکەی؟.

روونیشیکردووە ئەو زانیاری و بەڵگانەی پێشکەشکراون، لەلایەن تیمی پارێزەری تایبەتمەندەوە رێکدەخرێت و دادەڕێژرێتەوە، پاشان لەلایەنی پەیوەندیدار سکاڵاکان تۆمار دەکەن.

لە 04ـی ئابەوە پڕکردنەوەی فۆڕمی سکاڵا، لە دژی عەجاج تکریتی دەستپێکرد و شەممەی 9ـی ئاب دواین وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بوو.

هەریەکە لە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسورەکە لە سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شەهیدانی گەرمیان لە کەلار و مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ، بۆ وەرگرتنی وتەی سکاڵاکاران و شاهیدەکانی دۆسییەی عەجاج دیاریکرابوون.

رێبین عەبدوڵا ئاشکرایکرد، لە فۆڕمەکاندا باس لەوەکراوە، "عەجاج زیندانیی پارچە پارچە کردووە و دەرخواردی سەگی داوە، دەستدرێژی کردووەتەسەر کچ و ژن، ئەوەشهاتووە نان و ئاوی لە زیندانیان گرتووەتەوە لەکاتێکدا ئەوکات تەنیا سەمون و ئاو دراوەتە زیندانیان".

بە گوتەی ئەو پارێزەرە،"عەجاج دەیان تاوانی دیکەی ئەنجامداوە کە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی دادەنرێن".

عەجاج ئەحمەد حەردان، کە بە حەجاجی نوگرە سەلمان ناسراوە، پاش 22 ساڵ لە رووخانی دەسەڵات بەعس، رۆژی 31ـی تەمموزی رابردوو دەزگای هەواڵگریی عێراق، دەستگیرکردنی راگەیاند.