"عەجاج" ناوە مەترسیدارەکەى نوگرە سەلمان دانى بە هەموو شتێکدا نا
"برسیکردن وەک چەک لە دژى دەستگیرکراوان بەکاردەهێنرا"
عەجاج ئەحمەد حەردان، ناسراو بە عەجاجى نوگرەسەلمان، لە لێکۆڵینەوەکاندا دان بە تاوانەکانیدا دەنێت و دەڵێت، چەکى برسیکردنى بۆ کۆمەڵکوژى ئەنفالکراوانی کورد بەکارهێناوە و لەماوەى 10 مانگدا دوو لەسەر سێى دەستگیرکراوەکان گیانیان لەدەستداوە.
عەجاج، پاش 37 ساڵ لە خۆحەشاردانى، رۆژی 31ـی تەمموزی رابردوو لەلایەن دەزگای هەواڵگریی عێراق، دەستگیرکرا، لەو کاتەشەوە لەلایەن کەسوکارى ئەنفالکراوانەوە زیاتر لە 300 سکاڵا لە دژ تۆمارکراوە.
رۆژنامەى سەباحى عێراقى لە ژمارەى ئەمڕۆیدا، وتەى شایەتحاڵێک و دانپێدانانى عەجاجى بڵاوکردووەتەوە، شایەتحاڵێکى کورد بەناوى فەزیلە حسێن کە وەک یەکەم کەس سکاڵاى لە دژى عەجاج تۆمارکردووە، چیرۆکى هەزاران ئەنفالکراوانى لە زیندانی نوگرەسەلمان باسکردوە و ئاماژەى بەوەکردووە، "ئەوکاتەى برانە زیندانى نوگرەسەلمان منداڵ بووە و دایک و باوک و برا ساواکەى لە زیندانەکەدا گیانیان لەدەستداوە و هەر لە زیندانەکەدا بەخاکیان سپاردوون، باسى لەوەشکردووە، رۆژانە رووبەڕووى دەستدرێژى و سوکایەتی بوونەتەوە."
فەزیلە حسین ساڵى 1990 بە لێبووردنى گشتى ئازادکراوە بە رۆژنامەى سەباحى گوتووە، دادپەروەرى مافى هەموو قوربانییەکە و پێویستە رۆڵى رزگاربووان لە هیچ پرۆسەیەکى دادگاییکردندا پەراوێزنەخرێت، چونکە لەبیریان ناچێتەوە جەلادەکان چۆن سەرپەرشتیى دڕاندانەترین جۆرى ئەشکەنجەو برسیکردنیان کردووە و تا ئێستاش ژمارەیەکیان چارەنووسیان نادیارە و ژمارەیەکیشیان هەڵاتوون بۆ دەرەوەى وڵات.
رۆژنامەى سەباح، ئاشکرایکردووە، عەجاج لە دانپێدانانەکانیدا نکۆڵى نەکردووە لە تاوانەکانى، بەڵکو دانیبەوەداناوە سەرپەرشتى بە بەرنامەى برسیکردن و دەستدرێژیى رۆژانە بۆ سەر دەستگیرکراوان کردووە وەک ئامرازێک بۆ لەناوبردنى بە کۆمەڵیان.
هەروەها عەجاج ئاشکرایکردووە، ئەو کاتەى بەرپرسیارێتى زیندانیی نوگرەسەلمانى وەرگرتووە لە ساڵى 1989، 400 دەستگیرکراوى عەرەب لە زیندانەکەدا گواستراونەتەوە و سێ هەزار ئەنفالکراوى کورد لە هەولێر و سلێمانییەوە بۆ زیندانەکە هێندراون.
هەروەها عەجاج گوتوویەتی، برسیکردنى وەک چەکى جەنگ بەکارهێناوە کە وێرانکارییەکەى هیچ کەمتر نەبووە لە بۆردوومانى سەربازى. لەماوەى 10 مانگدا دوو لەسەرسێى دەستگیرکراوەکان گیانیان لەدەستداوە.
21/08/2025