پرۆژەیاسای مۆڵه‌تی فه‌رمانبه‌ران بە مووچەى بنەڕەتییەوە پەسەند كرا

مەعاز فەرحان4 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە:

  • پرۆژەیاساکە چەند مافێکى بۆ فەرمانبەران تێدایە.

  • مۆڵەت بە مووچە و بەبێ مووچە لەناو پرۆژەکەدایە.

  • دواى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى وەقائیعی عێراق جێبەجێ دەکرێت.


ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە پرۆژەیاسای (پێدانی مۆڵەتی درێژخایەنى بە فەرمانبەران) پەسەند کرد.


جاسم عەتییە، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەران بۆ کەناڵ8:

  • فەرمانبەر ناچار نییە تەنیا لەسەر مووچەکەى بژى.

  • هەیانە دوکان، یاخود کارگەى هەیە، هەشە دەیەوێت دەرفەتێکى دیکەى کارى دەستبکەوێت.

  • ئەمەش لە یاساکەدا ڕێکخراوە و بۆى نییە لەو کۆمپانیایانەى کەرتى تایبەت کاربکات کە لەگەڵ حکومەت کار دەکەن.

  • یاساکە 15 ماددەیە و وردەکارى لەوبارەوەیە تێدایە و بۆ خانەنشینى پارەى مانگانەى لێدەبڕێت.

  • بۆچوونم وایە یاساکە لەبەرژەوەندى فەرمانبەراندایە.

گرنگترین خاڵەکانی ئەم پرۆژەیاسایە:

  • مۆڵەت بە مووچەی بنەڕەتی: وەزیر، پارێزگار، یان سەرۆکی دامەزراوەکان دەسەڵاتیان دەبێت مۆڵەتێکی (5) پێنج ساڵی بدەنە فەرمانبەرانی هەمیشەیى.

  • فەرمانبەران نابێت خزمەتی لە دوو ساڵ کەمتر بێت.

  • لەم ماوەیەدا مووچەی بنەڕەتی وەردەگرێت.

  • فەرمانبەر دەتوانێت بۆ یەک جار مۆڵەتەکەی نوێ بکاتەوە، بەڵام بۆ جاری دووەم بە نیوەی مووچەی بنەڕەتی دەبێت.

  • پرۆژەکە ڕێگەش دەدات بە پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ ماوەی ساڵێک کە شایستەی نوێکردنەوە بێت بۆ چەند جارێک.

  • فەرمانبەرانی مۆڵەتپێدراو مافی کارکردنیان لە کەرتی تایبەتدا دەبێت، بەڵام کارکردن لەو کۆمپانیا و لایەنانەی کە بەرژەوەندی یان گرێبەستی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ فەرمانگەی ڕەسەنی فەرمانبەرەکەدا هەیە، قەدەغەیە.

  • ماوەی مۆڵەتەکە وەک خزمەتی خانەنشینی ئەژمار دەکرێت، بە مەرجێک فەرمانبەرەکە تەواوی لێبڕینی خانەنشینی (پشکی فەرمانبەر و پشکی دەوڵەت) بدات.

  • هیچ بڕوانامەیەکی خوێندن کە فەرمانبەر لە ماوەی مۆڵەتەکەیدا بەدەستی بهێنێت، بۆ مەبەستی سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوەی وەزیفی ئەژمار ناکرێت.

  • بۆ ڕێگریکردن لە زیادبوونی میلاکات، فەرمانگەکان بۆیان نییە لە شوێنی ئەو فەرمانبەرەی کە مۆڵەتی وەرگرتووە، کەسی نوێ بە هەمان بڕوانامە و پسپۆڕی دابمەزرێنن.

ئەم یاسایە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە واژۆ دەکرێت و پاشان لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

ئەمڕۆ ئەنجوومەنى نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای مۆڵەتى فەرمانبەر کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق 30 ڕۆژ وەرزى یاسادانانى درێژکردەوە

Loading related news...