
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دانیشتنەکانى دەستپێدەکاتەوە.
پڕۆژەیاسای پێدانى مۆڵەتى درێژخایەن بە فەرمانبەران دەنگى لەسەر دەدرێت.
هەر فەرمانبەرێک خزمەتى کرداری لە دوو ساڵ کەمتر نەبێت، دەتوانێت پێنج ساڵ مۆڵەت بکات و مووچە بنەڕەتییەکەشی وەربگرێت.
بەگوێرەى ناوەڕۆکى پڕۆژەیاساکە ، وەزیرى تایبەتمەند، یاخود سەرۆکى لایەنى گرێنەدراو بە وەزارەت، یاخود پارێزگار و هەر کەسێکى ڕاسپێردراو، دەتوانن مۆڵەتى پێنج ساڵ بدەن بە مەرجێک فەرمانبەر میلاکى هەمیشەیی بێت و خزمەتى کردارى لە دووساڵ کەمتر نەبێت.
مۆڵەتى درێژخایەن بۆ پێنج ساڵە و مووچەى بنەڕەتى بەتەواوى دەدرێتە فەرمانبەر لەکاتى مۆڵەتەکە.
فەرمانبەر دەتوانێت مۆڵەتەکە درێژ بکاتەوە بۆ پێنج ساڵى دیکە و پێنج ساڵى دووەم نیوەى مووچەى بنەڕەتى دەدرێتە فەرمانبەر.
هەر فەرمانبەرێک خزمەتى زیاتر لە ساڵێکى هەبێت، دەتوانێت مۆڵەتى بێ مووچە بۆ ماوەى شەش مانگ و زیاتر بکات.
مۆڵەتى وەرگیراو بەگوێرەى بڕگەکانى ئەم یاسایە بۆ خزمەتى خانەنشینى هەژمار دەکرێت، دواى لێبڕینى ڕێژەى خانەنشینى لە فەرمانبەرەکە.
هەر لە دانیشتنى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى نوێنەران، خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاساى هەموارى یەکەمى ڕکابەرى و ڕێگریی لە قۆرخکارى ژمارە 10ـى ساڵى2010 دەکرێت و ژمارەیەک پەرلەمانتارى جێگرەوەى ئەو بەرپرسانە سوێندى یاسایی دەخۆن کە لە دانیشتنى ڕابردوو پۆستى حکومییان وەرگرت.





