
دەستەى گشتیی گومرگى عێراق ڕایگەیاند، بۆ لەمەولا کار بە بڕیارى لێخۆشبوون لە باجى گومرگیى ئۆتۆمبێلە کارەبایى و هایبێردەکان ناکرێت.
چیتر ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە باجى گومرگى نابەخشرێن و دەبێت گومرگ بکرێن.
دەستەى گشتیى گومرگى عێراق ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، دەستەکە دەیەوێت بۆ ڕاى گشتى و بازرگاکانان و هاوردەکاران ڕوون بکاتەوە، ئەو خشتانەى بڵاوکراونەتەوە و ئاماژە بە بەخشینى ئۆتۆمبێلە کارەبایى و هایبێردەکان دەکەن لە باجى گومرگى، بۆ بڕیارێکى پێشووى ئەنجوومەنى وەزیران دەگەڕێتەوە و لە ئێستادا کار بەو بڕیارە ناکرێت.
وەرگرتنى باجى گومرگى و جێبەجێکردنى لێخۆشبوون بۆ ئۆتۆمبێلە کارەبایى و هایبێردەکان، بەتەنیا بە گوێرەى یاسا و بڕیار و ڕێنماییەکانى ئێستا بەڕێوە دەچێت.
بەگوێرەى بڕیارە تازەکەى دەستەى گشتیى گومرگى عێراق، لەمەودوا ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە هاوشێوەی ئۆتۆمبێلی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
بە ڕێژەی 15%ـى باجی گومرگییان دەخرێتە سەر.
سەبارەت بە هەرێمى کوردستانیش لە ڕۆژى 1ـى ئەیلوولى 2026ـەوە لێخۆشبوونى گومرگى لەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە هەڵگیرا و لەدواى ئەو ڕێکەوتەوە ئەم ئۆتۆمبێلانەش هاوشێوەى ئۆتۆمبێلە ئاساییەکان باجى گومرگییان لێ وەرگیراوە.




