
عێراق لە نۆ مانگ و 18 ڕۆژدا 533 ملیۆن بەرمیل نەوتى فرۆشتووە.
هەرێمى کوردستان نزیکەى 28 ملیۆن بەرمیل نەوتى ڕادەستى سۆمۆ کردووە.
سۆمۆ دەڵێت، داهاتى گشتیی نەوتى فرۆشراوى عێراق 37.3 ملیار دۆلار بووە.
داهاتى نەوتى فرۆشراوى هەرێمى کوردستانیش 2.5 ملیار دۆلار بووە .
سۆمۆ: 752 ملیۆن دۆلار دراوەتە کۆمپانیا نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان.
کۆمپانیای سۆمۆ، لە نووسراوێکدا بۆ لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماری هەناردە و فرۆشتنی نەوتی خاو و ئەو پارەیەی ئاشکرا کردووە، کە خراوەتە سەر هەژماری بانکی ناوەندیی عێراق.
نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانوونی دووەمەوە تاوەکو 18ـى تشرینی یەکەم، 53 ملیۆن و 459هەزار و 327 بەرمیل بووە، داهاتەکەشى37 ملیار و 388ملیۆن و 384 هەزار و 828 دۆلار بووە.
لەو بڕە پارەیە، 33 ملیار و 511 ملیۆن و 194 هەزار و 387 دۆلار خراوەتەسەر هەژماری بانکی ناوەندیی عێراق.
3 ملیار و 877 ملیۆن و 190 هەزار و 441 دۆلارى بۆ خەرجى کۆمپانیا نەوتییەکان ڕۆیشتووە.
تێکڕاى نرخى نەوت لەسەرەتاى ئەمساڵ تاوەکو 18ـى ئەم مانگە 73 دۆلار و 63 سەنت بووە.
سەبارەت بە نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان، کە لەڕێگەى هێڵى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهان هەناردە کراوە:
بە گشتى 27 ملیۆن و 931 هەزار و 313 بەرمیل ڕادەستى سۆمۆ کراوە و تێکڕاى ڕۆژانە 96 هەزار بەرمیل بووە.
بەشێوەیەک لەمانگى کانوونى دووەم، 202 هەزار و لە شوبات 209 هەزار بەرمیلى ڕۆژانە بووە.
بەڵام لە مانگەکانى ئازار و نیسان و ئایار و حوزەیران هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان زۆر کەمبووەتەوە.
لە مانگى ئازار 36 هەزار بەرمیل و لە نیسان 21 هەزار و لە ئایاردا تەنیا 16 هەزار و لە مانگى حوزەیرانیش 29 هەزار بەرمیل بووە.
مانگى تەمموز 103 هەزار بەرمیل و لە مانگى ئاب 99 هەزار و لە مانگى ئەیلوولیش 139 هەزار و لە 18 ڕۆژى مانگى تشرینى یەکەمیشدا، 132 هەزار بەرمیى هەناردەکردووە.
هەرێمى کوردستان لەو ماوەیەدا فرۆشتنى نەوتى خاوى کە 27 ملیۆن بەرمیل و 931 هەزار و 313 بەرمیل بووە، یەک بەرمیل نەوتى خاوى هەرێمى کوردستان بە 88 دۆلار فرۆشراوە، واتە داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستان لەو ماوەیەدا، دوو ملیار و 457 ملیۆن و 955 هەزار دۆلار بووە.
لە کۆى داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستان، بڕى 752 ملیۆن و 806 هەزار دۆلار دراوەتە کۆمپانیاکانى نەوت، کە خەرجیی یەک بەرمیل نەوت 16 دۆلار بووە، بەگوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، بە ژمارە (745) کە لە ساڵى 2025 دەرچووە و تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو بنەمایە خەرجیی کۆمپانیا نەوتییەکان دابین دەکرێت.
هاوکات، کۆمپانیای نەوتی باکوور، تێکڕای هەناردەى نەوتى لەو ماوەیەدا بۆ بەندەرى جەیهان، 26 ملیۆن و 978 هەزار و 863 بووە و تێکڕاى هەناردەى ڕۆژانەى 126 هەزار بەرمیل بووە.
جگە لەوەى لە مانگى ڕابردوودا، بە تانکەر نەوتى بەسرە گواستراوەتەوە بۆ خورمەڵە لەلایەن کۆمپانیاى کار و خراوەتە هێڵى بۆریی نەوتى هەرێمى کوردستان و هەناردە کراوە، کە بە گشتى نەوتى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاى نەوتى باکوور 54 ملیۆن و 910 هەزار و 176 هەزار بەرمیل بووە و بەو نەوتە خاوەى لە بەسرەوە بەتانکەر خراوەتە بۆریى نەوتى هەرێمى کوردستان، گەیشتووەتە 57 ملیۆن و 898 هەزار و 345 بەرمیل.



