
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، وڵاتەکەیان لە ئاگری جەنگ و دابڕان دوورخستووەتەوە.
زەیدی دەشڵێت، هەوڵدەدەن نرخی فەرمی دۆلار جێگیر بکەن و لە155 هەزار زیاتر نەبێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاند، چەکیان لە سێ گرووپ وەرگرتووەتەوە و لەگەڵ چواری دیکە لە گفتوگۆدان.
عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا جەختی لەسەر سەروەریی تەواو، بێلایەنی عێراق لە شەڕەکان و بەردەوامبوون لە پرۆسەی دژایەتیکردنی گەندەڵی کردەوە. هەروەها ئاماژەی بە چاکسازییە ئابوورییەکان و ڕێکخستنەوەی کەرتی نەوت و دەروازە سنوورییەکان دا.
بەدیهێنانی سەروەریی تەواو بڕیارێکەو داومانە نەک بژاردەیەک و هیچ جێگرەوەیەک نییە بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی هێزە ئەمنییەکاندا.
عێراق بەشداری لە هیچ شەڕێکدا ناکات و دەبێـتە خاڵی بەیەکگەیشتن لە نێوان وڵاتان و ڕێگەنادات لە خاکەکەیەوە دەستدرێژی بکرێتە سەر هیچ وڵاتێک.
ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێویستیان بە ڕۆڵی عێراق هەیە، ئێمە لەگەڵ هێورکردنەوەی دۆخەکەین و بەردەوامین لە کارکردن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
داخستنی سنوورەکان نە لە بەرژەوەندی عێراقدایە و نە ئێران، زۆرێک لە کاڵاکان لە ڕێگەی ئەم سنوورانەوە دێنە عێراق.
فڕۆکەخانەی نەجەفمان بۆ گەشتەکانی ئێران کردەوە، و هێڵی ئاسمانی عێراقی بەردەوامە لە گەشتەکانی.
داخستنی گەرووی هورمز تەنها کاریگەری لەسەر عێراق نەبوو، ئێمە بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکانمان لەگەڵ ئێران هیواخواز بووین عێراق جیاواز مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
سەردانەکەمان بۆ شانشینی عەرەبستانی سعوودیە لە پێشتر دیاریکرابوو، و پەرۆش بووین بۆ ئەنجامدانی.
پەرۆشین بۆ دروستکردنی پەیوەندی باش لەگەڵ شانشینی عەرەبستانی سعوودیە و وڵاتانی کەنداو.
لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەردەوامین، چاوپۆشیکردن لێی بە واتای نەبوونی توانای بنیاتنانی دەوڵەت دێت.
پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کۆتایی نەهاتووە، و لە داهاتوودا هەڵمەتی ترمان دەبێت.
ئەرکی ئێمە بنیاتنانی دەوڵەتێکە بۆ عێراقییەکان، زۆرێک لە کێشەکانمان دەستنیشان کردووە و کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەر دەکەین، بنیاتنانیش لە نێوان ڕۆژێک و شەوێکدا بەدی نایەت، و هاووڵاتیان ئەنجامەکان دەبینن.
گەندەڵی هیچ تائیفە و نەتەوەیەکی نییە، ژمارەیەک سیاسەتمەدار هەن کە لە نێوان خۆیاندا جیاوازن بەڵام لە گەندەڵیدا یەکدەگرن، کە بووەتە خاڵی بەیەکگەیشتنیان.
هەموو ئەوانەی بە تۆمەتی گەندەڵی زیندانی کراون لەسەر بنەمای بەڵگە و دانپێدانان بووە، و بڕە پارەیەکی زۆر گەڕێنراوەتەوە.
دەزگا چاودێرییەکان بەردەوامن لە پرۆسەکانی وردبینی، و ئەنجامەکان ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن کە ڕێوشوێنی پێویست لەو بارەیەوە دەگرێتەبەر.
دەکرا نرخی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی وەک خۆی بمێنێتەوە، بەڵام حکومەتەکانی داهاتوو ڕووبەڕووی بۆشاییەکی گەورە لە جیاوازییەکەدا دەبوونەوە، و کێشەی ئابووری وا کە ناتوانرێت چارەسەر بکرێت.
هەوڵدەدەین بەهای دۆلار لە 155 هەزار دیناردا جێگیر بکەین.
ئێستا مانگانە نیو ملیار دۆلار دەگاتە بانکی ناوەندیی عێراق.
پڕۆژەکانی شارە نوێیەکان جیاوازن لە پڕۆژەی یەک ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوونی بێبەرامبەر، و بەپێی پەرەپێدانی خانووبەرە دەبێت، و پارەکان وەک داهات بۆ سندوقی نەوەکان دەگەڕێنەوە.
کار دەکەین بۆ چەسپاندنی ناسنامەیەکی ئابووری بۆ عێراق و ئابوورییەکەی فرەچەشن دەکەین.
ساڵانە نزیکەی 20 تریلیۆن دینارمان دابین کردووە لە ڕێگەی گۆڕینی میکانیزمەکانی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان، و هەژمارکردنی نەوتی خاو لەسەر وەزارەتی نەوت، کە ئەم پارانە بنەمای دزییەکان بوون.
زۆربەی تۆمەتبارانی دزینی وەزارەتی نەوت، لە ڕێگەی ملیۆنێک بەرمیلەوە کە وەزارەتەکە بە خۆڕایی وەریگرتبوو، گەندەڵییان دەکرد، و پارەکان بە گەندەڵی بەفیڕۆ دەدرا.
هەناردەکردنی نەوت لە ئێستادا بەهۆی بارودۆخەکەوە ناجێگیرە، و هەوڵدەدەین تۆڕێکی بۆری دروستبکەین بۆ زیاترکردنی هەناردەکردن.
عێراق وڵاتێکی گرنگە، و پلانەکانمان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان و هاوکاری لەگەڵ وڵاتە دیارەکاندا بەهێزتر دەکات.
بە ڕوونی لەگەڵ گەلەکەمان قسە دەکەین، ڕەنگە زۆر دیپلۆماسیەت تێدا نەبێت و هەوڵدەدەین خێرا بکەین بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلەکەمان.
وەزیرەکان سوێندی شەرەفیان لەبەردەم گەلەکەماندا خواردووە بۆ خزمەتکردنی، و جێگرانی سەرۆک وەزیرانم ڕاسپاردووە بە دۆسیە گرنگەکان بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە.



