ئەنجوومەنى وزارى بۆ ئاسایشى نیشتمانى بە سەرۆکایەتیی عەلى زەیدى کۆبووەوە

رێبوار حەمەوەیس4 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وزارى بۆ ئاسایشیی نیشتمانى ئەنجامدرا.

  • عەلى زەیدى، سەرۆکایەتى کۆبوونەوەکەى کرد.

  • لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێى تەواوى دۆخى ئەمنیى وڵات کرا.

  • جەخت لە گرنگى دەستەبەرکردنى خۆپیشاندانى ئاشتیانە کرایەوە.

  • جەخت لە مامەڵەى باش لەگەڵ خۆپیشاندەران کرایەوە.

  • باس لە دۆسیەى پڕچەککردنى هێزە ئەمنییەکان کرا.

  • باس لە پەرەپێدانى توانا بەرگرییەکان بە گوێرەى ئاڵنگارییەکان کرا.


سەباح نوعمان، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕایگەیاند، ئەنجوومەنى وزارى بۆ ئاسایشى نیشتمانى، بە سەرۆکایەتیی عەلى زەیدى، کۆبوونەوەى ئاسایی خۆی ئەنجامدا.


تەوەرەکانى کۆبوونەوەکە:

  • تاوتوێى تەواوى دۆخى ئەمنیى وڵات کرا.

  • بابەتەکانى خشتەى کار گفتوگۆیان لە بارەوە کرا و بڕیارى پێویستیان بۆ درا.

  • گرنگیى دەستبەرکردنى خۆپیشاندانى ئاشتییانە کە دەستوور گرەنتیی کردووە.

  • مامەڵەى باش لەگەڵ خۆپیشاندەران و ڕەخساندنى کەشێکى ئارام بۆیان.

  • باس لە دۆسیەى پڕچەککردنى هێزە ئەمنییەکان کرا.

  • باس لە پەرەپێدانى تواناکانیان بە گوێرەى ئاڵنگارییە هەنووکەییەکان کرا.

  • کارى لە پێشینە بۆ سیستمى بەرگریی ئاسمانى و هێزى ئاسمانى دانرا.

  • لە پێناو پتەوکردنى سەروەرى و پاراستنى ئاسمانى وڵات.

کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وزاریى ئاسایشى نیشتمانی، هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەى یادى خۆپیشاندانەکانى تشرینى 2019 و بانگەشەى چالاکوانان و ڕێکخراوەکان بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندانێکى فراوان.

چالاکوانان و ڕێکخراوەکان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوا دەکەن، 25ـى مانگ خۆپیشاندانى فراوان بکرێت، بۆ داواکاریی نەهێشتنى گەندەڵى و بەدیهێنانى دادپەروەرى بۆ قوربانییانى خۆپیشاندانەکانى 2019.

لە مانگى تشرینى یەکەمى 2019 هەزاران کەس لە پارێزگاى بەغداد و پارێزگا شیعەنشینەکانى باشوور، دژى نەبوونى خزمەتگوزارى و نەهێشتنى سیستمى دابەشکاریى تائیفى خۆپیشاندانیان کرد.

خۆپیشاندانەکان تووندوتیژى لێکەوتەوە و بە گوێرەى ئامارى نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لە نێوان یەک بۆ نۆى تشرینى یەکەم157 کەس کوژران و پێنج هەزار و494 کەسى دیکەش برینداربوون.

لە شەپۆلى دووەمى خۆپیشاندانەکانیش کە لە 25ـى تشرینى یەکەم دەستیپێکرد و تاوەکو چواری تشرینى دووەمى2019 بەردەوام بوو، 97 کەسى دیکە کوژران و دەیانى دیکەش برینداربوون.

هاوکات، بە گوێرەى ڕاپۆرتێکى هاوبەشى یۆنامى و کۆمیسۆنى مافى مرۆڤى نەتەوەیەکگرتووەکان، لە نێوان تشرینى یەکەمى2019 تاوەکو نیسانى 2020 لە تەواوى ناوچەکانى عێراق487 خۆپیشاندەر کوژران و 7715 کەسى دیکەش برینداربوون.

Loading related news...