
عەلى زەیدى داواى لە گرووپەکان کردووە دەستتێوەردان لە جەنگى ئەمریکا-ئێران نەکەن.
سەرچاوەیەک بۆ کەناڵ8: دوو گرووپى چەکدار ئامادەنیین چەک ڕادەستبکەن.
سەرچاوەیەک بۆ کەناڵ8: زەیدى پێشنیازێکى گرووپەکانى ڕەتکردووەتەوە.
زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8، سەرچاوەیەکى سیاسیی نزیک لە چوارچێوەى هەماهەنگى ئاشکرایکردوە، ئەو گفتوگۆیانەى لە ئارادان بۆ کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت، هیچ پێشکەوتنێکى کردارییان نەبووە، هێشتا هەردوو گرووپى نووجەبا و کەتیبەکانى حیزبوڵا ئامادەنیین چەکەکانیان ڕادەستبکەن، لە کاتێکدا پێش 30ـى ئەیلوول ڕێککەوتن کراوە، تەواوى گرووپەکان چەکەکانیان ڕادەستبکەن.
مووشەک و درۆنەکان لە لای خۆیان بمێنێتەوە، بەڵام لە ژێر کۆنتڕۆڵى حکومەت بێت.
عەلى زەیدى پێشنیازى گرووپەکانى ڕەتکردووەتەوە.
عەلى زەیدى دووپاتیکردووەتەوە، حکومەتەکەى بەڵێنى داوە، چەک لە دەستى دەوڵەت کۆبکاتەوە.
عەلى زەیدى: واشنتن ئاگاداریان کردووەتەوە لە چەند ڕۆژى داهاتوودا هێرش دەکەنەوە سەر ئێران.
ئەگەر گرووپە چەکدارەکان بچنە جەنگەکەوە، بە گوێرەى یاسا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
هادى عامرى تێبینى لەسەر قسەکانى زەیدى هەبووە.
هەندێک لە سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى بەدووریان زانیوە، گرووپەکان بۆ پاڵپشتیی لە ئێران، وڵاتانى دراوسێ بکەنە ئامانج.
بە لەبەرچاوگرتنى لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکان عەلى زەیدى، لەوانەیە ڕووبەڕووى فشارى هەرێمى و نێودەوڵەتى زیاتر ببێتەوە.
تەواوى چوارچێوەى هەماهەنگى پشتیوانیی حکومەتەکەى زەیدى دەکەن.
ئیرادەیەکى سیاسى نییە بۆ ئەوەى جارێکى دیکە عێراق ڕووبەڕووى کێشە بکرێتەوە.
لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا، عەبدولقادر کەربەلائى، یاریدەدەرى بزووتنەوەى نووجەبا دووپاتیکردەوە، هەڵوێستیان لە بارەى بەشدارینەکردن لە پڕۆسەى سیاسى نەگۆڕاوە و هەر دەستەواژەیەکى وەک؛ (کۆکردنەوە، یاخود ڕادەستکردن و چەکدانان) لە ئەدەبیاتى مقاوەمەى ئیسلامیدا نییە.
هەر لەسەر هەمان پرس، تۆڕى ( زە کرایدڵ)، ئیدارەى کۆشکى سپى، عەلى زەیدى ئاگادارکردووەتەوە، بەنیازە لە چەند ڕۆژى داهاتوودا هێرش بکاتەوە سەر ئێران.
بە گوتەى بەرپرسانى عێراقى، واشنتن لە ئاگادارکردنەوەکەدا هۆشداریی توندى داوە لە دەستتێوەردانى عێراق لە هێرشەکانى سەر ئێران و بە زەیدییان گوتووە، هەر دەستتێوەردانێک لە لایەن عێراقەوە، لێکەوتەکانى کاریگەرییان لەسەر سیستمى سیاسى و دەوڵەتى عێراق دەبێت.
داخستنى دەروازەى (شەیب) لەگەڵ ئێران، یەکێکى دیکە لەو پرسانەى ناڕەزایی گرووپەکانى مقاوەمەى لێکەوتووەتەوە، بە گوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، گرووپەکانى مقاوەمە ئامادەکاریی دەکەن بۆ خۆپیشاندانى ناڕەزایی لە دژى داخستنى دەروازەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەکەى دیاریی نەکراوە.
ڕێکخراوەکان و چالاکوانانیش بڕیار بوو لە 25ـى ئەم مانگە لە یادى خۆپیشاندانەکانى تشرینى یەکەمى 2019 خۆپیشاندان بکەن، ئەوانیش بۆ تێکەڵبوونى ئامانجى خۆپیشاندانەکەیان لەگەڵ خۆپیشاندانى گرووپەکانى مقاوەمە بڕیاریانداوە خۆپیشاندانەکەیان دوابخەن.
بە گوێرەى زانیارییەکان، داخستنى دەروازەى شەیب، تەنیا پەیوەندى بە هۆکارى تەکنیکییەوە نییە کە حکومەت ڕایگەیاندووە، بەڵکو بەهۆى ترسى ئەمنییە لە گەڕانەوەى ئەوانەى پێیان دەگوترێت( گرووپى سێبەر) کە گرووپى بچووکن و ژمارەیان لە نێوان5 بۆ 10 کەسدایە، گومان دەکرێت ئەم گرووپانە بەکاربهێنرێن بۆ ئەو هێرشانەى بە دواداچوون بۆ ئەنجامدەرانیان قورسە.
کەناڵى حوڕەش بڵاویکردووەتەوە، عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران بڕیاریداوە نووسینگەى حوسییەکان لە عێراق دابخات و کەسایەتییەکانیان کە لە عێراقدان دووربخاتەوە.
سەرچاوەکەى کەناڵ8، لەبارەى ئەم پرسەشەوە ئەوەى خستەڕوو، لە کاتى شەڕى داعش و جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژى ئێران، ژمارەى حوسییەکان لە عێراق زۆربوو، بەڵام ئێستا ژمارەى حوسییەکان لە عێراق لە حەوت کەس تێپەڕ ناکەن، ئەوانیش کەسانى چالاک و کاریگەرنیین.

