رێگە نەدرا دایکێکى ئاشتى لە پەرلەمانى تورکیا بە کوردى قسە بکات

 کۆبوونەوەیەکی لیژنە پەرلەمانییەکەی تورکیا فۆتۆ: AA
کۆبوونەوەیەکی لیژنە پەرلەمانییەکەی تورکیا فۆتۆ: AA

نەزاهەت و دوو دایکى دیکە، بە نوێنەرایەتیى هەزاران دایکى ئاشتى و شەممە، چووبوونە لیژنەی هاودەنگیی نیشتمانی و برایەتى و دیموکراسی، تاوەکو عەرزى حاڵى کێشەیەکى 40 ساڵە بکەن.

بە بڕیارى سەرۆکى پەرلەمانى تورکیا و لەو لیژنەیە، کە پێنج یەکى کوردە، نەهێڵرا دایە نەزاهەت بە کوردى قسە بکات، ئەگەرچی سێ پەرلەمانتار ئامادەبوون کاری وەرگێڕانیان بۆ بکەن، بەڵام زمانى تورکى زاڵبوو بەسەر کۆبوونەوەکەدا.

نەزاهەت تەکە، دەڵێت؛ ئەگەرچی خۆی ئامادەکردبوو بە کوردی لە لیژنەکەدا قسە بکات تاوەکو باشتر گوزارشت لە هەستەکانی بکات، بەڵام رێگەی پێنەدرا.

ساروهان ئۆڵوچ، پەرلەمانتاری پارتی دەم و ئەندامی لیژنەکە دەڵێت؛ کاتێک باسی کێشەی کورد دەکرێت، یەکەمین ئەو شتانەی باسدەکرێن، ناسنامە، کولتوور و زمانی دایکن، بەڵام رێگریی لە دایکان کرا بە زمانى خۆیان قسە بکەن.

ساروهان ئۆڵوچ، پەرلەمانتاری پارتی دەم لەوبارەیەوە گوتی، "ئەگەر بهاتایە و ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمان پێکهاتووە، بە کوردی گوێی لە وتەکانی دایکانی ئاشتی بگرتایە، لەگەڵ وەرگێڕان هەمووان تێیدەگەیشتن و ئەمە زۆر باش دەبوو بۆ کۆمەڵگە، بۆ کوردیش و بۆ گەلانی دیکەی تورکیاش پەیامێکی گرنگی ئەرێنی دەبوو، بەڵام بەداخەوە ئەو دەرفەتە لەدەستدرا".

بە گوتەى حسێن کوچوکباڵابان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیاش، ئەوەی روویداوە، سەرنجڕاکێش و هاوکات شەرمهێنە. دانیشتنی دەستەکە لەگەڵ لیژنەی پەرلەمان لەپاش دانیشتنیان بووە لەگەڵ دایکانی ئاشتی.

حسێن کوچوکباڵابان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا دەڵێت، "ئەگەر ئاگەداری ئەوە ببووینایە، کە شتێکی لەوشێوەیە روویداوە، ئەوا ئێمەش دەمانتوانی گوتەکەمان بە کوردی پێشکەش بکەین. ئەمەش بۆ ئەوەی هەموو رایگشتیی بیبینێت، چونکە هیچ شتێک نییە سرووشتیتربێت لەوەی دایكێک بە زمانی خۆی بدوێت".

مستەفا بیلیجی، پەرلەمانتاری رێگەی نوێش ئاماژەی بەوەکرد، نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی لیژنەکە، کە هاوکات سەرۆکی پەرلەمانە گوتوویەتی، ئەگەرچی ئەمە کۆبوونەوەی پەرلەمان نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی لیژنەکە لەژێر چەتری پەرلەماندا کاردەکات، دەبێت پابەندی یاساکان بین.

مستەفا بیلیجی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنى رێگەی نوێ ئەوەشی گوت، "سەرۆکى پەرلەمان گوتیشی با ئێمە رێگە بە گرژییەکی نوێ نەدەین. بەداخەوە، لە پەیڕەوی ناوخۆماندا ئەوە دیاریکراوە، کە پەرلەمانتاران ناتوانن بە زمانێکی دیکە جگە لە تورکی قسەبکەن و بەکارهێنانی زمانی دیکە قەدەغەکراوە".

ئەمە کۆنووسی کۆبوونەوەی لیژنەکەی پەرلەمانە، نوعمان کورتوڵموش، کە سەرەتا رێگریی لەو دایکەی ئاشتی دەکات بە کوردی قسەبکات، دوای کۆتاییهاتنی قسەکانی، دەستخۆشی لێدەکات و پێی دەڵێت تورکییەکەت نایابە.

دایکانی ئاشتی ئەو کۆمەڵە دایکەن لە ساڵى 1996ـەوە دروستبوون و لەمیانی خەبات لەپێناو مافەکانی گەلی کورددا لە باکووری کوردستان، رۆڵەکانیان بەختکردووە و داواى کۆتاییهێنان بە جەنگ و بەرپاکردنى ئاشتى دەکەن.