رووداوەکانی هاتوچۆ هۆکاری 40%ی گیانلەدەستدانە ناسروشتییەکانی ئێرانن؛ ساڵانە 20 هەزار کەس گیانلەدەستدەدەن

رووداوێکی هاتوچۆ لە پارێزگای ورمێ. فۆتۆ ئاژانسی هەواڵی ئیرنا
رووداوێکی هاتوچۆ لە پارێزگای ورمێ. فۆتۆ ئاژانسی هەواڵی ئیرنا

لە ئێران 40%ی رێژەی گیانلەدەستدانی رووداوە ناسروشتییەکان بۆ رووداوەکانی هاتوچۆ دەگەڕێنەوە و هۆکاری سەرەکییەکانی رووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران بۆ کۆنیی ئۆتۆمبێلەکان و خراپیی رێگاوبانەکان و هەڵەی مرۆیی دەگەڕێنەوە.

ساڵانە 20 هەزار کەس گیانلەدەست دەدەن

عەباس مەسجدی ئارانی، سەرۆکی دەزگای پزیشکی دادی ئێران رایگەیاند، ساڵانە لە ئێران 20 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن.

لە پێنج ساڵدا 91 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە

سەرۆکی دەزگای پزیشکیی دادی ئیران باسی ئەوەشیکردووە، لە 5 ساڵی رابردوودا 91 هەزار و 144 کەس لە وڵاتەکەی بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.

رۆژانە 45 بۆ 50 کەس گیانلەدەست دەدەن

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر پۆلیسی ئێران رایگەیاندبوو، بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە، رۆژانە 45 بۆ 50 کەس لەو وڵاتە گیانلەدەستدەدەن و هەزار کەسیش بریندار و 100 کەسی دیکەش ئەندامى جەستەیان لەدەستدەدەن. 

40% گیانلەدەستدانە ناسروشتییەکان بۆ رووداوەکانی هاتوچۆ دەگەڕێنەوە

بەپێی ئاماری ماڵپەڕی سەلامەتیی رێگاوبان و گواستنەوە لە ئێران، رووداوەکانی هاتوچۆ هۆکاری 40%ی گیانلەدەستدانی رووداوە ناسروشتییەکانی ئێرانە.

هۆکارە سەرەکییەکانی رووداوەکانی هاتوچۆ

کۆنیی ئۆتۆمبێلەکان و خراپیی رێگاوبانەکان و هەڵەیی مرۆیی هۆکارە سەرەکییەکانی رووداوەکانی هاتوچۆن لە ئێران.