گوتە لە کەسوکاری قوربانیانی "عەجاجی نوگرەسەلمان" لە دادگای سلێمانی وەردەگیرێت

لە هەنگاوێکدا بۆ دادگاییکردنی تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق، دادگای لێکۆڵینەوەی پێنجی سلێمانی دەستی بە وەرگرتنی گوتەی کەسوکاری ئەو کەسانە کردووە، کە لەلایەن عەجاج ئەحمەد حەردان، ناسراو بە عەجاجی نوگرەسەلمان ئەشکەنجە دراون، یان گیانیان لەدەستداوە.

وەرگرتنی گوتە بە راسپاردەی دادگای بەغداد

شیلان خالید، دادوەر لە دادگای لێکۆڵینەوەی پێنجی سلێمانی، بە کەناڵ8ـی راگەیاندووە، کە لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی سێی کەرخی بەغدادەوە راسپێردراون بۆ وەرگرتنی گوتەی ئەو سکاڵاکارانەی، کە لە گرتووخانەی نوگرەسەلمان راگیراون و لەلایەن عەجاجەوە ئەشکەنجە دراون.

ئەو کەسانەی گوتەیان لێوەردەگیرێت، ناوەکانیان لە دادگای کەرخی بەغداد هەیە و رۆژانە گوتە لە ژمارەیەکیان وەردەگیرێت و کۆدەکرێنەوە و دواتر دەنێردرێنەوە بۆ دادگاکەی بەغداد. دادوەر شیلان خالید جەختی لەوەش کردەوە، کە سەرجەم ئەو کەسانەی گوتەیان لێوەردەگیرێت پێویستە لە رۆژی دادگاییکردنەکە لە بەغداد ئامادە بن، لەناو ئەو کەسانەدا هەموو جۆرە تەمەنێک هەیە.

مافی سکاڵا بۆ کەسوکاری قوربانیانی گیانلەدەستدراو

لەبارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانیان لەدەستداوە، دادوەر شیلان خالید گوتی، کە کەسوکارەکەیان دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن و گوتەشیان لێوەردەگیرێت.

عەجاج ئەحمەد حەردان؛ مێژوویەکی رەش لە تاوان

سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان، یەکێک لە داواکراوە دیارەکانی رژێمی پێشووی لە پارێزگای سەڵاحەدین راگەیاند. عەجاج ئەحمەد حەردان، کە ناسراوە بە عەجاجی نوگرەسەلمان تۆمەتبارە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە دژی هاوڵاتییانی عێراق، بەتایبەتی هاونیشتمانییانی کورد لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێن.

عەجاج تۆمەتبارە بەوەی راستەوخۆ دەستی هەبووە لە ئەشکەنجەدان و کوشتن و دەستدرێژی بۆ سەر گیراوانی گرتووخانەی نوگرەسەلمان، کە شوێنی زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی هاونیشتمانییانی کورد بووە لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفالدا. عەجاج خەڵکی شاری تکریتی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدینە و سەر بە عەشیرەتی ئەلبوناسر و هۆزی نزارە، کە عەشیرەتەکەی سەدام حوسێنە.