لە زاخۆ شەش هەزار و 500 زیادەڕۆیی لەسەر تۆڕی ئاو هەڵگیراون

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، شەش هەزار و 500 زیادەڕۆیی لەسەر تۆڕی ئاو هەڵگیراون. ئەندازیار ساڵح حەسەن، بەڕێوەبەری ئاوی زاخۆ، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، تیمێکی تایبەتیان بۆ نەهێشتنی زیادەڕۆییەکان دروستکردووە و ئاماژەی بەوەکرد، هەر کەسێک رۆژانە زیاتر لە دوو هێندەی پێویست ئاو بەکار دەهێنێت.


هەڵگرتنی زیادەڕۆییەکان و پێکهاتەی سەرپێچیکاران
بەڕێوەبەری ئاوی زاخۆ رایگەیاند، شەش هەزار و 500 زیادەڕۆیی لەسەر تۆڕی ئاوی زاخۆ هەڵگیراون. دابەشبوونی زیادەڕۆییەکان بەم شێوەیەیە:
• 70%ى زیادەڕۆییەکان لەلایەن خانوو و ماڵانەوە کراون.
• 20%ی زیادەڕۆییەکان لەلایەن ئەو کەسانەوە کراون کە بەردەمی خانووەکانیان کردووە بە باخچە.
• 10%ی زیادەڕۆییەکان لەلایەن شوێنە بازرگانییەکانەوە کراون.


تیمی تایبەت بۆ نەهێشتنی زیادەڕۆییەکان
ساڵح حەسەن، راشیگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتی ئاوی زاخۆ تیمێکیان دروستکردووە لەگەڵ قەزای ناوەندی زاخۆ بۆ نەهێشتن و هەڵگرتنی زیادەڕۆییەکان." گوتیشی، "وەک سیستەم، هەموو ماڵێک بۆی هەیە یەک هێڵ رابکێشێت، بەڵام بەگوێرەى بەدواداچوونیان، هەندێک لە ماڵەکان دوو یان سێ هێڵیان راکێشاوە. زۆرێکیان ئاگاداریان کردوون و لایان بردووە و هەندێکیان ماون و ئاگادارمان کردوونەتەوە."


بەکارهێنانی زیاد لە پێویستی ئاو
بەڕێوەبەری ئاوی زاخۆ، ئاماژەی بەوەشکرد، "بەگوێرەى ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو، پێویستە هەر کەسێک لە رۆژێکدا 250 لیتر ئاو بەکاربهێنێت، بەڵام داتاکان دەریدەخەن کە 600 لیتر ئاو بەکار دەهێنێت و بەفیڕۆدەچێت." ئەم رێژە زیادەیە دەگەڕێتەوە بۆ "بەکارهێنانی باخچە و ئەو ماڵانەی کە هێشتا ئێمە پێمان نەزانیوون."


ساڵح حەسەن، گوتیشى، "بۆ ئەوانەی باخچەیان داناوە لە بەردەم ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونیان ئەوانە دەبێت سەردانیان بکەن و پێوەری ئاو دابنێن".


ئاماری بەشداربووان و سەرچاوەکانی ئاو
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، نزیکەی 60 هەزار بەشداربوو هەیە، بەڵام 45 هەزار بەشداربووی فەرمی تۆمار کراون. "75%ی بەشدارەکان ماڵ و خانوون و لەسەر ئاوی پڕۆژەن." هەروەها، "285 بیری ئیرتیوازی ئاوی خواردنەوە لە ناو سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەیە."