موسلیم شەفیعی لە توێکڵی قەزوان 12 جۆر سابوون دروستدەکات.
موسلیم شەفیعی: لە ڕێگەی کارگەکەم هەلیکارم بۆ 20 گەنج ڕەخساندووە.
کە دەگوترێت گەنج، داینەمۆ و بڕبڕەی ئابووریی هەر گەل و نەتەوەیەکە، ئەم قسەیە ڕێک بەسەر گەنجێکی لێهاتوو و داهێنەری، گوندە جوانەکەی دزڵی سەر بە شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
موسلیم شەفیعی، گەنجێکی داهێنەرە و لە سروشتە دڵگیرەکەی شاری مەریوانی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی چوار ساڵە، کارگەیەکی تایبەتی بە بەرهەمهێنان و دروستکردنی سابوونی قەزوانی دامەزراندووە.
لە توێکڵی سەوزی قەزوان، 12 جۆر سابوون بەرهەم دەهێنێت.
ئێستا بەرهەمەکانی بۆ بازاڕەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان هەناردە دەکات.
توێکڵی سەوزی قەزوان لە کارگەکانی دیکە دەکڕن.
دواتر لە کارگەی خۆیان دوو جۆر ڕۆنی لێبەرهەم دەهێنن.
یەکێکیان بۆ دروستکردنی سابوون بەکاریدەهێنن.
ئەوی دیکە وەک ڕۆنێکی سوودبەخش بۆ خواردن سودی لێوەردەگیرێت.
لە ڕێگەی پڕۆژەکەیەوە دەرفەتی کاری بۆ نزیکەی 20 گەنجی سنوورەکەی ڕەخساندووە.
موسلیم شەفیعی: ئەمە نموونەیەکی جوانە لە داهێنان و توانای گەنجانی کورد بۆ پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و دروستکردنی هەلی کار.
هاوکارمان فەریدە وەیسی، لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، سەردانی گوندەکەی ئەم گەنجەی پارێزگای سنەی کردووە و فێرست پێرسنێکى لەگەڵ ئەنجامداوە.