لە هەڵەبجە پێشبڕكێی گەورەترین هەنار بەڕێوەچوو

کەیوان فەریق، براوەی گەورەترین هەناری فێستیڤاڵی هەنارو پاییزی هەڵەبجە
کەیوان فەریق، براوەی گەورەترین هەناری فێستیڤاڵی هەنارو پاییزی هەڵەبجە

لە کۆتا ڕۆژى فێستیڤاڵى هەنار و پاییزى هەڵەبجە، پێشبڕكێی گەورەترین هەنار بەڕێوەچوو کە تێیدا هەنارێکى سوورى، پلەى یەکەمى بەدەستهێنا.

گەورەترین هەنار؛ کیلۆیەک و 300 گرام

کەیوان فەریق، بووە خاوەنى گەورەترین هەنارى پێشبڕکێکە کە کێشەکەى کیلۆیەک و 300 گرام بوو، بە گوتەى خۆى، ساڵى ڕابردووش پلەى یەکەمى لە پێشبڕکێکەدا بەدەستهێناوە.

جۆرەکەی سووریە؛ خزمەتی زۆری دەوێت

خاوەنی گەورەترین هەناری فێستیڤاڵەکە گوتیشی، بۆ ئەوەى بگاتە ئەو کێشەى کە دەتەوێت و بتەوێت بەشداریى پێشبڕکێی هەنارى پێبکەیت، خزمەتی زۆری پێویستە. هەنارەکە جۆری سوورییە و وەک خاوەنەکەی دەڵێت، خزمەتکردنى قورسە.

حەوت گەورەترین هەنار

لە پێشبڕکێکەدا حەوت گەورەترین هەنار بەشدارییان پێکرا کە بەشێوەیەکى گشتى کێشەکانیان نزیکبوون لە یەکەوە، گەورەترین هەنار کێشەکەى کیلۆیەک و 300 گرام بوو، بچووکترین هەناریش کێشەکەى 816 گرام بوو.

کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە

ئەمڕۆ شەممە 1ی 11ی 2025، ڕۆژى سێیەمى فێستیڤاڵەکە بوو، بەشداربووانی ئاماژە بەوە دەکەن، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، فێستیڤاڵی ئەمساڵ قەرەباڵغییەکی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە.  بەتایبەتی ڕۆژی هەینی کە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار ڕوویان لە فێستیڤاڵەکە کردووە.