
دوو کەشتیی بارهەڵگر کە بەرەو ڕووسیا بەڕێگاوە بوون، لە کەناراوەکانی باکووری ڕۆژئاوای تورکیا لە دەریای ڕەش، تەقێنرانەوە و ئەنقەرە دەڵێت 25 کەس ڕزگارکراون و هیچ کەسیش گیانی لەدەستنەداوە.
کەشتی یەکەم ناوی کایرۆسە، کەشتییەکی بارهەڵگرە کە بۆ گواستنەوەی نەوت بەکاردێت و لە میسڕەوە بەڕێکەوتووە بەرەو بەندەری نۆڤۆرۆسکی بەڕێگاوە بووە.
کەشتییەکە بەتاڵ بووە و لە دووریی 28 میل لە کەناراوەکانی پارێزگای کۆجائەلی تورکیا، تەقیوەتەوە. 25 کارمەند لەسەر کەشتییەکە کاریان کردووە کە 19یان چینی، چواریان بەنگلادیشی و یەکێکیان میانماری و یەکێکی دیکەیان ئیندۆنیزین. سەرجەمیان دوای تەقینەوەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە ڕزگارکراون و بۆ بەندەری کەفکەن لە پارێزگای کۆجائەلی گوازراونەتەوە.
هاوکات کەشتییەکی دیکەی بارهەڵگر کە بە هەمان شێوە بەرەو ڕووسیا بەڕێگاوە بووە، لە دووریی 35 میل لە کەناراوەکانی تورکیا ئاگری گرتووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا کەشتییەکە 20 کارمەندی لەسەرە و دۆخی تەندروستیی سەرجەمیان باشە.
عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، ڕایگەیاند، هەردوو کەشتییەکە بە هۆکاری دەرەکی ئاگریان گرتووە و لێکۆڵینەوەکانیان لەو بارەیەوە بەردەوامە.

