هەناردەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتە 9.3 ملیار دۆلار
تورکیا ئاماری هەناردەی 11 مانگی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و عێراق و هەرێمی کوردستان لە پلەی یەکەمی وڵاتانی دراوسێی ئەو وڵاتە دێن بۆ هاوردەکردنی کاڵا.
پشکی شێر بەر عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتووە
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی بازرگانیی تورکیا، لە ماوەی 11 مانگی ئەمساڵدا کۆی هەناردەی تورکیا بۆ وڵاتانی دراوسێی گەیشتووەتە 25 ملیار و 310 ملیۆن دۆلار.
لەو بڕە، نۆ ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بووە، کە بەمەش زۆرترین کاڵا و شمەکیان بۆ هەناردە کراوە.
لەدوای عێراق، وڵاتی بولگاریا بە چوار ملیار و 200 ملیۆن دۆلار لە پلەی دووەم دێت.
کاریگەریی ڕووخانی ئەسەد لەسەر بازرگانی
ئامارەکان دەریدەخەن کە گۆڕانکارییە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر ئابووری هەبووە؛ بەهۆی ڕووخانی بەشار ئەسەد و دروستبوونی دەسەڵاتی نزیک لە تورکیا لە سووریا، هەناردەی تورکیا بۆ ئەو وڵاتە بەڕێژەی 54.2% بەرزبووەتەوە.
گەشەکردنی هەناردەی تورکیا
بەشێوەیەکی گشتی، تورکیا لەمساڵدا بە بەهای 247 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی دەرەوە کردووە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو 3.7% بەرزبووەتەوە.
زۆرترین ئەو کاڵایانەی هەناردە کراون
وەک لە ئامارەکەدا هاتووە، ئەو کاڵایانەی تورکیا زۆرترین هەناردەی بۆ وڵاتانی دراوسێ هەبووە بریتین لە:
ماددەکانی پاککردنەوە.
دانەوێڵە.
پاقلەمەنی.
کەلوپەلی ناوماڵ.
10/12/2025