
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد ئەوان هێڵی سووریان لەبارەی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا هەیە و گوتی: "هەسەدە دەڵێت لەچوارچێوەی یەکەیەکی یەکگرتوودا تێکەڵاوی سوپای سووریا دەبێت بەڵام ئەمە مایەی قبوڵکردن نییە". باسی لەوەشکرد دەبێت هەسەدە لەسەر ئاستی تاک بچێتە نێو سوپاوە ئەگەرنا ئەمە تێکەڵاوبوون نییە.
یاشار گولەر لەمیانی دانیشتنێکدا لەگەڵ میدیاکارانی وڵاتەکەی، زانیاریی لەبارەی ژمارەیەک چالاکی وەزارەتەکەی خستەڕوو، لێدوانی لەبارەی ژمارەیەک پرس دا و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و گوتی، تورکیا هێڵە سوورەکانی لەبارەی تێکەڵاوکردنی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بەڕوونی باسکردووە و گوتی: "ئێمە لەبەرامبەر هەر پێشهاتێکدا پلانی خۆمان هەیە. هەسەدە دەڵێت، لەچوارچێوەی یەکەیەکی یەکگرتوودا تێکەڵاوی سوپای سووریا دەبێت بەڵام ئەمە مایەی قبوڵکردن نییە". گوتیشی، تاوەکو ئێستا هەنگاوی کردەیی بۆ تێکەڵبوونی هێزەکان نەهاوێژراوە.
وەزیری بەرگریی تورکیا گوتیشی: "دەبێت لەسەر ئاستی تاک تێکەڵاوی سوپای سووریا ببن و ئێمە لەوبارەیەوە لە هەڵوێستی خۆمان پاشگەز نابینەوە".
لەبارەی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی گریمانەکراو لە باکووری سووریا، گولەر باسی لەوەکرد، کاتێک لە ساڵی 2016دا ئۆپراسیۆنیان ئەنجامداوە، ئەمریکا و ڕووسیاش لەوێ بوون و گوتی: "ئەوەی پێویست بوو بێ ئەوەی مۆڵەت لە هیچ کەس وەربگرین ئەنجامماندا و لە ماوەی داهاتووشدا ئەگەر پێویست بکات، دیسان ئەوە دەکەین کە دەبێت بکرێت و مۆڵەت لە هیچ کەس وەرناگرین".
وەزیری بەرگریی تورکیا باسی لەوەکرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 105 ئەندامی پەکەکە و لەدوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەوە، 69 ئەندامیان خۆیان ڕادەستکردووەتەوە. گوتیشی: "ڕێگە نادەین هیچ ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی وەک پەکەکە/یەپەگە و هەسەدە لە ناوچەکە ڕەگ دابکوتن".
لەبارەی پرۆسەی ئاشتیشەوە کە ئەنقەرە بە تورکیای بێ تیرۆر ناویدەبات، وەزیری بەرگریی تورکیا باسی لەوەکرد، "ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ سەر پەکەکە، وایکردووە پارتەکە بە تورکیای بێ تیرۆر قایل ببێت" و گوتی: "ئەم پرۆسەیە نەک بەوشێوەیەی کە پەکەکە دەیەوێت بەڵکو بەوشێوەیەی دەوڵەت دیارییکردووە و خوازیارە بەردەوام دەبێت".
لەبارەی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک)یشەوە، یاشار گولەر ئاماژەی بەوەکرد ، جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەوشێوەیە کۆتایی نەهات کە پژاک خوازیاری بوو، هەربۆیە ئێران گورزی گەورەی لە پژاک وەشاند. گوتیشی: "دوای ئەوەی پەکەکە ڕایگەیاند چەکدادەنێت، هەوڵیدا لە باکووری عێراقەوە ژمارەیەکی زۆر چەکدار بە چەک و تەقەمەنییەوە بۆ ئێران بگوازێتەوە و ئێمەش لەوبارەیەوە زانیارییمان دایە ئێران. لەبەرامبەردا ئێران دەستی بە ئۆپراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر پژاک کرد".
گولەر لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی سەردانی شاندەکان لە هەردوولاوە و واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکان، پەیوەندییەکان چوونەتە قۆناغێکی دیکەوە.

