چین و ئێران لە مامەڵە بازرگانییەکاندا چەندین تەکنیک بەکاردەهێنن
ئەمریکا سزای نوێ بەسەر کڕیارانی نەوتی ئێران دا دەسەپێنێت، هەرچەندە هەرزانى نەوتى ئێران بازاڕى زۆرى بۆ وڵاتەکە دروستکردووە، بەڵام چین ساڵانێکە خۆى لە سزاکانى ئەمریکا دەدزێتەوە و دەشیەوێت بەردەوامبێت لە کڕینى نەوتەکە.
سەرەڕای سزاکان بازرگانیی چین و ئێران بەردەوامە
سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا، دووەم وڵاتی ئابووری جیهان، لە 2025دا ڕۆژانە بە تێكڕا یەک ملیۆن و 38 هەزار بەرمیل نەوتی ئێرانی کڕیوە، چینە. ئەم مامەڵەیە 80%ـی کۆی هەناردەکردنی ئێرانی لە خۆگرتووە و خواستی 13.4%ـی کەرتەکانی پیشەسازیی چینی پڕکردووەتەوە.
ئەو تەکنیکانەی چین بەکاریدەهێنێت بۆ گواستنەوەی نەوتی ئێران
چین لە پاش ساڵی 2018ـەوە تاوەکو ئێستا بەچەند تەکنیکێکی بازرگانیی چاوبەستی لە ئەمریکا کردووە و خۆی لە سزاکان دزیوەتەوە، لەوانە؛ بەکارهێنانی تەکنیکی ئاڵوگۆڕی کەشتى بە کەشتى (STS)، تاوەکو گەیشتن بە بەندەرەکانی، یان بەکارهێنانی لەکارخستنی سیگناڵی سیستمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی، کە وادەکات نەتوانرێت بە ئاسانی شوێنپێی کەشتییەکان هەڵبگیرێت، یان بەکارهێنانی کەشتیی سێبەر لەژێر ناوی وڵاتانی دیکەدا بەتایبەت مالیزیا و ئیندۆنیزیا، کە 17%ـی گواستنەوەکانی پێکدەهێنێت، هەروەها یەکێکی دیکە لە تەکنیکەکان بەکارهێنانی گرووپی کەشتیگەلە، کە ئێران ناوی لێناون " گۆست ئارمادا". و بەواتای گرووپی کەشتییە تارماییەکان دێت، ئەم جۆرە گواستنەوەیە لە سەرجەم جۆرەکانی دیکە باوترە و بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی بلومبێرگ ساڵی ڕابردوو زیاتر لە هەزار و 500 جار ئەم کەشتیگەلانە لە ئێرانەوە چوونەتە چین.
یەک لەسەر پێنجى پێداویستى دابین دەکات
ئەو نەوتەی بە هەریەکێک لە تەکنیکەکان دەگاتە بەندەرەکانی چین، دابەشدەبێت بەسەر پاڵاوگەکاندا کە بە قۆرییە چا ناسراوە، بەگوێرەی کۆمیسیۆنی نیشتمانی گەشەپێدان و چاکسازی لە چین، ئێستا ژمارەیان 150 پاڵاوگەیە و یەک لەسەر پێنجی پێداویستییەکانی نەوتی وڵاتەکە دابیندەکەن.
بەکارهێنانی ئەم پاڵاوگە بچووکانە لەبری کۆمپانیا گەورەکانی چین، بۆ ئەوەیە کە بەر لێپێچینەوەى نێودەوڵەتی ناکەون.
تەکنیکى گەنم بە ترێ
ئەو نەوتەی لەم پاڵاوگانە دەپاڵێورێن بە ناوەکانی نەوتی عوممان، مالیزیا، عێراق یان ڕووسیاوە دەچنە نێو پیشەسازییەکانی چینەوە، هەرچی لەبارەى پارەدانی مامەڵەکەیە، تەکنیکی ناسراو بە " گەنم بە ترێ" بەکاردەهێنرێت، بەجۆرێک پەکین لە تاراندا وەبەرهێنانی گەورە ئەنجامدەدات و لەبرى پارە، کەرەستەی خاو و نەوت وەردەگرێت.
دەرەنجامى سزاکان دیارنین
هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە، ئەو باجانەی کە ترەمپ بەڵێنی داوە بەسەر ئێراندا بیسەپێنێت، هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیارەکان دراون بەبێ ئەوەی کات و چۆنییەتی و ئەو وڵاتانەش دیاریبکرێن کە دەکرێنە ئامانج.
07/02/2026