رووماڵی کەناڵ8
ئێران دوای خامنەیی؛ نوێترین پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکان
لە ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێری ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنی کوژران. ئێرانیش بە مووشەکی بالیستیکی و درۆن هێرشی کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و دەستەیەکی کاتیی بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێران دروستکردووە، بەڵام ترەمپ دەڵێت، سێ بەربژێری باشی بۆ شوێنگرتنەوەی خامنەیی هەیە.
ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێر
ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەیانی ڕۆژی 28ی 2ی 2026 لە ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێردا زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و ئاسمانییان کردە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەندین ناوەند و بارەگای سەربازی و ئەمنی و حکومییان کردە ئامانج و بەو هۆیەوە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران.
کوژرانی خامنەیی
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دوای هێرشەکانی سەر ئێران، لە دوو لێدوانی جیاوازدا ڕایانگەیاند، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بۆردومانەکانیاندا کوژراوە و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دوای چەند کاتژمێرێک لە لێدوانەکانی ترەمپ و نەتانیاهوو، هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەییان پشتڕاستکردەوە.
بۆمب و مووشەکی تایبەت
بەگوتەی دۆناڵد ترەمپ، عەلی خامنەیی لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێراندا کراوەتەوە ئامانج و بەو هۆیەوە زیاتر لە 48 بەرپرسی سەربازی و ئەمنیی ئیران لەو بۆردومانەدا کوژران. میدیاکانیش باس لەوە دەکەن، ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 30 مووشەک و بۆمبی تایبەتی تێکشکاندنی سەنگەر و بڕینی کۆنکرێتیان بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی بەکارهێناوە.
دەستەی سەرکردایەتیکردنی ئێران
لە دای کوژرانی عەلی خامنەیی، لە ئێران حەوت ڕۆژ پشوو و 40 ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاندرا و بەگوێرەی دەستووری ئێران، دەستەیەکی کاتیی سێ کەسی بۆ سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی ئێران دروستکرا، کە پێکهاتوون لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، غولام موحسین موحسینی ئێژەی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و ئایەتوڵای عەلیڕەزا ئەعرافی ئەندامی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور.
هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران
کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە مووشەکی بالیستیکی و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەڕ، ئیمارات، سعودیە و ئوردن و کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشەکانیدا باڵەخانەکان و فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتانەشی کردووەتە ئامانج و تاوەکو ئێستا هێرشە مووشەکییەکانی بەردەوامیی هەیە.
سێ بەربژێری ترەمپ بۆ ئێران
لە کاردانەوە بەرامبەر بە دۆخی ئێران لە دوای خامنەیی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، سێ بەربژێری بۆ جێگرتنەوەی خامنەیی دیاریکردووە. ترەمپ داوای لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران کرد، چەکەکانیان دابنێن و خۆیان ڕادەست بکەن. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش داوای لە خەڵکی ئێران کردووە ڕاپەڕن و باسی ئەوەیکردووە، تاوەکو ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامی بە هێرشەکانیان دەدەن.
02/03/2026
ئێران دوای خامنەیی؛ نوێترین پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکان
هاکان فیدان: بۆردومانکردنی وڵاتانی کەنداو لەلایەن ئێرانەوە مەترسییەکانی ناوچەکەی زیاتر کردووە
وەزیری دەرەوەی تورکیا وردەکاریی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی و وڵاتانی کەنداو بۆ ڕێگریگرتن لە جەنگ ئاشکرا دەکات و ڕەخنە لە "ستراتیژییەتی هەڵەی تاران" دەگرێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا.
ڕەخنەگرتن لە ستراتیژییەتی ئێران
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لە شەوی 3-3-2026 ڕایگەیاند، وڵاتانی کەنداو هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ئەوەی جەنگ ڕوونەدات، بەڵام ئێران بێ جیاوازی هەریەکە لە عومان، قەتەر، کوێت، بەحرێن، سعودیە و ئوردنی بۆردومان کرد. فیدان ئەم کارەی تارانی بە "ستراتیژییەتێکی زۆر هەڵە" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد کە فەلسەفەی "ئەگەر من تیا بچم، با هەمووان تیا بچن" مەترسییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکات.
هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەنقەرە و واشنتن
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو زەنگی جەنگ لێدراوە و لە 27ی مانگدا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی مێژوویی لە نێوان ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ ئەنجامدراوە. فیدان ئاشکرای کرد کە ئەوکات ئەمریکا لە سەروبەندی بڕیاردان بووە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و تورکیا هەوڵە کانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە چڕ کردووەتەوە.
پێشنیازی چارەسەری تورکیا بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان
لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ عەباس عێراقچی لە 30ی مانگ لە ئیستانبوڵ، هاکان فیدان پێشنیازی شێوازێکی چارەسەری بۆ ئەمریکییەکان کردووە. فیدان پێشنیازی کردووە ئەو 4 بابەتەی ئەمریکا دەیەوێت بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، بکرێنە دوو بەش؛ دوو بابەتیان ئەمریکا لەگەڵ تاران باسی بکات و دووانەکەی دیکە وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ ئێران تاوتوێی بکەن. فیدان دەڵێت ئەمریکییەکان بەم پێشنیازە ڕازی بوون، بەڵام عێراقچی گەڕاوەتەوە بۆ تاران تاوەکو لەگەڵ ناوەند ڕاوێژ بکات.
کاریگەریی فشارەکانی ئیسرائیل لەسەر ترەمپ
هاکان فیدان باسی لەوە کرد کە ویستی تاران و واشنتن بۆ چارەسەر جیاواز بووە، بەڵام دەکرا لە پرسی بەرنامەی ئەتۆمیدا بگەنە ئەنجامێک. وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی کردەوە کە یەکێک لە ڕێگرە سەرەکییەکان بۆ نەگەیشتنە ڕێککەوتن، هەبوونی فشارێکی زۆر جیدیی ئیسرائیل بووە لەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
داهاتووی سیاسەتی ئێران و ئاسایشی سنوورەکان
وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشبینی دەکات سەرکردایەتیی نوێی ئێران سیاسەتێکی نەرمتر پەیڕەو بکات و داوای کرد تاران هاوکێشەکان هاوسەنگ بکاتەوە، چونکە بەردەوامبوونی جەنگ زیانی گەورەتری دەبێت. فیدان لە کۆتاییدا دڵنیایی دا کە سنوورەکانی تورکیا تۆکمەن و هێزەکانیان بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان.
ئیسماعیل بەقائی: دەبێت یەکێتیی ئەورووپا پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەخنەی توند لە هەڵوێستەکانی ئێستای یەکێتی ئەورووپا دەگرێت و داوایان لێدەکات نەبنە بەشێک لەو جەنگ و "تاوانانەی" کە ئەمریکا و ئیسرائیل دژی تاران ئەنجامی دەدەن.
پاشەکشەی ڕۆڵی دیپلۆماسیی ئەورووپا
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وەڵامی ڕاوێژکاری ئەڵمانیای دایەوە. بەقائی ئاماژەی بەوە کردووە، سەردەمانێک یەکێتی ئەورووپا و بەتایبەت هەر سێ وڵاتی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا ڕۆڵێکی گرنگیان لە دیپلۆماسیەتی نێودەوڵەتیدا دەگێڕا، بەتایبەت لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە.
تۆمەتبارکردنی ئەڵمانیا بە پەلکێشکردنی وڵاتان بۆ جەنگ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، لە ژێر فشاری ڕاوێژکاری ئەڵمانیادا هەوڵ دەدرێت بەشێک لە ئەندامانی یەکێتی ئەورووپا پەلکێشی ناو جەنگ بکرێن. بەقائی دەڵێت، ئەم هەوڵانە بۆ پاڵپشتیکردنی "تاوان و دەستدرێژییەکانی" ئەمریکا و ئیسرائیلە دژی ئێران، کە بە گوتەی ئەو یەکێکە لە کۆنترین شارستانییەتییەکانی جیهان.
داواکاریی تاران لە یەکێتی ئەورووپا
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئیسماعیل بەقائی داوای لە یەکێتی ئەورووپا کردووە دژی ئەو جۆرە بیرکردنەوانە بوەستێتەوە کە دەبنە هۆی ئاڵۆزی زیاتر. جەختیشی کردووەتەوە کە پێویستە یەکێتییەکە بە ئەرکی ڕاستەقینەی خۆی هەستێت و بە تەواوی پابەندی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت.
حەشدی شەعبی: ئەمریکا دوو هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانمان
فەرماندەیی جەزیرەی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە دوو کاتی جیاوازدا بنکەکانیانیان لە پارێزگاکانی بابل و ئەنبار کردووەتە ئامانج، هاوکات دەنگۆی هەبوونی کوژراو و بریندار لە چەند ناوچەیەکی دیکە بڵاودەکرێتەوە.
بۆردومانکردنی ناوچەی جوڕفولسەخر
ڕۆژی چوارشەممە 4-3-2026، فەرماندەیی جەزیرەی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کاژێر 21:00ـی شەوی 3ـی ئادار، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر یەکێک لە بارەگاکانیان لە ناوچەی جوڕفولسەخر لە باکووری پارێزگای بابل. بەپێی ڕاگەیێنراوەکە، ئەو هێرشە هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە.
هێرشی دووەم لە قەزای قائیم
بەپێی زانیارییەکانی هەمان فەرماندەیی، بۆ جاری دووەم و لە کاژێر 01:50ـی بەرەبەیانی 4-3-2026، هێزەکانی ئەمریکا لە سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی قائیم لە پارێزگای ئەنبار هێرشیان کردووەتەوە سەر بارەگایەکی حەشد. فەرماندەییەکە دەڵێت ئەو بارەگایەی کراوەتە ئامانج پێشتریش بۆردومان کرابوو، بەڵام ئەم هێرشە نوێیەش هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە.
زانیاریی ناکۆک لەبارەی قوربانییەکان
لەکاتێکدا فەرماندەیی فەرمیی حەشد باس لە نەبوونی زیان دەکات، کەناڵەکانی نزیک لە گرووپە چەکدارەکان لە تێلێگرام بڵاویانکردەوە کە لە پارێزگاکانی ئەنبار، دیالە و موسەننا هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی. بەپێی ئیدیعای ئەو کەناڵانە، بەهۆی هێرشەکانەوە ژمارەیەک کوژراو و بریندار لە ڕیزەکانی حەشددا هەن.
پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە
ئەم هێرشانەی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی دوای ئەوە دێن کە لە 28-2-2026، ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان دژی ئێران ئەنجامدا. لە کاردانەوەی ئەوەدا، گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە لە تارانەوە نزیکن، پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئێران دەربڕی و چەندین جار بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
بنکەی ڤیکتۆریا بە درۆن بۆردومان کرا
بەیانی ئەمڕۆ بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریای تایبەت بە هێزەکانی ئەمریکا لە بەغداد کرایەوە ئامانج، ئەمەش دووەم هێرشی لەو جۆرەیە لە ماوەی 48 کاژێری ڕابردوودا کە دەکرێتە سەر ئەو بنکەیە.
بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی بەغدا
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 4-3-2026، جارێکی دیکە بنکەی ڤیکتۆریای تایبەت بە هێزەکانی ئەمریکا لە نێو سنووری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد بە درۆن کرایە ئامانج. میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان گرتەی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دووکەڵ لە شوێنی بۆردومانەکە بەرز دەبێتەوە.
پاشخانی پەرەسەندنە ئەمنییەکان
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن کە لە ڕۆژی 28-2-2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردە سەر ئێران. لەو کاتەوە گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە پاڵپشتی تاران دەکەن، چەندین جار بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
هەڵوێستی گرووپی "سەرایا ئەولیا لدەم"
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەمە دووەمجارە بنکەی ڤیکتۆریا دەکرێتە ئامانج. پێشتر و لە ڕۆژی دووشەممە 2-3-2026، گرووپی "سەرایا ئەولیا لدەم" کە بەشێکە لە "موقاوەمەی ئیسلامی"، بەرپرسیارێتی هێرشێکی هاوشێوەی لە ئەستۆ گرت. ئەو گرووپە ڕایگەیاندووە کە هێرشەکانیان وەک "تۆڵەیەک بۆ خوێنی عەلی خامنەیی" و بۆ پاڵپشتیکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام دەدەن.
ئامانجی هێرشە درۆنییەکان
بەپێی ڕاگەیێنراوەکانی پێشووی گرووپە چەکدارەکان، هێرشەکان بە "ڕەوە درۆن" ئەنجام دەدرێن. گرووپی "سەرایا ئەولیا لدەم" کە زۆربەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانیشی لە ئەستۆ گرتووە، جەخت دەکاتەوە کە بەردەوام دەبن لە بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق.
سێنتکۆم: لە 100 کاتژمێردا زیاتر لە 2000 ئامانجمان لە ئێران پێکاوە
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا وردەکاریی گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتەکەیدا بۆ سەر ئێران ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، توانیویانە لە ماوەیەکی کورتدا ژێرخانی سەربازی و بەرگریی ئاسمانیی تاران پەکبخەن.
گەورەترین بڵاوکردنەوەی هێز لە ناوچەکە
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستانئاسا)دا کە لە 100 کاتژمێری ڕابردوودا ئەنجامدراوە، زیاتر لە 50,000 سەرباز، 200 فڕۆکەی جەنگی و 2 کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بەشدارن. کووپەر ئاماژەی بەوە کرد کە قەبارەی هێرشەکان لە 24 کاتژمێری یەکەمدا، 2 هێندەی هێرشەکانی ساڵی 2003ی سەر عێراق بووە.
تێکشکاندنی توانای سەربازیی ئێران
بەپێی زانیارییەکانی فەرماندەی سێنتکۆم، لە ماوەی کەمتر لە 100 کاتژمێردا، زیاتر لە 2,000 ئامانجی جیاواز بە 2,000 مووشەک پێکراون. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا بەرگریی ئاسمانیی ئێران بەتەواوی لەکارخراوە و سەدان مووشەکی بالیستی، سەکۆی هاوێشتن و درۆن لەناوبراون. هەروەها 17 کەشتیی جەنگیی ئێرانی تێکشکێنراون، کە ژێردەریاییە سەرەکییەکەی ئێرانیش لەنێویاندایە.
کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوە دەریاییەکان
کووپەر جەختی لەوە کردەوە کە دوای چەندین دەیە لە هەراسانکردنی بازرگانیی دەریایی لەلایەن ئێرانەوە، ئێستا هیچ کەشتییەکی ئێرانی لە دەریای عەرەب، گەرووی هورمز و کەنداوی عومان لە ڕێگەدا نەماون و هەموویان ناچارکراون بگەڕێنەوە ناو بەندەرەکان. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە بەرامبەردا ئێران 500 مووشەکی بالیستی و زیاتر لە 2,000 درۆنی لە هێرشەکانیدا بەکارهێناوە.
وەڵامدانەوەی تاران بە چەکەکەی خۆی
فەرماندەی سێنتکۆم ئاشکرای کرد، ئەمریکا توانیویەتی درۆنە دیزاینکراوەکانی ئێران بباتە وڵاتەکەی و پەرەیان پێ بدات، پاشان هەر ئەو درۆنانەی دژی خودی ڕژێمی ئێران بەکارهێناوەتەوە. کووپەر گوتی: "بە چەکی خۆیان وەڵامیان دەدەینەوە" و ئامانجی سەرەکییشیان تێکشکاندنی توانای هاوێشتنی مووشەکی بالیستییە.
کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی تاران
لەبارەی بارودۆخی مەیدانییەوە، ئەدمیراڵ براد کووپەر ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە قووڵایی خاکی ئێراندا ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن و هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی ئاسمانی تارانیان کۆنترۆڵ کردووە. جەختیشی کردەوە کە سوپای ئەمریکا لە هەموو قۆناغەکاندا پێش پلانی پێشبینیکراوی خۆیانن بۆ پاراستنی ژیانی هاوپەیمانەکانیان.
کۆمپانیاکانی نەوت بەرهەمهێنانیان لە 3 کێڵگەی هەرێمی کوردستان ڕاگرت
بەهۆی جەنگی سەر ئێران و مەترسیی فراوانبوونی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا، سێ کۆمپانیای بیانیی بواری وزە، بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کاتێکی نادیار ڕاگرت.
کێڵگەکانی ئەترووش و سەرسەنگ
کۆمپانیای شاماران کە لە کێڵگەکانی نەوتی ئەترووش و سەرسەنگ خاوەن پشکە و بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای (HKN) کێڵگەکان بەڕێوەدەبەن، بڵاویکردەوە کە ئاگادارکراونەتەوە کارەکانی بەرهەمهێنانی نەوت ڕابگرن. کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە ئەم بڕیارە بەهۆی تێکچوونی ڕەوشی ئەمنیی ناوچەکە و بە مەبەستی خۆپاراستن دراوە.
کێڵگەی نەوتیی شێخان
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن کە کێڵگەی نەوتیی شێخانی بەدەستەوەیە، ڕایگەیاندووە کە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە و بە ئامانجی پاراستنی گیانی کارمەندەکانیان و دامەزراوەکانیان، بەرهەمهێنانی نەوتیان لەو کێڵگەیەدا بە تەواوی ڕاگرتووە.
کاریگەرییەکان لەسەر کەرتی کارەبا
ئەم هەنگاوەی کۆمپانیا نەوتییەکان دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی شەممە کۆمپانیای دانەغاز کارەکانی لە کێڵگەی غازی سروشتیی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ ڕاگرت. ڕاگرتنی کارەکانی ئەو کێڵگەیە کێشەی گەورەی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا دروستکردووە، بە جۆرێک لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کارەبای نیشتمانی بڕاوە یان کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ کەمترین ئاست دابەزیوە.
ئاسایشی هەولێر: دوو درۆن لە نزیک کەسنەزان و گەڕەکی ڕۆشنبیری کەوتنەخوارەوە
شەوی ڕابردوو زنجیرەیەک هێرشی درۆنی کرانە سەر چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگای هەولێر و قەزای کۆیە، بەهۆیەوە لە یەکێک لە ناوچەکان 4 منداڵ بریندار بوون و چەند درۆنێکیش تێکشکان.
هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کەناڵ8، درەنگانی شەوی ڕابردوو 2 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕۆکەخانەی سەربازی، کە بارەگای هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لێیە. درۆنەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە بەرپەرچ دراونەتەوە و لە ئاسماندا خراونەتە خوارەوە.
برینداربوونی چوار منداڵ لە کەسنەزان
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، درۆنێکی خۆکوژ لە نزیک شارەدێی کەسنەزان کەوتووەتە خوارەوە. پەیامنێری کەناڵ 8 ڕایگەیاندووە کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی ئەو درۆنەوە، 4 منداڵ بە سووکی بریندار بوون. هاوکات درۆنێکی دیکەش لە گەڕەکی ڕۆشنبیری لە شاری هەولێر کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە.
بۆردومانکردنی کەمپی ئازادی لە کۆیە
هەر شەوی ڕابردوو، هێرشێکی نوێی درۆنی کرایە سەر کەمپی ئازادی لە قەزای کۆیە، کە شوێنی مانەوەی خێزان و منداڵەکانی ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانە. بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، چونکە پێشتر کەمپەکە لە دانیشتووانەکەی چۆڵکرابوو.
وەزارەتی بەرگریی سعودیە: بەرپەرچی 2 مووشەکی کروز و 9 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان دایەوە
وەزارەتی بەرگریی سعودیە تێکشکاندنی چەند مووشەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە ئاسمانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، هاوکات ئەمریکاش بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە بڕیارێکی نوێی بۆ کارمەندانی لە سعودیە و عوممان دەرکرد.
تێکشکاندنی مووشەکەکان لە باشووری ڕیاز
وەزارەتی بەرگریی سعودیە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەیان لە ئاسمانی ناوچەی ئەلخەرج لە باشووری ڕیازی پایتەخت، ڕێگرییان لە 2 مووشەکی جۆری کروز کردووە. لە ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتدا هاتووە کە مووشەکەکان لە ئاسماندا تێکشکێنراون و لەناو براون.
بەرپەرچدانەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان
ئاژانسی ڕاگەیاندنی فەرمیی سعودیە لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، جگە لە مووشەکەکان، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە بەرپەرچی 9 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بدەنەوە و ڕێگرییان لێ بکەن کە ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندووە.
بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
پەیوەست بە پەرەسەندنە ئەمنییەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ڕێگە بە کارمەندە ناسەرەکییەکانی و خێزانەکانیان دەدات کە هەردوو وڵاتی سعودیە و عوممان جێبهێڵن. ئهم بڕیارە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی لە ئەگەری تێکچوونی زیاتری دۆخی ناوچەکە لێکدەدرێتەوە.
قاسم ئەعرەجی: لەگەڵ عەباس عێراقچی پرسی ئاسایشی سنوورەکانمان تاوتوێ کرد
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پرسی هەماهەنگیی ئەمنی و پاراستنی سنوورە هاوبەشەکانیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە گفتوگۆیان کرد. تەوەرەی سەرەکیی قسەکانیان تایبەت بوو بە ڕەوشی ئەمنی ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
هەڵوێستی تاران بەرامبەر واشنتن و تەلئەبیب
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، لە پەیوەندییەکەدا عێراقچی سوپاسی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراقی کردووە. وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەعرەجی لەو کردەوانە ئاگادار کردووەتەوە کە تاران بە "تاوانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل" دژی گەلی ئێران وەسفیان دەکات.
پاراستنی سنوورە هاوبەشەکان
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، هەردوولا باسیان لە بەهێزکردنی هاریکارییە ئەمنییەکان کرد. جەخت لەسەر پێویستیی هەماهەنگی زیاتر کرایەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران.
سەرەخۆشیکردن
لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بەبۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی، سەرەخۆشی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کرد.
ئاژانسی فارس: تەرمی عەلی خامنەیی لە مەشهەد بەخاک دەسپێردرێت
ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاوی کردەوە، بڕیار دراوە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری مەشهەد بەڕێوە بچێت.
شوێنی بەخاکسپاردنەکە
کەمێک لەمەوبەر میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕایانگەیاند، بڕیاری کۆتایی دراوە کە تەرمی عەلی خامنەیی لە شاری مەشهەد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بەخاک بسپێردرێت، ئەمەش دوای ئەوەی گفتوگۆ لەسەر شوێنی ناشتنەکەی کرابوو.
گرنگیی شاری مەشهەد
شاری مەشهەد بەهۆی بوونی مەزارگەی ئیمام ڕەزا، بە یەکێک لە پیرۆزترین شارەکانی شیعە دادەنرێت و ساڵانە ملیۆنان کەس سەردانی دەکەن. هەڵبژاردنی ئەم شارەش بۆ بەخاکسپاردنی ڕێبەری باڵای ئێران، بەهۆی پیرۆزیی شوێنەکەوەیە لای پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە.
ترەمپ: هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق هەڵە بوو؛ ڕەزا پەهلەوی بژاردەیەکی گونجاوە
سەرۆکی ئەمریکا دان بەوەدا دەنێت کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق یەکێک بووە لە هەڵە گەورەکانیان، هاوکات باس لەوە دەکات کە خۆی هانی ئیسرائیلی داوە بۆ لێدانی ئێران و ناوی کوڕی شای ئێران وەک جێگرەوەیەک دەهێنێت.
هەڵە گەورەکەی عێراق
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین گوتاریدا بە ڕاشکاوی ئاماژەی بە دۆسیەی عێراق کرد و ڕایگەیاند، یەکێک لە هەڵە هەرە گەورەکانی ئەمریکا لە عێراق، بریتی بووە لە هەڵوەشاندنەوەی سوپا و دوورخستنەوەی فەرمانبەرانی حکومەت دوای پڕۆسەی ئازادی، کە ئەمەش لێکەوتەی خراپی هەبووە.
بۆچی ئیسرائیل هێرشی کرد؟
لەبارەی گرژییەکانی ئەم دواییە، ترەمپ نهێنییەکی ئاشکرا کرد و گوتی: "خۆم ئیسرائیلم بۆ ناو جەنگی ئێران هانداوە". هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە تاران پلانی هەبووە ئەمریکا بۆردومان بکات، بۆیە هێرشەکەی ئیسرائیل وەک بەرگرییەکی پێشوەختە بووە بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو مەترسییە.
کۆتاییهاتنی بەرگریی ئاسمانیی ئێران
سەرۆکی ئەمریکا زانیارییەکی هەواڵگری و سەربازیی لەسەر ئێران خستەڕوو و گوتی: "ئێستا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و ڕاداری ئێران بە تەواوی لەکارکەوتوون". ترەمپ هۆشداری دەدات کە دەبێت تاران چاوەڕێی زیانی زۆر گەورەتر بێت، چونکە بەهۆی لەکارکەوتنی سیستەمەکانیەوە، چیتر توانای بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی نەماوە.
ڕەزا پەهلەوی یان کەسێکی ناوخۆیی؟
سەبارەت بە داهاتووی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران، ترەمپ ڕەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێرانی وەک "بژاردەیەکی گونجاو" بۆ سەرکردایەتیکردن ناوبرد، بەڵام تێڕوانینی خۆی بەو شێوەیە خستەڕوو کە باشترە سەرکردەی داهاتوو لە دەرەوە نەبێت و گوتی: "پێم باشترە کەسایەتییەک لەناو خودی ئێرانەوە ئەو ئەرکە سیاسییە لە ئەستۆ بگرێت تاوەکو دۆخەکە جێگیر بێت".
بارەگای پێشووی یو ئێن لە سلێمانی بۆردومان کرا
کەمێک پێش ئێستا بارەگای پێشووی یوئێن لە سلێمانی بە درۆن بۆردومانکرا.
سەرۆکى هەواڵگرى پۆلیسى ئێران کوژرا
لە هێرشێکدا بۆ سەر تاران، سەرۆکى هەواڵگرى پۆلیسى ئێران کوژرا، وەزارەتى بەرگریش دەڵێت، بۆ هەر فەرماندەیەک سێ جێگرەوە دیاریکراوە.
لە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل
ئاژانسى تەسنیمى ئێران بڵاویکردەوە، لە دوژمنکارییەکى ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆ سەر تاران، غوڵام رەزا رەزائیان، سەرۆکى هەواڵگرى پۆلیسى ئێران کوژراوە.
هەر فەرماندەیەک سێ جێگری هەیە
هاوکات، عەمید رەزا تەڵائى، گوتەبێژى وەزارەتى بەرگریی ئێران بە ئاژانسى فارسى ڕاگەیاندووە، بۆ هەر فەرماندەیەک لانیکەم سێ جێگرەوە دیاریکراوە و بۆشاییان لە فەرماندەکاندا بۆ دروست نابێت.
لە ماوەى چوار ڕۆژى هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دەیان بەرپرس و فەرماندەى ئەمنى و سەربازى ئێران کوژراون.
ئێران: تیشکدانەوەى ئەتۆمى لە وێستگەى نەتەنز تۆمارنەکراوە
ئێران دەڵێت، دواى هێرشەکەى ڕۆژى یەکشەممەى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وێستگەى ئەتۆمى نەتەنز، هیچ تیشکدانەوەیەکى ئەتۆمى لە وێستگەکەدا تۆمارنەکراوە.
هێرشەکان زیانیان پێگەیاندووە
ڕێکخراوى وزەى ئەتۆمى ئێران، لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل زیانیان بە وێستگەى ئەتۆمى نەتەنز گەیاندووە، بەڵام بەهۆى ئەو ڕێکارە خۆپارێزیانەى گیراونەتەبەر هیچ تیشکدانەوەیەکى ئەتۆمى لە لەلایەن سیستمى چاودێریی وێستکەکەوە تۆمارنەکراوە.
بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم
وێستگەى ئەتۆمى نەتەنز بۆ پیتاندنى یۆرانیۆم لەژێر خاکدا بونیادنراوە و لە شەڕى 12 ڕۆژەى مانگى حوزەیرانى ساڵى ڕابردووش ھێرشى کرایە سەر.
ئاشکرابوونی بۆ یەکەمجار
وێستگەى ئەتۆمى نەتەنز، بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2002 ئاشکراکراوە، یەکێکە لە دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانى ئێران و دەکەوێتە نزیک شارى نەتەنز.
قەڵغانێکی چیمەنتۆیی هەیە
وێستگەکە لە قوڵایی 40 بۆ 50 مەتر لەژێر خاکدایە و قەڵغانێکى چیمەنتۆیی بە پانى حەوت مەتر پارێزگارى لێدەکات.
نێچیرڤان بارزانی و ماکرۆن: نیگەرانین لە پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەکە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەیان کرد و جەختیان لەوە کردەوە، دەبێت رێگە لە پەرەسەندنی شەڕ بگیرێت.
ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 3ی ئازاری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکە تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ناوچەکە بووە. هەردوولا "نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر بە پەرەسەندنی شەڕ دەربڕیوە" و جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کردووەتەوە.
چارەسەری ئاشتیانە
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، هەردوو سەرۆک هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
نێچیرڤان بارزانی و ماکرۆن جەختیان کردەوە کە دەبێت کێشەکان بە ڕێگەی ئاشتییانە و دیپلۆماسی چارەسەر بکرێن، نەک لە ڕێگەی توندوتیژییەوە.
تەوەرەکانی دیکە
جگە لە پرسی جەنگ و ئاڵۆزییەکان، تاوتوێکردنی چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرەنسا بوو.
نەتەنیاهوو: فڕۆکەکانمان لە ئاسمانی تارانن و بە هێزێکی زۆرەوە لێیان دەدەین
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بنکەیەکی سەربازییەوە پەیامێکی توند ئاراستەی تاران و بەیروت دەکات و ڕایدەگەیەنێت، لەمەودوا بە هێزێکی "زۆر گەورەتر" وەڵامی حیزبوڵڵا دەدەنەوە.
"فڕۆکەکانمان لە ئاسمانی تارانن"
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی نووسینگەکەی، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی سەردانیکردنی بنکەیەکی هێزی ئاسمانی لە ناوەڕاستی وڵاتەکەی، ڕایگەیاند: "بەردەوامین لە لێدانی ئێران بە هێزێکی زۆر، لە ئێستاشدا فڕۆکەکانمان لە ئاسمانی تاران و سەرتاسەری ئێران و هەروەها لە ئاسمانی لوبناندان."
هەڕەشەی توند لە حیزبوڵڵا
سەبارەت بە بەرەی باکوور و گرژییەکان لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنانی، نەتەنیاهوو هۆشداریدا و گوتی: "حیزبوڵڵا هەڵەیەکی زۆر گەورەی کرد کاتێک هێرشی کردە سەرمان."
ئەو جەختی کردەوە کە وەڵامەکانی پێشوویان توند بوون، بەڵام "لەمەودوا بە هێزێکی زۆر گەورەتر وەڵامیان دەدەینەوە."
چڕبوونەوەی هێرشەکان
ئەم پەیامەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان چڕتر کردووەتەوە و ماوەی دوو ڕۆژیشە زنجیرەیەک هێرشی چڕی کردووەتە سەر ئامانجە سەربازییەکانی نێو قوڵایی خاکی ئێران.
لە ئاسمانی هەولێر درۆنێکی خۆکوژ تەقێنرایەوە و هیچ زیانێکی نەبوو
ئەمشەو شەپۆلێکی چڕی هێرشی درۆنی و مووشەکی کرایە سەر هەریەک لە هەولێر و چەند شارێکی وڵاتانی کەنداو، بەڵام زۆربەیان پووچەڵ کرانەوە.
لە هەولێر چی ڕوویدا؟
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 3ی ئازاری 2026، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە شاری هەولێر بیسترا. بەگوێرەی زانیارییەکان، درۆنێکی خۆکوژ لە ئاسمانی شارەکەدا لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانانەوە کراوەتە ئامانج و پووچەڵ کراوەتەوە.
سەرچاوەکان دڵنیایی دەدەن کە ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێنەکەوتووەتەوە و دۆخەکە ئاساییە.
دوبەی، ئەبوزەبی و دەوحە
هاوکات لەگەڵ هەولێر، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە هەریەک لە شارەکانی دوبەی، ئەبوزەبی و دەوحە بیستراوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، تەقینەوەیەکی بەهێز لە دوبەی ڕوویداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا قەبارەی زیانەکان نەزانراون.
بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکان لە ڕێگەی درۆن و مووشەکەوە ئەنجام دراون و بەشێکی زۆریان لەلایەن سیستەمی بەرگریی وڵاتانەوە بەرپەرچ دراونەتەوە و لە ئاسمان تەقێنراونەتەوە، بەو هۆیەوە زیانی گیانی تۆمار نەکراوە.
ترەمپ: ئێران خەریکە چەک و سەکۆی مووشەکی لێ دەبڕێت
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، توانای سەربازیی ئێران بەرەو نەمان دەچێت و جەنگەکەش تەنیا چەند هەفتەیەکی ماوە. هاوکات ڕایدەگەیەنێت، ئامادەیە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی ئەو وڵاتە کار بکات.
کۆتاییهاتنی مووشەکەکانی ئێران
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی ئازاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: "ئێران خەریکە چەکی لێ دەبڕێت و شوێنیشی نامێنێت لێیەوە مووشەک ئاراستە بکات، چونکە سەکۆکانیان لەنێوبراون."
ترەمپ باسی لەوەش کرد، ئەمریکا خاوەنی بڕێکی "بێسنوور"ـە لە تەقەمەنی و کۆمپانیاکانی بەرگری بە خێراییەکی زۆر خەریکی بەرهەمهێنانی ئەو چەکانەن کە پێویستن.
جەنگەکە کەی کۆتایی دێت؟
سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی دەکات جەنگەکە "چوار تا پێنج هەفتە" بخایەنێت. هۆکاری هێرشەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئێران لە لێواری دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمیدا بووە.
سەرکردایەتیی نوێی ئێران
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتێکی نوێ لە تاران. کاتێک لێی پرسرا ئایا کات درەنگ نییە؟ گوتی: "نەخێر، درەنگ نییە. لەبیرتان نەچێت 49 سەرکردەی باڵایان کوژراون، ئەمەش کاریگەریی گەورەی هەیە. سەرکردەی نوێ دەردەکەون و هەندێکیان زۆر باش دەبن."
ترەمپ بۆ هاووڵاتیانی ئێران: راپەڕن و دەست بەسەر حکومەتەکەتاندا بگرن
بەرپرسانی ئەمریکا بە میدیاکانی وڵاتەکەیان ڕاگەیاندووە، ترەمپ ئامادەیە پشتگیریی گرووپە چەکدارەکانی ناو ئێران بکات بۆ رووخاندنی دەسەڵات و لەوبارەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ سەرکردە کوردەکان کردووە.
پلانەکەی ترەمپ بۆ ناوخۆی ئێران
ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە پشتگیریی ئەو گرووپانەی نێو ئێران بکات کە دەیانەوێت چەک هەڵبگرن بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئێستا. بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئەم هەنگاوە دەکرێت ئەو گرووپە ئێرانییانە بکاتە "هێزێکی زەوینی" کە واشنتن پشتگیرییان بکات.
گفتوگۆ لەگەڵ بارزانی و تاڵەبانی
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیا ئەمریکییەکە، ڕۆژی یەکشەممە ترەمپ پەیوەندیی بە "سەرکردە کوردەکان"ـەوە کردووە، کە مەبەست لێی سەرۆک مەسعود بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی بووە. ئامانجی ئەم پەیوەندییانەش تاوتوێکردنی جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و هەنگاوەکانی داهاتووی ئەم ململانێیە بووە.
لەمبارەیەوە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی потڕاستیکردووەتەوە کە ترەمپ لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، بەرچاوڕوونی داوە لە ئامانجەکانی ئەمریکا لەم جەنگەدا.
ئیسرائیل ڕێگە بۆ پێشڕەویی کورد خۆش دەکات؟
وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوە داوە، بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەند پێگەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بووەتە هۆی دروستبوونی ئەو پێشبینییەی کە "ئیسرائیل ڕێگە بۆ پێشڕەویی کوردەکان خۆش دەکات"، بەو پێیەی کورد هێزێکی بەرچاوی لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵات هەیە.
جۆری هاوکارییەکان
سەبارەت بەوەی ترەمپ چۆن هاوکارییان دەکات، بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە کە ئایا چەک، مەشق و ڕاهێنان یان تەنیا پشتگیریی هەواڵگری پێشکێش بەو گرووپانە دەکرێت.
پێشتر ترەمپ داوای لە گەلی ئێران کردبوو ڕاپەڕن و دەست بەسەر حکومەتەکەتاندا بگرن، بەڵێنیشی دابوو کە "ئەمریکا بە هێزێکی بێشوومار و وێرانکەر پشتگیریتان دەکات."
فیدان: چاودێریی هاوپەیمانیی گرووپە کوردییەکان دەکەین
هاکان فیدان دەڵێت، بە وردیی چاودێریی هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و تەماشای هەنگاوەکانی داهاتووی ئەو حیزبانە دەکەن.
لە نزیکەوە چاودێرکردنی هەنگاوەکان
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی، باسی لە هاوپەیمانیی پێنج حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە هەفتەی ڕابردوو ڕاگەیێنرا و دەڵێت، لە نزیکەوە چاودێریی هەنگاوەکانیان دەکەن.
ئامانجیان چییە؟
فیدان ئاماژەی بەوە کردووە، "گرووپە کوردییەکان کە سەر بە هێڵی جیان، کۆبوونەوەتەوە و هاوپەیمانێتییەکیان دروستکردووە و ڕاگەیێنراوی هاوبەش بڵاودەکەنەوە.
فیدان دەڵێت، بە وردیی چاودێریی ئەوە دەکەین ئایا ئەم گرووپانە تاوەکو چەند دەچنە شەڕ لەگەڵ ئێران و گرووپە ئیتنیکییەکانی دیکە."
فیدان باس لەوەش دەکات، لە نزیکەوە چاودێریی پارتە کوردییەکان دەکەن؛ ئایا ئامانجیان چییە، چی دەکەن و بە وردیی شیکردنەوە بۆ هەنگاوەکانیان دەکەن.
ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە
ڕۆژی 22ـی شوبات، "هاوپەیمانییەتیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" ڕاگەیێنرا کە پێکهاتووە لە پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان.
سوپای پاسداران: گرووپە دووژمنەکانمان لە هەرێمی کوردستان بۆردوومانکرد
سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرایدەکات، گرووپە دووژمنەکانی کۆماری ئیسلامییان بە 30 درۆن لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج، دەشڵێت، ئەو گرووپانە بە نیازبوون دزە بکەنە ناو خاکی ئێران و بەرەنگارمان ببنەوە.
بۆردومانکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بەشی پەیوەندییەکانی سوپای پاسداران بڵاویکردووەتەوە، پێگەی گرووپە دووژمنەکانی شۆڕش کە مەبەستی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە هەرێمی کوردستان وێرانکراون.
دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد لەسەر نیازی ئەو گرووپانە، بە 30 درۆن کراونەتە ئامانج.
وەڵامی یەکلاکەرەوە ئامادەیە
سوپای پاسداران جەختلەوە دەکاتەوە، وەڵامی یەکلاکەرەوە و خێرایان بۆ سەرجەم گرووپە دەستدرێژیکارەکان ئامادەیە و کاری لە پێشینەیان بۆردوومانکردنی ئەو گرووپانەیە لە سەرجەم جوگرافیا جیاوازەکان.
هیچ چاوپۆشییەک ناکرێت
سوپای پاسداران دەشڵێت، هیچ چاوپۆشییەک لەگەڵ ئەو لایەنانە ناکەن، میوانداریی ئەو گرووپانە دەکەن و کار بۆ بە ئامانجگرتنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەکەن.
ئەمڕۆ بە چەند درۆنێک کەمپی ئازادی لە کۆیە و هێزەکانی پارتی ئازادی کوردستان چەند جارێک لە هەرێمی کوردستان بۆردوومانکران.
ئێران ڕەتیدەکاتەوە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەزایان بە ئامانجگیرابێت
دەسەڵاتدارانی ئێران ڕەتیدەکەنەوە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەزایان بە ئامانجگیرابێت و ئەو شوێنەی هێرشی کراوەتە سەر هیچ کۆبوونەوەیەکی تێدا بوبێت.
ئیسرائیل: کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی شارەزایانمان بە ئامانجگرت
سەرچاوەیەکی ئیسرائیل بە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، لە هێرشکدا کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، کە بەرپرسە لە هەڵبژاردنی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران.
هاکان فیدان و نێچیرڤان بارزانی بە تەلەفۆن قسەیان کرد
هاکان فیدان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و وەزیرانی دەرەوەی قەتەڕ و یۆنان قسەیکرد و پێشهاتەکانی پەیوەست بە شەڕی ئێرانیان تاوتوێ کرد.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا
بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە تەلەفۆن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، موحەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەڕ و یۆرگۆس یەراپەتریتیس، وەزیری دەرەوەی یۆنان گفتوگۆی کردووە.
تاوتویی دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوواین پێشهاتەکانی ناوچەکە کراوە.
پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکان
شەڕ و پێکدانانەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک زیاتر پەرەدەستێنن و لەلایەکی دیکەشەوە، بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە هەوڵی ڕاگرتنی گرژییەکان دەدەن.
کۆبوونەوەی فیدان و تۆم باراک
هەر ئەمڕۆ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە شاری ئەنقەرە، لەگەڵ تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا.
نرخی یەک بەرمیل نەوت 83 دۆلاری تێپەڕاند
بەهۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەکان و مەترسی لەسەر هەناردەکردنی نەوت بەڕێگەی دەریادا، نرخی نەوت بەرزبوونەوەی زیاتری تۆمارکرد و، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برنت گەیشتە 83 دۆلار.
ئێران: دەبێت جەنگ بوەستێت
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران داواى ڕاگرتنى جەنگى کرد و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دیپلۆماسی هەڵبژارد، بەڵام ئەوە ئەمریکا بوو دەستپێشخەری بۆ جەنگ کرد و جەنگی هەڵبژارد.
ڕێگەی دیپلۆسییان هەڵبژاردووە
بەقائی دەڵێت، ئەگەر لەسەر بنەمای ئەزموونەکانی پێشوو بوایە دەبووایە نەچووینایە ناو دانوستانەوە، بەڵام هەر ڕێگای دیپلۆماسییان هەڵبژارد.
"ئێمە هەڵگیرسێنەری جەنگ نەبووین"
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران زیاتر ڕوونیکردەوە و گوتی، "جەنگ دەبێت بوەستێت، ئێمە هەڵگیرسێنەری جەنگ نەبووین، ئەم دەستدرێژییە سەربازییانە بژاردەی ئێمە نەبوو، بژاردەی ئێمە ڕێگای دیپلۆماسی بوو، تەنانەت زۆربەمان لەسەر ئەو بۆچوونە بووین لەسەر بنەما و ئەزموونی دانوستانەکانی پێشوو، نە ئەبوایە بچووینایەتە دانوستان، بەڵام ئێمە هەر ڕێگای دیپلۆماسیمان هەڵبژارد".
ڕێبەری ێێران لە شوێنی کارەکەی کوژراوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی، ڕێبەری ئێران و خێزانەکەی لە شوێنی کارەکەی ڕووبەرووی هێرش بوونەتەوە.
"منداڵ کراوەتە ئامانج"
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران زیاتر باسی ئەو بابەتەی کرد و ڕایگەیاند، "ڕێبەری وڵاتەکەمان لە شوێنی کارەکەی لەگەڵ خێزانەکەى ڕووبەرووی هێرش بوونەوە و شەهیدیان کرد، لە هەمان کاتدا منداڵەکانی ئێمەیان لە قوتابخانەیەکی میناب شەهید کرد بە دوو مووشەک بۆچی دوو موشەک کە ئەمڕۆ بڕیار بوو ئارامگەی هەمیشەییان ئامادە بکرێت، 171 فریشتەی جوانی ئێرانی یان لە یەک کات شەهید کرد، دواتر نزیکەی 20 وەزرشکاری کچمان شەهیدکران دیسان کچانی ئێمەیان بە ئامانجگرت بۆچی کچەکانمان جێگەی پرسیارە؟".
ئەمریکا داوا لە کارمەندانی دەکات باڵیۆزخانەی عێراق جێبهێڵن
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق داوا لە کارمەندە ناسەرەکییەکانی لە تەواوی عێراق دەکات، وڵاتەکە جێبهێڵن. باڵیۆزخانەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕێنماییەکانی گەشتکردنی بۆ عێراق نوێکردووەتەوە.
"عێراق بە جێبهێڵن"
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی بە کارمەندانی ناسەرەکی لە نوێنەرایەتی ئەمریکا کردووە عێراق جێبهێڵن بەهۆی بوونی مەترسیی ئەمنییەوە و هێشتا ئاستی هۆشداریی لەبارەی گەشتکردن بۆ عێراق لە ئاستی چواردایە کە بە واتای ئامۆژگاریی گەشتنەکردن دێت.
کردنەوەی کایەی ئاسمانی بۆ ماوەیەکی کورت
هەروەها هاوڵاتییانی ئەمریکی کە لە عێراقن داوایان لێکراوە لە نزیکترین دەرفەتدا وڵاتەکە جێبهێڵن. باس لەوەشکراوە دەسەڵاتدارانی عێراق کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەیان داخستووە، بەڵام بۆ ماوەیەکی کورت دەیکەنەوە هەربۆیە پێویستە هاوڵاتییانی ئەمریکی لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکان لە پەیوەندییدابن.
داخستن بەبێ ئاگادارکردنەوە
باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەشڵێت، ڕەنگە دەروازە سنوورییەکان لەهەر ساتێکدا و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دابخرێن. ئاماژەی بەوەشکردووە هێشتا گرووچەکانى نزیک لە ئێران هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر ئاسایشی گشتیی و هەرکەسێک ڕێگەی وشکانیی بۆ هاتوچۆ لەناوخۆی عێراقدا بەکاردەهێنێت، دەبێت زۆر هۆشیار بن لەبارەی بوونی مەترسی هێرشی مووشەکی، درۆنی و هاوەن.
پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییانڕاگرتووە
هەریەک لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد و کۆنسوڵخانەی گشتیی وڵاتەکە لە هەولێر، کارکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییان ڕاگرتووە و داوا دەکەن هاوڵاتییانی ئەمریکی لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە پەیوەندییان پێوەبکەن.
چين بۆ لايەنەکان: پارێزگاری لە سەلامەتی گەرووی هورمز بکەن
ماونينگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چين لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانيدا، داوای لە هەموو ئەو لايەنانە کرد کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێوەگلاون سەلامەتی گەرووی هورمز بپارێزن.
ئاسایشی وزە بۆ هەموو جیهان گرنگە
ماونينگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چين باسی ئەوەشیکرد، "ئاسایشی وزە بۆ ئابووریی جیهان زۆر گرنگە، هەروەها هەموو لایەنەکان بەرپرسیارن لە دەستەبەرکردنی سەقامگیر و بێ کێشەی دابینکردنی وزە".
داوای پاراستنی سەلامەتیی کەشتیوانیی لە هورمز
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین گوتیشی، "چین داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات دەستبەجێ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان ڕابگرن و دووربکەونەوە لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان و پاراستنی سەلامەتی هێڵی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، هەروەها ڕێگری لە کاریگەری زیاتر لەسەر ئابووریی جیهانی بکەن".
سلێمانی: تا 1 ساڵی دیکە هیچ جۆرە کەمییەک لە خستنەڕووی شمەکی خۆراکیدا ڕوونادات
لە سلێمانی لە ڕێگەی 1300 کۆگای پڕ لە پێداویستییەوە، دڵنیایی دەدرێت کە بۆ ماوەی 1 ساڵی تەواو هیچ جۆرە کورتهێنانێک لە خۆراکدا ڕوونادات، تەنانەت ئەگەر هەموو ڕێگاکانی بازرگانیش دابخرێن.
ئامادەیی 1300 کۆگا و ترسی بازرگانان لە ساغنەبوونەوەی کاڵا
مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران ڕایگەیاند، ڕۆژانە سەدان بارهەڵگر کەلوپەلی نوێ دەگەیەننە 1300 کۆگای شارەکە. ئاماژەی بەوەش کرد، پێداویستییەکان هێندە زۆرن کە بەشێک لە بازرگانان ترسی ساغنەبوونەوەی خێرای کاڵاکانیان هەیە و چاوەڕێی گەیشتنی هەزاران کۆنتێنەری دیکە دەکەن لە بەندەرەکانی بەسرە و ئوم قەسرەوە بۆ سلێمانی.
سەرچاوەکانی هاوردەکردن و کاریگەریی داخستنی ئاسمان
جموجۆڵی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ساڵانە 6 ملیار دۆلارە کە زۆربەی لە کاڵای جوانکاری، سەوزە و میوە پێکدێت. لە بەرانبەردا، زۆربەی شمەکە خۆراکییە سەرەکییەکان لە چین و هیندستانەوە هاوردە دەکرێن. سەبارەت بە داخستنی ئاسمانی عێراق، ئاماژە بەوە کراوە کە تەنیا کاریگەری لەسەر هاوردەی زێڕ و مۆبایل دەبێت و نابێتە بارگرانی بۆ بژێوی و خۆراکی هاونیشتمانیان.
هۆشداری لە پاشەکەوتکردنی خۆراک لەلایەن ماڵانەوە
ئارام بابان، ئەندامی ژووری بازرگانیی سلێمانی ڕایگەیاند، تاوەکو 1 ساڵی دیکە هیچ جۆرە کەمییەک لە خستنەڕووی شمەکی خۆراکیدا ڕوونادات. ئاماژەی بەوەش کرد، پاشەکەوتکردنی خۆراک لەلایەن هاونیشتمانیانەوە لە ماڵەکانیاندا تەنیا زیان بە داهاتی خۆیان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆکار بۆ دروستبوونی هەڵاوسانی دەستکرد لە بازاڕدا.
پاراستنی ئاسایشی خۆراک لەبەردەم ئاڵۆزییەکان
فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی هاوردەکردن وایکردووە ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر خوانی هاونیشتمانیان نەبێت. بەگوێرەی پلانەکان، سلێمانی بۆ ماوەی 1 ساڵ لەبەردەم هەر ئەگەرێکی نەخوازراودا قەڵغانی خۆراکی بۆ دانیشتووانەکەی دابین کردووە و کۆگاکان لێوانلێون لە پێداویستییە سەرەکییەکان.
بازاڕی دراوی سلێمانی: خواستێکی زۆر لەسەر کڕینی تمەن دروستبووە
لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ئێران، لە بازاڕی دراوی سلێمانی خواستێکی زۆر لەسەر کڕینی تمەن دروستبووە و بەهای ئەو دراوە بەرامبەر دۆلار بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
گۆڕینی سەروەت و سامان بۆ تمەنی ئێرانی
محەمەد ڕەحمان، هاونیشتمانییەک لە شاری سلێمانی، بۆ کڕینی تمەنی زیاتر ڕووی لە بازاڕی دراو کردووە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە تەواوی سەروەتەکەی کە بڕی 70,000 دۆلارە کردوویەتی بە تمەن. محەمەد بە گەشبینییەوە لە ئاییندەی تمەن دەڕوانێت و پێیوایە لە "ئێرانی نوێدا" بەهای تمەن زیاد دەکات و قازانجی زۆر دەبینێت.
بەرزبوونەوەی بەهای تمەن بە ڕێژەی 15%
لە دوای دەستپێکی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، بەهای تمەن لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. پێش هێرشەکان 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بوو بە 13,700,000 تمەن، بەڵام ئێستا 100 دۆلار بەرامبەرە بە 11,700,000 تمەن. بەمەش بەهای تمەن زیاتر لە 15% بەرزبووەتەوە.
خواستی زۆر لەسەر تمەنی کاش
محەمەد عەبدوڵا، مامەڵەکاری دراو ئاماژە بەوە دەکات، ئەو تمەنەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان خواستی زۆری لەسەرە تمەنی "کاشە". ئەم خواستە زۆرە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی بەهای ئەو دراوە لە کاتی ئێستادا. جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانیش چاودێریی گۆڕانکارییە خێراکان دەکات.
کاریگەریی هێرشەکان و سزاکان لەسەر بەهای دراو
سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ سەر ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا و هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکە، وایکرد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهای تمەن بگاتە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی. لە ئێستادا بەشێک لە هاونیشتمانییان دەیانەوێت لە ڕێگەی کڕینی تمەنەوە ئاییندەی دارایی خۆیان بونیاد بنێن، لە کاتێکدا پێشتر دابەزینی بەهای ئەو دراوە بووەتە هۆی زیانی دارایی بۆ چەندین خێزان.
ڕۆژنامەی بلوومبێرگ: وڵاتانی کەنداو تەنیا بۆ 4 ڕۆژ تەقەمەنی سیستەمی بەرگرییان ماوە
چوارەم ڕۆژی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامە و ئێرانیش لە ڕێگەی مووشەک و درۆنەوە هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو. ڕۆژنامەی بلوومبێرگ ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی تەقەمەنی و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بڵاوکردووەتەوە.
نەمانی تەقەمەنی سیستەمی بەرگریی پاتریۆت
ڕۆژنامەی بلوومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، لە کۆگاکانی وڵاتی قەتەردا تەنیا بۆ ماوەی 4 ڕۆژ تەقەمەنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت ماوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران. وڵاتانی ناوچەکە بەهۆی ئەم کورتهێنانەوە داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان دەکەن.
هەوڵ بۆ ڕازیکردنی ترەمپ و ڕاگرتنی جەنگ
قەتەر و ئیمارات لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانیانەوە هەوڵ دەدەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕازی بکەن کۆتایی بە هێرشەکان بۆ سەر ئێران بهێنێت. ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە سیستەمە بەرگرییەکانی ئەو وڵاتانە پێویستیان بە بڕێکی زۆر تەقەمەنییە و مەترسیی پەککەوتنیان لە ئارادایە.
وەستانی بەرهەمهێنانی گاز و بەرزبوونەوەی نرخ لە ئەوروپا
بەهۆی هێرشی درۆنیی ئێرانەوە، بەرهەمهێنان لە گەورەترین دامەزراوەی هەناردەکردنی غازی شلکراوە (LNG) لە قەتەر وەستاوە. ئەم ڕووداوە بووەتە هۆی ئەوەی نرخی گازی سروشتی لە بازاڕەکانی ئەوروپادا بە ڕێژەی 50% بەرزبوونەوە تۆمار بکات.
مەترسیی درۆنەکان لە مووشەکە بالیستییەکان زیاترە
وڵاتانی کەنداو هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگریی ئاسمانی چڕ کردووەتەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی ئەو وڵاتانە پێیان وایە هێرشە درۆنییەکان مەترسییان لە هێرشی مووشەکە بالیستییەکان زیاترە و زیانی قورسیان بە کەرتی وزە گەیاندووە.
نێوەندگیریی وڵاتانی ئەوروپا لەلایەن سەرکردەکانی کەنداوەوە
محەمەد بن زیاد ئال ناهیان، سەرۆکی ئیمارات و شێخ تەمیم بن حەمەد ئەلسانی، میری قەتەر لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، سەرۆککۆماری فەرەنسا و ڕاوێژکاری ئەڵمانیاوە کردووە. ئامانجی پەیوەندییەکان داواکردنی نێوەندگیری و هاوکارییە بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە.
دەوڵەت باخچەلی: کوشتنی عەلی خامنەیی ناپاکییەکی تەواوە و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ناشەرعییە
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ڕایگەیاند، هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران "نایاساییە" و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پارێزگاری لە یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە بکرێت.
سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل
ئەمڕۆ سێشەممە 3-3-2026، دەوڵەت باخچە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، ئەم دەستدرێژییەی سەر ئێران ناشەرعی و ناڕەوایە. باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا بە هاندان و پیلانی "زایۆنیزم" هێرشی کردووەتە سەر خاکی ئێران و ئەو وڵاتە تەنیا هی ئێرانییەکانە.
کوشتنی خامنەیی و دزەکردنی سیخوڕەکان
سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بە هێرشەکەی 28-2-2026 کرد کە تێیدا عەلی خامنەیی و چەند بەرپرسێکی دیکە کرانە ئامانج و گوتی: "کوشتنی عەلی خامنەیی بە تەواوی ناپاکییە." باخچەلی باسی لەوەش کرد کە ئەم ڕووداوە لاوازیی ئاسایشی ناوخۆی ئێرانی دەرخستووە، چونکە سیخوڕەکان چوونەتە ناو هەستیارترین و نهێنیترین شوێنەکانی ئەو وڵاتەوە.
هۆشداری لە دابەشبوونی ئێران
باخچەلی جەختی کردەوە کە ئێران خاوەنی 2,500 ساڵ نەریتی دەوڵەتدارییە. هۆشداریشی دا کە دابەشکردنی ئێران لەسەر بنەمای ئەتنیکی یان مەزهەبی، دەرەنجامی قورسی بۆ جیهان دەبێت و پێویستە ڕێگری لە هەر هەوڵێک بکرێت کە یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە بخاتە مەترسییەوە.
وانەکانی جەنگی ئێران بۆ تورکیا
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، باخچەلی ڕایگەیاند هێرشەکانی سەر ئێران وانەی تێدایە بۆ ئەنقەرە و گرنگیی "بەرەی ناوخۆ" دەردەخات. گوتیشی جیاکردنەوەی ئەو ڕووداوانەی بەسەر ئێراندا دێن لە تورکیا مەحاڵە و پێویستە وڵاتەکەی گیانی یەکێتیی نیشتمانی و برایەتیی کورد و تورک بەهێز بکات بۆ گەیشتن بە ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر".
زێلێنسکی: ترسی ئەوەمان هەیە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە ئەمریکا مووشەک و سیستەمی بەرگریمان پێنەدا
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا نیگەرانیی خۆی نیشاندا کە وڵاتەکەی بەهۆی جەنگی ئەمریکا دژ بە ئێران، لە وەرگرتنی مووشەک و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە واشنتن بێبەش ببێت.
پێویستیی ئەمریکا بە مووشەکی پاتریۆت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
زێلێنسکی بۆ ڕۆژنامەی (Corriere della Sera)ـی ئیتاڵی ئاشکرای کردووە، بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی دژ بە ئێران دەستیپێکردووە، ڕەنگە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیی زۆریان بەو سیستەمانە هەبێت بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، بەتایبەتی مووشەکی دژە فڕۆکەی پاتریۆت.
کاریگەریی جەنگ لەسەر بەرنامەی PURL
سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان بەرنامەی (PURL) بەکاردەهێنن بۆ کڕینی چەکی ئەمریکی بە پارەی ئەوروپی، بەڵام مەترسی هەیە ئەمریکییەکان بەهۆی پێویستیی خۆیانەوە لە ئێستادا ڕێگری لە فرۆشتنی ئەو چەکانە بکەن و کارەکانی ئۆکرانیا پەک بخەن.
خاوبوونەوەی هاوکارییەکان بەهۆی جەنگی 2025
زێلێنسکی ڕوونیکردەوە، لە ساڵی 2025ـدا بەهۆی جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، پڕۆسەی دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا خاوبووەوە. جەختیشی کردەوە کە هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئەم دۆخە دووبارە نەبووەتەوە، بەڵام ترسی هەیە جارێکی دیکە هەمان سیناریۆ ڕووبداتەوە و کیێڤ بێ چەک بمێنێتەوە.
دوورکەوتنەوەی واشنتن و ئەوروپا لە کیێڤ
سەرۆکی ئۆکرانیا ئەو ئەگەرەی ڕەت نەکردەوە کە ئەمریکا و ئەوروپا لە یارمەتیدانی کیێڤ دوور بکەونەوە و تەواوی سەرنجیان لەسەر بارودۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕ بکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی سەربازیی ئۆکرانیا.
پەیامنێری کەناڵ8: 3 درۆن لە سنووری بەحرکە کەوتنە خوارەوە و دەنگێکی بەهێزیان هەبوو
بەیانیی ئەمڕۆ لە 3 شوێنی جیاوازی سنووری بەحرکەی پارێزگای هەولێر 3 درۆن کەوتنە خوارەوە، ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی لەلای دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە.
کۆکردنەوەی پاشماوەی درۆنەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هاونیشتمانیانی سنوورەکە هێزە ئەمنییەکانیان لە ڕووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە و تیمە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان و پارچەکانیان کۆکردووەتەوە. شایەتحاڵانی ڕووداوەکە باس لەوە دەکەن کە لە کاتی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکاندا دەنگێکی زۆر بیستراوە و دانیشتووانی ناوچەکە هەستیان بە مەترسی کردووە.
سەرچاوەی درۆنەکان و بەکارهێنانی بزوێنەری ماتۆڕسکیل
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو درۆنانە لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئاراستەی سنوورەکە کراون. ئاماژە بەوەش دراوە کە یەکێک لە درۆنەکان بزوێنەری ماتۆڕسکیلی لەسەر بووە و پاش کەوتنەخوارەوەی، لەلایەن چەند ماتۆڕسوارێکەوە پاشماوەکانی هەڵگیراوەتەوە.
ئاماری هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان لە 4 ڕۆژی ڕابردوودا
بەگوێرەی ئامارەکان لە ماوەی 4 ڕۆژی ڕابردوودا، 100 درۆن و مووشەک ئاراستەی سنووری پارێزگای هەولێر کراون. لەو هێرشانەدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، فڕۆکەخانەی هەریر، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و بنکەکانی هێزە هاوپەیمانەکان کراونەتە ئامانج.
مانگی سووری ئێرانی: تاوەکو ئێستا 787 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە کوژراون
مانگی سووری ئێرانی ئاماری نوێی زیانەکانی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئاماری کوژراوان و ژمارەی هێرشەکان
مانگی سووری ئێرانی ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئێران، تاوەکو ئێستا 787 کەس کوژراون. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە تاوەکو ئێستا 1,039 هێرشی جیاواز کراونەتە سەر ناوچەکانی وڵاتەکە.
پێکانی 504 شوێن لە 153 ناوچە
بەگوێرەی ئامارەکانی مانگی سوور، هێرشەکان 504 شوێنی جیاوازیان لە 153 ناوچەی وڵاتەکە گرتووەتەوە. ئەمە دووەمین ئاماری فەرمیی ڕێکخراوەکەیە لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکان، بەڵام لە هیچ کام لە ڕاگەیەندراوەکاندا ئاماری بریندارەکان بڵاونەکراوەتەوە.
ئامادەباشیی تیمەکانی فریاگوزاری
مانگی سووری ئێرانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، تیمەکانیان لە هەموو شوێنێک لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان بۆ بەهاناوەچوونی خەڵک. تیمەکان ڕاسپێردراون لەو ناوچانەی دەکرێنە ئامانج، بە خێرایی دەست بە کارەکانی گەڕان و ڕزگارکردن بکەن.
سوپای ئیسرائیل: بە 100 فڕۆکەی جەنگی کۆمەڵگەی سەرۆکایەتیی ئێرانمان لە تاران بۆردومان کرد
هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ناوەندی بڕیاردانی سیاسی و ئەمنیی تاران و چەندین باڵەخانەی باڵای وڵاتەکەی پێکاوە.
قەبارەی هێرشەکە و ژمارەی بۆمبەکان
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، نزیکەی 100 فڕۆکەی جەنگی لە هێرشەکەدا بەشداربوون و بە زیاتر لە 250 بۆمب کۆمەڵگەی سەرکردایەتیی ئێرانیان لە تاران بۆردومان کردووە. ئەم هێرشە یەکێکە لە چڕترین بۆردومانەکان بۆ سەر ناوەندی پایتەختی ئێران.
ئەو باڵەخانانەی کراونەتە ئامانج
هێرشەکەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل چەند دامەزراوەیەکی هەستیاری گرتووەتەوە، لەوانە: باڵەخانەی سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و بارەگای کۆڕی سەرکردایەتیی باڵا. هەروەها دامەزراوەیەکی تایبەت بە مەشقپێکردنی ئەفسەرانی سوپای ئێران لە هەمان ناوچەدا بۆردومان کراوە.
گرنگیی ستراتیژیی ناوچە ئامانجکراوەکە
بەگوێرەی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، ئەم کۆمەڵگەیە چەندین شەقامی ناوەڕاستی تاران دەگرێتەوە. ئەم شوێنە بە ناوەندی سەرەکیی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامی و ناوەندی بڕیاردانی ئەمنیی وڵاتەکە دادەنرێت، کە سەرجەم بڕیارە باڵاکانی ئێرانی تێدا دەردەچێت.
سوپای لوبنان لە ناوچە سنوورييەکان لەگەڵ ئيسرائيل جێگيرکرا؛ سوپای ئیسرائیلیش لە باشووری لوبنانە
سوپای ئیسرائیل هێرشی نوێی کردە سەر کۆگای چەکی حیزبوڵای لوبنان لە بەیروت، وەزيری بەرگریی ئيسرائيليش دەڵێت "فەرمانی بە هێزەکانيان کردووە پێگەی نوێ لە لوبنان کۆنترۆڵ بکەن".
جێگیربوونی سوپای لوبنان
سەرچاوەیەکی سەربازیی لوبنان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، سوپای وڵاتەکە سەربازەکانی لە چەند پێگەیەکی سنووری جێگيرکردووە کە بەم دواییە دروستکراون.
ژمارەی سەربازەکان لە خاڵەکاندا
سوپای لوبنان ڕایگەیاندووە، ئەو سەربازانە ژمارەیان لە هەر خاڵێکدا هەشت بۆ نۆ سەرباز بووە، بەهۆی مەترسی لەسەر گيانيان دووبارە گەڕێنراونەتەوە بۆ بنکەکانیان".
سێ بنکەی ئیسرائیل کراوەتە ئامانج
گرووپی چەکداری حيزبوڵای لوبنان ڕايگەياند، لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئيسرائيلدا بۆ سەر مۆڵگەکانیان لە لوبنان سێ بنکەی سەربازی ئيسرائيليان کردووەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان
سوپای ئیسرائیليش ڕايگەياندووە، لە چەند شوێنێک لە باشووری لوبنان هێزەکانى جێگیرکردووە، ئەوەش بە گوتەى خۆیان "بۆ بەرگریکردن لە هاوڵاتيیانی مەدەنیی لە هێرشەکانی حيزبوڵا".
ڕێکارێکی تاکتیکی
سوپای ئیسرائیل لەبارەی جێگیرکردنی هێزەکانیان لە باشووری لوبنان گوتيشی "ئەمە ئۆپراسیۆنێکی زەمینی نییە، بەڵکو ڕێکارێکی تاکتیکییە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی گەلەکەمان".
پێگەی زیاتری حیزبوڵا بگرن
يسرائيل کاتز وەزيری بەرگری ئيسرائيليش ڕايگەياندووە، فەرمانی بە هێزەکانيان کردووە دەست بەسەر پێگەی زياتری حيزبوڵادا لە لوبنان بگرن بۆ ڕێگرى لە هێرشی ڕێکخراوەکە.
دەسەڵات بە هێزی بەرگریی ئیسرائیل دراوە
کاتز لە ڕاگەيێنراوێکدا گوتی "من و بنیامین نەتانياهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دەسەڵاتمان بە هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل داوە کە پێشڕەوی بکەن و پێگەی ستراتیجی زیاتر لە لوبنان کۆنترۆڵ بکەن".
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران: ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕێگەی بەکرێگیراوەکانەوە پلانی تێکدانی دۆخی ئێرانیان هەیە
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری دەدات کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕێگەی بەرنامەیەکی تایبەت و بە هاوکاریی "بەکرێگیراوانی ناوخۆیی"، هەوڵی تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی ئیسلامی دەدەن.
پلانی نائەمنکردنی نیشتمانیی وڵاتانی ئیسلامی
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل خەریکی جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی تایبەتن بۆ تێکدانی دۆخی نیشتمانیی وڵاتانی ئیسلامی. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم پڕۆژەیە لە ڕێگەی ژمارەیەک بەکرێگیراوی ناوخۆییەوە ئەنجام دەدرێت کە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا کار دەکەن.
هەژمارکردنی بەکرێگیراوەکان وەک سەربازی ئیسرائیل
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو کەسانەی لە ناوخۆی وڵاتدا هاوکاریی پلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە وەک "سەربازی ئیسرائیل" لە قەڵەم دەدرێن. تاران ئاماژە بەوە دەکات کە مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ئەم کەسانە وەک مامەڵەکردن دەبێت لەگەڵ هێزێکی سەربازیی دوژمن.
بەرپەرچدانەوەی توند و یەکلاییکەرەوە
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران جەختی کردەوە، هێزەکانیان بە شێوەیەکی توند و یەکلاییکەرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەس و گرووپە بەکرێگیراوانە دەکەن. وەزارەتەکە هۆشداری دەدات کە ڕێگە بە هیچ هەوڵێک نادەن بۆ شێواندنی ئاسایشی ئێران و بە هەموو توانایەکیانەوە بەرپەرچی پلانەکان دەدەنەوە.
نێت بلۆکس: 97%ـی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران پچڕاوە
هێڵەکانی ئینتەرنێت لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران لەکارخراون، بەوەش دەستگەیشتن بە زانیارییەکانی تایبەت بە هێرشەکان و ئاماری قوربانییەکان بە تەواوی سنووردار بووە.
پچڕانی ئینتەرنێت و سنووردارکردنی زانیارییەکان
هێڵەکانی ئینتەرنێت لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران پچڕاون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دەستگەیشتن بە زانیارییەکانی تایبەت بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ژمارەی قوربانییەکان لە ناوخۆی وڵاتەکە بە تەواوی سنووردار بێت و گواستنەوەی هەواڵەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببێتەوە.
ڕاگەیەندراوی تۆڕی نێت بلۆکس
تۆڕی نێت بلۆکس، کە تۆڕێکی جیهانیی تایبەتە بە چاودێریکردنی ئینتەرنێت لە جیهاندا، ڕایگەیاند 97%ـی ئینتەرنێتی ئێرانییەکان پچڕاوە. ئەم ئامارە نیشانەی وەستانی نیمچە گشتیی پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە لە ناو خاکی ئێراندا.
دووبارەبوونەوەی پچڕانی هێڵەکان لە دوای 2025
لە دوای ناڕەزایەتییەکانی 28-12-2025ـەوە، ئەمە بۆ جاری 2ـەمە هێڵەکانی ئینتەرنێت لەو وڵاتەدا دەبڕدرێن. پێشتر و لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا، پچڕانی ئینتەرنێت بۆ ماوەی نزیکەی 2 هەفتە بەردەوام بوو، ئێستاش لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکان جارێکی دیکە هێڵەکان لەکارخراونەتەوە.
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی درۆنی شاهید 136ـی ئێرانی ناسراو بە "ماتۆڕسکیلی ئاسمانی"
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید 136 (Shahed-136)، دروستکراوی وڵاتی ئێرانە و بەهۆی شێوازی کارکردنییەوە بە "درۆنی خۆکوژ" یان "کامیکازی" ناسراوە.
پێناسە و ناسنامەی پیشەسازیی درۆنەکە
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید 136 بۆ هێرشی ڕاستەوخۆ دیزاین کراوە و کاتێک دەگاتە ئامانجەکەی، خۆی پێدا دەتەقێنێتەوە. بەستەرە کارەباییەکانی ئەم درۆنە کۆدی کارگەی 2630SWG24 و ژمارەی زنجیرەیی (S/N)ـیان لەسەرە، کە بۆ ناسینەوەی بەشە جیاوازەکان لە کاتی دروستکردندا بەکاردێن.
مەودای بڕین و توانای تەقەمەنی
ئەم درۆنە دەتوانێت مەودایەکی زۆر ببڕێت کە لە نێوان 2000 بۆ 2500 کیلۆمەتردایە. سەری جەنگی شاهید 136 توانای هەڵگرتنی نزیکەی 40 کیلۆگرام ماددەی تەقەمەنی هەیە، ئەمەش وای لێدەکات کاریگەرییەکی بەهێزی لە کاتی پێکانی ئامانجەکاندا هەبێت.
جۆری بزوێنەر و دەنگی درۆنەکە
درۆنەکە بزوێنەرێکی پستۆنی سادەی لەسەرە و لە کاتی فڕیندا دەنگێکی هاوشێوەی ماتۆڕسکیل دروست دەکات، هەر بەو هۆیەشەوە لە ناوەندە سەربازی و میدیاییەکاندا بە "ماتۆڕسکیلی ئاسمانی" ناو دەبرێت.
سیستەمی ڕێدۆزی و دیاریکردنی ئامانج
بۆ دۆزینەوە و پێکانی ئامانجە جێگیرەکان، درۆنی شاهید 136 پشت بە سیستەمی GPS و سیستەمی ڕێدۆزی ناوەکی دەبەستێت. ئەم تەکنەلۆژیایە ڕێگەی پێدەدات بە وردی بەرەو ئەو پۆۆینتانە بڕوات کە پێشوەختە بۆی دیاریکراون.
ڕۆژنامە عەرەبییەکان: واشنتن جەخت لە 4 ئامانج دەکاتەوە و عێراق بووەتە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوە
لەگەڵ چڕبوونەوەی جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، ڕۆژنامە دیارەکانی وڵاتانی عەرەب بە مانشێتی جیاواز تیشک دەخەنە سەر مەترسییەکانی فراوانبوونی جەنگەکە و لێکەوتەکانی بۆ سەر ناوچەکە.
شەرقولئەوسەت: 4 ئامانجی سەرەکیی ترەمپ بۆ لێدانی ئێران
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن لە مانشێتی ژمارەی ئەمڕۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە، دۆناڵد ترەمپ جەخت لەسەر 4 ئامانجی سەرەکی دەکاتەوە کە بریتین لە: لەناوبردنی توانای مووشەکی بالیستیکی ئێران، تێکشکاندنی هێزی دەریایی، ڕێگریکردن لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی و بڕینی سەرچاوە داراییەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تاران.
عەرەبی جەدید: فراوانبوونی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو
ڕۆژنامەی عەرەبی جەدیدی قەتەری تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ئێران هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو بەرفراوان کردووە. بەپێی ڕۆژنامەکە، بۆردومانەکانی ئێران زیانی گەورەی بە ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتانە گەیاندووە و چەندین کێڵگەی نەوت و گازی لەکارخستووە.
ئەلمەدا: عێراق بووەتە گۆڕەپانی جەنگی تاران و واشنتن
ڕۆژنامەی ئەلمەدای عێراقی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە عێراق بە کردەیی بووەتە گۆڕەپانی سەرەکیی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئێران و ئەمریکا. ڕۆژنامەکە هۆشداری دەدات کە لە چەندین ئاراستەوە ئاگری جەنگەکە بەر عێراق کەوتووە و مەترسییەکان بۆ سەر سەقامگیریی وڵاتەکە ڕوویان لە زیادبوونە.
نەهار: حیزبوڵڵا لوبنانی پەلکێشی "خۆکوژیی سیاسی" کردووە
ڕۆژنامەی نەهاری لوبنانی ڕەخنەی توند لە حیزبوڵڵا دەگرێت و دەڵێت، ئەو کارەی حیزبوڵڵا بەرەبەیانی دوێنێ ئەنجامیدا، لە "خۆکوژییەکی سیاسی" تێپەڕی کردووە. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە حیزبوڵڵا گوێی بە هۆشدارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان نەداوە و وڵاتەکەی تووشی هەڵەیەکی کوشندە کردووە.
سەباح: سوودانی ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکی عێراق دەکات
ڕۆژنامەی سەباحی عێراقی باس لە هەوڵەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات. سوودانی دەزگا ئەمنییەکانی ڕاسپاردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەک و جەختی کردووەتەوە کە ڕێگە نادرێت خاکی عێراق لە ململانێ هەرێمی و ناوخۆییەکاندا بەکاربهێنرێت.
قەبەس: وڵاتانی کەنداو بژاردەی وەڵامدانەوەی ئێران تاوتوێ دەکەن
ڕۆژنامەی قەبەسی کوەیتی بڵاویکردووەتەوە، ئەنجوومەنی وەزاریی وڵاتانی کەنداو کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکانی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران. وڵاتانی کەنداو ڕایانگەیاندووە کە ڕێکاری پێویست دەگرنەبەر بۆ پاراستنی سەقامگیریی خاک و هاووڵاتییەکانیان لە هەر هێرشێکی داهاتوو.
ئاژانسی هەواڵی ئیسنا: پرۆسەی هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێی ئێران کاتێکی زۆر ناخایەنێت
ئاژانسی هەواڵی ئیسنا لە زاری عەلی موعەلەمی، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران بڵاویکردەوە، پرۆسەی دیاریکردنی جێگرەوەی عەلی خامنەیی بە خێرایی بەڕێوەدەچێت و لەسەر بنەمای پێوەرە ئایینییەکان دەبێت.
پێوەرەکانی هەڵبژاردن و دوورکەوتنەوە لە سیاسەت
عەلی موعەلەمی ئاماژەی بەوە کرد، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایان سوێندیان خواردووە کە ئارەزووە کەسییەکان یان ڕەوتە سیاسی و حزبییەکان کار نەکەنە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێ. بڕیارەکە تەنیا لەسەر بنەمای پێوەرە ئایینییەکان دەبێت و ڕایگەیاند کە لەو بارەیەوە پێویست بە نیگەرانی ناکات.
هەڵبژاردنی کەسایەتییەک هاوشێوەی خامنەیی
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی شارەزایان جەختی کردەوە، ئەنجوومەنەکە وەک جارەکانی پێشوو، کەسایەتییەک هاوشێوەی عەلی خامنەیی بۆ پۆستی ڕێبەری باڵا هەڵدەبژێرێت. ئەمەش بۆ پاراستنی بەردەوامیی بنەماکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم قۆناغە هەستیارەدا.
قۆناغی ڕاگوزەر و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کاتی
دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، قۆناغی ڕاگوزەر لە ئێران دەستیپێکردووە. عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری کۆچکردوو ڕایگەیاند، ئەنجوومەنێکی سەرکردایەتیی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان پێکهێندراوە. بەپێی ئاژانسی ئێرنا، ئەم ئەنجوومەنە لە سەرۆککۆمار، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاران پێکهاتووە و تا کاتی یەکلابوونەوەی ڕێبەری نوێ، بەرپرسیارێتییەکان لە ئەستۆ دەگرن.
سلێمانی: بڕیاردرا مۆلیدە ئەهلییەکان لە کاتژمێر 4ـی ئێوارەوە تاوەکو 1ـی شەو کارەبا بدەنە هاونیشتمانیان
بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بڕانی کارەبا لە 3 ڕۆژی ڕابردوودا، مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی دەکەونەوە کار و لە کاتژمێر 4ـی ئێوارەوە تاوەکو 1ـی شەو کارەبا بۆ هاونیشتمانیان دابین دەکەن.
ڕێککەوتنی پارێزگای سلێمانی و خاوەن مۆلیدەکان
بۆ ئەم مەبەستە، ئەمڕۆ سێشەممە 3-3-2026 کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی لەگەڵ خاوەنی مۆلیدە ئەهلییەکان بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتن کرا کە مۆلیدە ئەهلییەکان دەستبەکار ببنەوە تاوەکو ئەو کاتەی کێشەی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی بە تەواوی چارەسەر دەکرێت.
کاتژمێرەکانی کارکردن و لایەنە تەکنیکییەکان
بڕیارەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە کاتی نەبوونی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکیدا، مۆلیدەکان لە کاتژمێر 4ـی ئێوارە بۆ 1ـی شەو کار دەکەن. ئەو مۆلیدانەی کێشەی تەکنیکییان نییە لە ئەمڕۆوە دەستبەکار دەبن، بەڵام ئەو مۆلیدانەی پێویستیان بە چاککردنەوە هەیە، دەبێت تاوەکو سبەی چوارشەممە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و کارەبا بدەنە هاونیشتمانیان.
وەستانی کێڵگەی کۆرمۆر و پەککەوتنی کارەبا
ئەم قەیرانە دوای دەستپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دروستبوو، کە بووە هۆی وەستانی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر. بەوپێیەی ئەم کێڵگەیە 80%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات، بڕانی گازەکە بووە هۆی کوژانەوەی گشتیی کارەبا. لە ڕۆژانی ڕابردوودا مۆلیدەکان بەهۆی ڕووننەبوونی میکانیزمی وەرگرتنی پارە لەلایەن پڕۆژەی ڕووناکی، ئامادە نەبوون مۆلیدەکانیان هەڵبکەنەوە.
هەڵوێستی هەولێر و دهۆک بەرامبەر مۆلیدەکان
ڕۆژی ڕابردوو مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر و دهۆک دەستیان بە کارکردن کردەوە. لەو دوو پارێزگایە ڕێککەوتن کراوە کە تێچووی کارکردنی مۆلیدەکان لە هاونیشتمانیان خۆیان وەربگیرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی پڕۆژەی ڕووناکی بەرپرسیارێتیی دابینکردنی تێچووەکەی لەم دۆخەدا لە ئەستۆ نەگرت.
قایمقامی کۆیە: بە 3 درۆن هێرشکراوەتە سەر بنکەکانی حیزبی دیموکرات لە کۆیە
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 3-3-2026، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کەمپی ئازادی و بنکەکانی حیزبی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە و بەو هۆیەوە بریندار و زیانی ماددی لێکەوتەوە.
ئەنجامدانی هێرشەکە بە 3 درۆن
تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 8:40 خولەک، لە ڕێگەی 3 درۆنەوە بۆردومانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە کراوە. ئەمە 3ـیەمین جارە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران هێرش بکرێتە سەر سنووری کۆیە.
ئامانجەکان و ژمارەی قوربانییەکان
بەگوێرەی زانیارییەکانی قایمقامی کۆیە، درۆنەکان بنکەیەکی تەندروستی، بارەگایەکی حیزبی دیموکرات و کۆگایەکی چەک و تەقەمەنییان کردووەتە ئامانج. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا تاوەکو ئێستا برینداربوونی 1 کەس تۆمارکراوە.
دۆخی ئەمنیی شار و هۆشداری بۆ هاووڵاتییان
قایمقامی کۆیە ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی ناو شاری کۆیە بە گشتی ئارامە. هاوکات داوا لە هاووڵاتییان کراوە بۆ پاراستنی سەلامەتییان، لە کەمپی ئازادی و بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیک نەبنەوە.
مێژووی بۆردومانکردنی ناوچەکە
بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکرات لە نزیک شارۆچکەی کۆیەن و لە ڕابردووشدا چەندین جار لەلایەن ئێرانەوە بە درۆن و مووشەک بۆردومان کراون. ئەم هێرشانەی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئەو ئاڵۆزییە سەربازییانەدا دێن کە تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە.
کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل
کۆمەڵەی فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا پشتڕاستیکردەوە کە بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە هاتوچۆی ئاسمانی زیانی بەرکەوتووە و هەزاران گەشتیار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیریان خواردووە.
هەڵوەشاندنەوەی 450 گەشتی ئاسمانی لە ئەڵمانیا
کۆمپانیای ئەی دی ڤی ڕایگەیاند، تاوەکو 5-3-2026 زیاتر لە 450 گەشتی ئاسمانی لە 8 گەورەترین فڕۆکەخانەی ئەڵمانیا هەڵوەشێندراونەتەوە. گەشتەکان بۆ شارەکانی ئەبوزەبی، عەممان، بەیروت، دۆحە، دوبەی، هەولێر، سلێمانی و تەلئەبیب ڕاگیراون، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی 135,000 سەرنشین. هەروەها داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە 30,000 کۆمپانیای گەشتیاریی ئەڵمانی لە ناوچەکەدا کاریگەریی شەڕیان لەسەر دروستبووە.
بەرزبوونەوەی نرخی غاز لە ئەوروپا بە ڕێژەی 48%
لە بازاڕەکانی ئەوروپا نرخی غاز بە ڕێژەی 48% بەرزبووەوە، ئەمەش دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و مەترسیی وەستانی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز. لە پلاتفۆرمی هۆڵەندی، گرێبەستەکانی مانگی نیسان بە 47.2 یۆرۆ بۆ هەر مێگاوات کاتژمێرێک مامەڵەیان پێوەکرا، لە کاتێکدا لە 27-2-2026 نرخەکە تەنیا 31.9 یۆرۆ بووە. ئەم هەڵکشانە دوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی (LNG) بوو لەلایەن کۆمپانیای قەتەر ئینێرجییەوە بەهۆی هێرش بۆ سەر دامەزراوەکانی لە ڕەس لەفان و مەسەعید.
مەترسییەکانی شەڕ لەسەر دابینکردنی خۆراک
پچڕانی کەشتیوانیی دەریایی ڕێگری لە گەیشتنی کاڵا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە هاوردەکردنی خۆراک دەبەستێت. زۆرێک لە کەشتییە بارهەڵگرەکان کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن ڕاگیراون، وەک نموونە لە کاتی شەڕەکەدا لە حوزەیرانی 2025، تەواوی باری برنجی هیندستان کە بۆ وڵاتانی کەنداو دابینکرابوو، گەیشتنی ڕاگیراوە.
کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر بەرهەمهێنانی پلاستیک
بەگوێرەی شیکاریی کۆمپانیای ئارگوس، شەڕەکە هەڕەشە لە ناوەندێکی گەورەی هەناردەکردنی پۆلیمەرەکان دەکات لە ئیمارات. وڵاتانی کەنداوی عەرەبی ساڵانە تاوەکو 23 ملیۆن تۆن پۆلی ئیسیلین بەرهەم دەهێنن، کە دەکاتە 15%ـی بەرهەمی جیهانی و یەکێکە لە پلاستیکە هەرە بەکارهێنراوەکان لە جیهاندا، ئێستا هەناردەکردنی ئەم ماددەیە کەوتووەتە مەترسییەوە.
پەککەوتنی هەناردەی پەینی کیمیایی
کۆمپانیای کۆبلەر ئاماژە بەوە دەکات کە 33%ـی پەینی جیهانی، لەوانەش گۆگرد و ئامۆنیا، بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن. ئەم پێداویستییانە لە قەتەر، سعودیە و ئیماراتەوە بۆ هیندستان، چین، بەرازیل و ئەفریقا دەنێردرێن. کۆمپانیاکە دەڵێت هیچ جێگرەوەیەک بۆ کەشتیوانی لە ناوچەی کەنداو نییە و گواستنەوەی وشکانیش سنووردارە، بەرزبوونەوەی نرخی وزەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی پەین دەبێت.
ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی غاز لەلایەن کۆمپانیای شیڤرۆن
کۆمپانیای شیڤرۆن لە ڕۆژی دەستپێکردنی هێرشەکان ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی پڕۆژەیەکی گەورەی غازی سروشتی لە کەناراوەکانی ئیسرائیل ڕاگرتووە. ئەم بڕیارە لەسەر داوای حکومەتی ئیسرائیل بووە و کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەولەویەتی سەرەکییان دەستەبەرکردنی سەلامەتیی کارمەندەکانیانە لە کاتی شەڕدا.
بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوەی نەوت
شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن تێچووی گواستنەوەی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئاسیا زیاتر بەرزبێتەوە، چونکە ململانێکان وای کردووە خاوەن کەشتییەکان لە ناردنی کەشتی بۆ ناوچەکە بترسن. کۆمپانیاکانی دڵنیایی بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، تێچووی گواستنەوە لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 3 هێندە زیادی کردووە.
وەستانی بیمەی دەریایی و زیانی تانکەرەکان
کەشتیوانی لە ئاستی جیهانیدا پەککی کەوتووە و کۆمپانیاکانی بیمە ئامادە نین بیمەی کەشتییەکان بکەن بەهۆی مەترسیی جەنگ لە کەنداوی عەرەبیدا. تاوەکو ئێستا زیان بە 4 تانکەر گەیشتووە و 2 دەریاوان گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 150 کەشتی لە گەرووی هورمز و دەوروبەریدا گیریان خواردووە.
دابەزینی پێوەرەکانی وۆڵ ستریت
پێوەرە گەورەکانی وۆڵ ستریت بە دابەزین کرانەوە، کاتێک وەبەرهێنەران خۆیان بۆ ململانێیەکی درێژخایەن ئامادە کرد کە هەڕەشەی تێکدانی ڕێگاکانی بازرگانی و بەرزکردنەوەی هەڵاوسان دەکات. لە دوایین ئامارەکاندا، داو جۆنز 183.5 خاڵ، S&P 500 بە ڕێژەی 54.5 خاڵ و ناسداک 346 خاڵ دابەزینیان بەخۆیەوە بینیوە.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ 5,410 دۆلار
بەهۆی پەرەسەندنی ترسی درێژخایەنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە ڕێژەی 2% بەرزبووەوە و گەیشتە 5,410 دۆلار، کە وەبەرهێنەران وەک پەناگەیەکی ئارام پەنای بۆ دەبەن.
میدیا فەرمییەکانی ئێران: زنجیرەیەک تەقینەوە و هێرش تاران و ئەسفەهان گرتەوە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 3-3-2026، چەندین تەقینەوە و هێرش چەند شارێکی ئێرانی گرتەوە و دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە پایتەخت و دەوروبەری بیستراوە.
هێرش بۆ سەر تاران و ئەسفەهان و خومەین
بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی ئێران، هێرشەکان بە تایبەتی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی تاران، ئەسفەهان و شاری خومەینی گرتووەتەوە. باس لەوە دەکرێت کە چەندین تەقینەوەی لەسەریەک لەو ناوچانەدا ڕوویانداوە.
بیستنی دەنگی تەقینەوە بەهێزەکان
میدیاکانی وڵاتەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە ئەسفەهان و چەند شارێکی سەر بە تاران بیستراوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی نائاسایی لەو ناوچانەی کە هێرشەکەیان کراوەتە سەر.
خستنەخوارەوەی درۆن لە شاری خومەین
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران بڵاوبوونەتەوە، ئاگرێکی گەورە لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری خومەین کەوتووەتەوە. میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاندووە، ئاگرەکە بەهۆی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) بووە کە لەلایەن سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەوە پێش پێکانی ئامانجەکەی خراوەتە خوارەوە.
فوئاد حوسێن: عێراق خەریکە ڕاستەوخۆ کاریگەر دەبێت بە لێکەوتەکانی شەڕەکەوە
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەی خەریکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر کاریگەریی لێکەوتەکانی ئەم جەنگەی ئێستا ناوچەکەی گرتووەتەوە.
لێکەوتەکانی جەنگ و ناسەقامگیریی ناوچەکە
فوئاد حوسێن ڕایگەیاند، بەردەوامیی جەنگ دەبێتە هۆی قوڵکردنەوەی حاڵەتی ناسەقامگیری و دروستکردنی پشێوی لە ناوچەکەدا. وەزیری دەرەوەی عێراق پرسیاری لەبارەی ئامانجە داواکراوەکانی جەنگ کرد لە کاتێکدا زیانێکی گەورەی مرۆیی و ئەمنی دروستبووە و مەودای گرژییەکان ڕووی لە فراوانبوونە.
پەیوەندیی تەلەفونی لەگەڵ وەزیری بەریتانیا
ئەم لێدوانانەی فوئاد حوسێن لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بووە لەگەڵ هامیش ڤالکونەر، وەزیری بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا باسیان لە نوێترین پێشهاتەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران و لێکەوتەکانی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە کردووە.
هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست
لە بەرانبەردا، وەزیرەکەی بەریتانیا جەختی لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان کردەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست. هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی ڕەخساندنی بارودۆخێکی گونجاو کرد بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ وڵاتانی ناوچەکە.
باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە سعودیە و کوەیت: بەهۆی هێرشەکانەوە کارەکانمان ڕادەگرین و باڵیۆزخانەکانمان دادەخەین
بەهۆی توندبوونەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و کرانە ئامانجیان، باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە هەردوو وڵاتی سعودیە و کوەیت داخران و سەرجەم کاروبارە کونسوڵگەرییەکانیان ڕاگرت.
داخستنی کاتیی باڵیۆزخانەی ڕیاز
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری ڕیازی سعودیە پشتڕاستیکردەوە کە هێرشکراوەتە سەر باڵەخانەکەیان. باڵیۆزخانەکە داوای لە هاووڵاتییان کردووە لە دامەزراوەکە دوور بکەونەوە و ڕایگەیاندووە کە بە شێوەیەکی کاتی و بۆ ماوەیەکی نادیار داخراوە و کارەکانی ڕاگرتووە.
ڕاگرتنی کاروبارە کونسوڵگەرییەکان لە کوەیت
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کوەیت لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی گرژییەکانی ناوچەکەوە باڵیۆزخانەکەیان دادەخەن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە سەرجەم وادە ئاسایی و بەپەلەکانی کونسوڵگەری هەڵوەشێندراونەتەوە و تاوەکو ئاگادارییەکی دیکە باڵیۆزخانەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە.
بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە باڵیۆزخانەی کوەیت
ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاندووە کە ئێران هێرشی کردووەتە سەر کوەیت. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، دوای هێرشەکە دووکەڵ لە باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری کوەیت بەرزبووەتەوە. ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر بنکە و نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە چڕبوونەتەوە.
ئێران: تاوەکو هێرشەکان بەردەوام بن تاران لە بەرگریکردن لە خۆی بەردەوام دەبێت
ئەمیرسەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، تاوەکو ئەو کاتەی هێرش و دەستدرێژییەکان بۆ سەر وڵاتەکەی بەردەوام بن، تاران لە بەرگریکردن لە خۆی بەردەوام دەبێت.
بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی دوژمن
ئێرەوانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی تەنیا بنکە و بارەگا سەربازییەکانی دوژمنەکانیان دەبێت لە هەموو ناوچەکەدا. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل گەیشتوونەتە ئاستێکی باڵا.
پاراستنی شوێنە مەدەنییەکان و وڵاتانی دراوسێ
نوێنەرەکەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە، تاران شوێنە مەدەنی و ناسەربازییەکان بە ئامانج ناگرێت. هەروەها ڕایگەیاند، کردنە ئامانجی وڵاتانی دراوسێ لە کارنامەی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیدا نییە و هێرشەکان تەنیا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی نەیارەکانیان دەبێت.
میدیا فەرمییەکانی ئێران: هیچ شارێکی ئێران بەهۆی هێرشەکانەوە چۆڵنەکراوە
میدیا فەرمییەکانی ئێران لە زاری بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەیان ڕایانگەیاند، سەرەڕای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هیچ شارێکی وڵاتەکە چۆڵنەکراوە و ژیان تێیاندا بەردەوامە.
ڕەتکردنەوەی هەواڵی کۆچی دانیشتووانی شارەکان
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە بەشێک لە میدیا جیهانییەکان وا بڵاوکرایەوە کە خەڵکی ئەو شارانەی بە سەختی بۆردومان دەکرێن، ناوچەکانیان بەجێهێشتووە و کۆچیان کردووە، بەڵام تاران ئەو هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە.
پەیامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمان
عەلائەدین بروجەردی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، "ئێمە خاوەن گەلێکین هەرگیز دەستبەرداری خاک و نیشتمانی خۆیان نابن و نەبوون." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیرادەی خەڵک بۆ مانەوە لە شارەکانیان جێگیرە.
وەفاداریی خەڵک لە ژێر گەمارۆی 47 ساڵەدا
ئەندامەکەی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، گەلی وڵاتەکەی ماوەی 47 ساڵە لە ژێر ڕەحمی سزا و گەمارۆکاندان، بەڵام بەوپەڕی ئازایەتی و وەفادارییەوە لەگەڵ حکومەتەکەیان وەستاون و ئەم هێرشانە کاریگەرییان لەسەر ئەو هەڵوێستەیان نابێت.
ستیڤ ویتکۆف: پێشنیازمان بۆ ئێران کرد بۆ ماوەی 10 ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت بەڵام ڕەتیان کردەوە
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرای کرد، کە تاران لە دانوستانەکاندا پێشنیازێکی ئەمریکای بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕەتکردووەتەوە و جەختی لەسەر بەردەوامیی پیتاندن کردووەتەوە.
پێشنیازی ئەمریکا بۆ دابینکردنی سووتەمەنی
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەندامی شاندی دانوستانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند، لەگەڵ ئێرانییەکان تاوتوێی ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمیان بۆ ماوەی 10 ساڵ کردووە. ویتکۆف ئاماژەی بەوە کردووە کە لە بەرامبەر ئەو ڕاگرتنەدا، ئەمریکا پێشنیازی کردووە خەرجیی سووتەمەنی ئەتۆمییان بۆ دابین بکات، بەڵام تاران بە تەواوی ئەو پێشنیازەی ڕەتکردووەتەوە.
پێداگریی ئێران لەسەر مافی پیتاندن
بە گوتەی نێردەی ئەمریکا، ئێران دانوستانی لەگەڵ شاندەکەی ئەمریکا بە دووپاتکردنەوەی مافی زەوتنەکراوی خۆی لە پیتاندنی هەموو سووتەمەنییەکانی یۆرانیۆم دەستپێکردووە. تاران ڕەتی کردووەتەوە دەستبەرداری هیچ بەشێکی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم بێت و ئەوەی وەک مافێکی سەرەکیی خۆی ناساندووە.
ئامانجی ئێران بۆ خۆپڕچەککردن
ستیڤ ویتکۆف دەڵێت، ئەوکاتەی تاران لە دانوستانەکاندا پێشنیازەکەیانی ڕەتکردەوە، بۆیان ڕوون بووەتەوە کە ئامانجی ئێران لە پارێزگاریکردن لە پیتاندنی یۆرانیۆم تەنیا بۆ مەبەستی خۆپڕچەککردن و دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بووە نەک بۆ مەبەستی ئاشتیانە.
بڕیاری ترەمپ بۆ ڕاگرتنی پیتاندن
نێردەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوە کرد، وەڵامی ئەوان بۆ ئێرانییەکان ئەوە بووە کە دۆناڵد ترەمپ بڕیاریداوە لە ناو سنوورەکانی خۆیاندا پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت. ویتکۆف جەختی کردەوە کە ئەمریکا ڕێگە نادات ئێران بەردەوام بێت لەو پرۆسەیەی کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات.
ناتانیاهوو: ئێران بنکەی ئەتۆمی نوێی دروستکردبوو، بۆیە هێرشمانکردە سەری
بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هۆکاری هێرشکردنە سەر ئێران لەم کاتەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تاران دەستیکردبوو بە دروستکردنی بنکەی نوێی ئەتۆمی و مووشەکی.
هۆکاری هێرشکردنە سەر ئێران لەم کاتەدا
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی پێشتر هێرشیان کردبووە سەر بنکە ئەتۆمییەکان و بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران، تاران دەستیکردووەتەوە بە دروستکردنی بنکەی نوێ، هەربۆیە دەبوو لەم کاتەدا ئیسرائیل هەنگاوی سەربازی بنێت و هێرش بکاتەوە سەریان.
دروستکردنی حەشارگەی ژێرزەوی بۆ پاراستنی چەکەکان
بنیامین ناتانیاهوو ئاماژەی بەوە کرد، ئێرانییەکان حەشارگەی ژێرزەوییان دروستکردبوو، کە وا دەکات بەرنامەی مووشەکە بالیستی و بۆمبە ئەتۆمییەکەیان لە ماوەی چەند مانگێکدا پارێزراو بن. ناتانیاهوو جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوەی ئێران وایکردووە هێرشەکە پێویست و خێرا بێت پێش ئەوەی ئەو بنکانە بە تەواوی پارێزراو بن.
دۆناڵد ترەمپ: ئەمریکا دەتوانێت بۆ هەمیشە و بە سەرکەوتووییەکی گەورەوە شەڕ بکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (Truth Social) جەختی لەسەر بەهێزیی توانای سەربازی و کۆگاکانی تەقەمەنی وڵاتەکەی کردەوە و ڕایگەیاند، ئاستی ئامادەیی سەربازی ئەمریکا لە ئێستادا لە "بەرزترین و باشترین" دۆخی خۆیدایە.
دابینکردنی بێسنووری چەک و تەقەمەنی
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی پێی گەیشتووە، ئەمریکا خاوەنی دابینکردنی بێسنوورە لە چەک و تەقەمەنی لە ئاستی مامناوەند و سەرووی مامناوەند. بە گوتەی ئەو، ئەم چەکانە لە چەکەکانی وڵاتانی دیکەی جیهان زۆر پێشکەوتووترن و بەو هۆیەوە ئەمریکا دەتوانێت بۆ ماوەیەکی نادیار و بە سەرکەوتووییەکی گەورەوە شەڕەکان ئەنجام بدات.
ڕەخنە لە بایدن و هاوکارییەکانی ئۆکرانیا
سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی توندی ئاراستەی جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کرد و تۆمەتباری کرد بەوەی سەدان ملیار دۆلار لە سامانی وڵات و بەشێکی زۆر لە چەکە هەرە پێشکەوتووەکانی ئەمریکای بە "خۆڕایی" بەخشیوە بە ئۆکرانیا. ترەمپ بە شێوازێکی تەنزئامێز ئاماژەی بە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کرد و وەک "P.T. Barnum" ناوی برد.
ئاوەدانکردنەوەی سوپا و ئامادەیی بۆ سەرکەوتن
دۆناڵد ترەمپ نیگەرانی دەربڕی لەوەی چەکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا کە دراونەتە ئۆکرانیا شوێنەکانیان پڕ نەکراوەتەوە، بەڵام جەختی کردەوە ئەو لە خولی 1ـەمی سەرۆکایەتییەکەیدا سوپای ئەمریکای ئاوەدان کردووەتەوە. ڕایگەیاند لە ئێستادا وڵاتەکە "کۆگاکراوە و ئامادەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گەورە."
نرخی نەوت بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی 79 دۆلار
نرخی نەوت بۆ سێیەم ڕۆژی لەسەریەک بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی 79 دۆلار. نیگەرانی لە پچڕانی گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمز و توندبوونی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران هۆکاری سەرەکین.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی برێنت و تەکساس
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ سێشەممە 1.13 دۆلار بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 78.83 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 0.74 سەنت بەرزبووەوە و بە 71.97 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هەردوو نرخەکە لە بەرزترین ئاستی خۆیاندان لە دوای مانگی 1ـی ساڵی 2025ـەوە.
ڕێژەی بەرزبوونەوە و کاریگەریی داخستنی گەرووی هورمز
تاوەکو ئێستا نرخی نەوت لە ڕۆژی دووشەممەوە نزیکەی 7% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری کۆمپانیای (IG) ڕایگەیاند، گەرووی هورمز بە کردەیی داخراوە و ئێران هەڕەشەی کردووە هەر کەشتییەک بیەوێت بە گەرووەکەدا تێپەڕێت دەیکاتە ئامانج.
نەبوونی ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئێستادا هیچ ئاسۆیەک بەدی ناکرێت بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ و ئەم ناسەقامگیرییە بەردەوامە بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت. داخستنی گەرووی هورمز کە ڕێڕەوێکی ستراتیژییە، نیگەرانیی گەورەی لە بازاڕە جیهانییەکاندا دروستکردووە.
نەتەنیاهوو: جەنگی ئێران زۆر درێژە ناکێشێت و زوو کۆتایی دێت
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لەوە دەکەن ئیسرائیل ئەمریکای پەلکێشی جەنگەکە کردووە و ڕایگەیاند کە ئۆپراسیۆنەکان بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام نابن.
وەڵام بۆ دەنگۆی پەلکێشکردنی ئەمریکا بۆ جەنگ
نەتەنیاهوو لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی کە دەڵێن ئیسرائیل ئەمریکای ڕاکێشاوە بۆ ناو جەنگ، ڕایگەیاند: "ئەوە بێ مانایە، دۆناڵد ترەمپ بەهێزترین سەرکردەی جیهانە. ئەو دەزانێت چی باشە بۆ ئەمریکا و نەوەکانی داهاتوو."
پێشبینی بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی ئاسۆی جەنگەکەوە گەشبینی خۆی نیشاندا و جەختی کردەوە کە جەنگی ئێران زۆر درێژە ناکێشێت و بە گوتەی ئەو زوو کۆتایی دێت. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە پەرەسەندنە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی باڵا.
یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتە 5365 دۆلار
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی ئاسیا بە ڕێژەی 1% بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک گەیشتە 5365 دۆلار. ئەم بەرزبوونەوەیە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە توندبوونەوەی شەڕی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل.
گەیشتنی نرخی زێڕ بە بەرزترین ئاستی یەک مانگ
یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە بە 5365 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا بۆ ماوەیەک گەیشتە 5380 دۆلار، کە ئەوە بەرزترین ئاستی یەک مانگی ڕابردووە. هەروەها لە گرێبەستەکانی داهاتوودا، نرخی هەر ئۆنسەیەک گەیشتووەتە نزیکەی 5400 دۆلار.
زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنەران
توندبوونەوەی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، وەبەرهێنەر و بازرگانانی هانداوە بۆ کڕینی زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان. تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری کۆمپانیای (کەی سی ئێم ترەید) ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی هیچ کۆتاییەکی دیار بۆ ئەم شەڕە نابینرێت، نرخەکان ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە.
هەڕەشەکانی سەر گەرووی هورمز و ئابووریی جیهان
ئێران ڕایگەیاندووە هەر کەشتییەکی نەوتی بیەوێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێت دەیکاتە ئامانج. داخستنی گەرووی هورمز و درێژەخایەنبوونی ئەم دۆخە، زیانی گەورە لە ئابووریی جیهان دەدات و ناسەقامگیریی بازاڕەکان بەردەوام دەکات.
بەرپرسێکی هەواڵگریی ئیسرائیل: هێندەی قودس شارەزای تاران بووین و لەو ڕێگەیەوە شوێنی خامنەییمان دۆزییەوە
ڕۆژنامەی (The Financial Times)ـی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا وردەکاریی چۆنیەتی دۆزینەوەی شوێنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن هەواڵگریی ئیسرائیل و ئەمریکاوە بڵاوکردەوە.
هاککردنی کامێراکانی هاتووچۆ و چاودێریکردنی پاسەوانەکان
دوو سەرچاوەی ئاگادار بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل لە ڕێگەی هاککردنی تۆڕی کامێراکانی هاتووچۆی تارانەوە چاودێریی پاسەوانانی عەلی خامنەیی کردووە. مۆساد چەند ساڵێک پێش ئێستا دەستی بەو کامێرانە گەیشتووە و لە ڕێگەی کامێرایەکی دیاریکراوەوە کە ئاراستەکەی بەرەو شوێنی پارککردنی ئۆتۆمبێلی پاسەوانەکان بووە، توانیویەتی فایل و زانیاری ورد لەسەر ناونیشانی ماڵ، خشتەی کارکردن و جووڵەی پاسەوانەکان کۆبکاتەوە.
پەکخستنی هێڵەکانی مۆبایل لە شەقامی پاستۆر
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئیسرائیل و ئەمریکا خزمەتگوزاری مۆبایلیان لە شەقامی "پاستۆر" لە تاران پەکخستووە، کە ئەو شوێنەیە خامنەیی لێ کراوەتە ئامانج. ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریکردن بووە لەوەی کەسانێک پەیوەندی بە پاسەوانەکانەوە بکەن و ئاگادارییان بکەنەوە، بە جۆرێک هەر کەسێک پەیوەندی کردبێت تەنیا هێڵی سەرقاڵ (busy signal)ـی بۆ چووە.
بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و سیخوڕی مەیدانی
بەرپرسێکی هەواڵگریی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، "ئێمە هێندەی قودس شارەزای تاران بووین." ئیسرائیل ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد (AI) و ئەلگۆریتمی پەرەپێدراوی بەکارهێناوە بۆ پۆلێنکردنی داتاکان و هەڵگرتنی شوێنپێی خامنەیی. هاوکات دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) لە ڕێگەی سیخوڕەکانییەوە زانیاری هەواڵگریی مەیدانیی سەرەکیی بۆ ئۆپراسیۆنەکە دابین کردووە و دڵنیابوونەتەوە کە بەرپرسە باڵاکان لە ڕێگادان بۆ کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممە.
دۆناڵد ترەمپ کوژرانی خامنەیی و 49 سەرکردەی دیکەی ڕاگەیاند
ئەمریکا و ئیسرائیل بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە 28-02-2026 هێرشیان کردە سەر ئێران و بەگوێرەی وێنە مانگە دەستکردەکان ماڵی خامنەیی پێکراوە. ڕۆژی دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کوژرانی عەلی خامنەیی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا 49 سەرکردەی باڵای ئێران لە هێرشەکاندا کوژراون.
عەلی خامنەیی؛ 36 ساڵ کەسی یەکەمی کۆماری ئیسلامی بوو
سەید عەلی حوسێنی خامنەیی لە 19-04-1939 لە مەشهەد لەدایکبووە. لە ساڵی 1981 تاوەکو 1989 سەرۆککۆماری ئێران بوو و لە ساڵی 1989ـەوە جێگەی ڕووحوڵڵا خومەینی گرتەوە و بووە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی. خامنەیی بۆ ماوەی 36 ساڵ کەسی یەکەمی وڵات بوو و لە سیاسەتی دەرەوەدا دژی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل بوو و باوەڕی بە هاوپەیمانی لەگەڵ ڕووسیا و چین هەبوو. لە 28-02-2026 دوای هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کوژرانی ڕاگەیەندرا.
ویتکۆف: دانوستانکارانی ئێران پێیان گوتین یۆرانیۆمی پێویستیان بۆ دروستکردنی 11 بۆمبی ئەتۆمی هەیە
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، گەورە دانوستانکارانی ئێران لە دانوستانەکانی سەرەتای ئەم ساڵدا، ئاماژەیان بەوە کردووە کە یۆرانیۆمی پیتێندراوی پێویستیان بۆ دروستکردنی 11 بۆمبی ئەتۆمی لەبەردەستە.
کۆنترۆڵکردنی 460 کیلۆگرام یۆرانیۆمی 60% پیتێندراو
ویتکۆف لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی (Fox News) ڕایگەیاند، لە یەکەم کۆبوونەوەی دانوستانەکاندا، هەردوو دانوستانکارە ئێرانییەکە ڕاستەوخۆ پێیان ڕاگەیاندووە کە کۆنتڕۆڵی 460 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی 60%ـیان کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێرانییەکان ئاگاداری ئەوەن ئەم بڕە دەتوانێت 11 بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات.
وێرانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە
نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی وێران کردووە. ویتکۆف جەختی کردەوە کە بەهۆی تێکشکاندنی ئەو دامەزراوانە، ئێستا ئێران توانای ئەوەی نییە ئەو یۆرانیۆمە پیتێندراوەی لەبەردەستیدایە بگۆڕێت بۆ بۆمبی ئەتۆمی.
وەزارەتی بازرگانیی کوەیت: تاوەکو 1 مانگ ڕێگریی لە زیادبوونی نرخەکان دەکەین
وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی کوەیت بڕیاریدا تاوەکو 1 مانگ نرخەکان لە بازاڕدا وەک خۆیان بمێننەوە، تەنانەت ئەگەر گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکەش پەرەبسێنن.
پابەندکردنی بازاڕەکان بە نرخەکانی پێش 28ـی شوبات
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی کوەیت، دەبێت لە سەرجەم مارکێت و بازاڕەکانی وڵاتەکەدا بە هەمان نرخەکانی بەر لە 28ـی مانگ و دروستبوونی گرژییەکان مامەڵە بکرێت. وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە هەرچییەک ڕووبدات، حکومەت گرانیی تێچووەکان لە ئەستۆ دەگرێت بۆ ئەوەی بارگرانی بۆ هاووڵاتییان دروست نەبێت.
ماوەی بڕیارەکە و سزای سەرپێچیکاران
ئەم بڕیارنامەیە تاوەکو 1 مانگ کاری پێدەکرێت و ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە هەر قۆرخکاری و بەرزبوونەوەیەکی نرخ لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا. وەزارەتی بازرگانی دووپاتی کردەوە کە هەر سەرپێچییەک سزای یاسایی توندی لێدەکەوێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش تیمەکانیان بەردەوام چاودێریی بازاڕەکان و پابەندبوونی فرۆشیاران دەکەن.
کاریگەریی داخستنی گەرووی هورمز لەسەر بازاڕ
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەکانی تاران فراوانبووە. بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە ماوەی 2 ڕۆژە گەرووی هورمز داخراوە، ئەمەش مەترسیی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی لە وڵاتانی کەنداو دروست کردووە.
کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان: تاوەکو شایستە داراییەکانی ڕابردوومان بۆ خەرج نەکرێت کارەبا دابین ناکەینەوە
بەهۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ ماوەی 3 ڕۆژ، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان 2,500 بۆ 3,000 مێگاوات کەمی کردووە و پڕۆژەی ڕووناکیش بەرپرسیارێتیی دۆخەکە هەڵناگرێت.
پەککەوتنی 80٪ـی کارەبای هەرێمی کوردستان
کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە زیاتر لە 80٪ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات، بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە بەرهەمهێنانی ڕاگرتووە. بەپێی بەدواداچوونەکان، کێڵگەکە بڕیاریداوە ماوەی ڕاگرتنی بەرهەمهێنان بۆ 48 کاتژمێری دیکە درێژ بکاتەوە، ئەمەش وایکردووە تەنیا بژاردە پەنابردن بێت بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان.
هەڵوەشاندنەوەی تاکلایەنانەی گرێبەستی مۆلیدەکان
سەرەتای مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، گرێبەستێکی 6 مانگی لەنێوان تیمی پڕۆژەی ڕووناکی و خاوەن مۆلیدەکان واژۆ کرا، بەڵام پڕۆژەی ڕووناکی دوای 2 مانگ و 10 ڕۆژ لە کارکردن، گرێبەستەکەی بە تاکلایەنە هەڵوەشاندەوە. بەو هۆیەوە ئێستا کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان هیچ جۆرە پابەندییەکی یاساییان لەسەر نییە بۆ دابینکردنی کارەبا لەم دۆخەدا.
پلانی کارەبا لە هەولێر و دهۆک
لە هەولێر و دهۆک بڕیار دراوە مۆلیدە ئەهلییەکان کاریان پێ بکرێت و پارەی کاتژمێرەکانی کارکردن لە هاونیشتمانیان وەربگیرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە هاونیشتمانییانی ئەو دوو پارێزگایە پێشتر گەیشتبوونە ئاستی ناڕەزایەتی بەهۆی بەرزیی نرخی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی لە ناوچەکانیان.
مەرجەکانی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی
لە سلێمانی و هەڵەبجە تاوەکو ئێستا بڕیاری یەکلاکەرەوە نەدراوە، چونکە کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان مەرجیان هەیە. مەرجی سەرەکییان ئەوەیە شایستە داراییەکانی ڕابردوویان بۆ هەژمار بکرێت، کە پەیوەستە بە ڕووداوەکەی 27ـی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، کاتێک زیاتر لە 8 کاتژمێر کارەبایان دابین کرد و پڕۆژەی ڕووناکی ئامادە نەبوو پارەکەیان بۆ خەرج بکات.
بێباکیی پڕۆژەی ڕووناکی لە ئاست قەیرانەکە
سەرەڕای ئەوەی بەپێی گرێبەستەکان دابینکردنی تێچووی کارەبای جێگرەوە لە ئەستۆی پڕۆژەی ڕووناکییە، بەڵام پڕۆژەکە هیچ بەرپرسیارێتییەک لە ئەستۆ ناگرێت. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی بارگرانیی دارایی بۆ سەر هاونیشتمانییان، لە کاتێکدا دابینکردنی کارەبا لە سلێمانی و هەڵەبجە چاوەڕێی کۆبوونەوەی کۆتایی دەکات کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکلایی بکرێتەوە.
کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی: بەهۆی هێرشەکانەوە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی شلمان ڕاگرت
کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی شلی (LNG) ڕاگەیاند، بەو هۆیەوە نرخی گاز لە بۆرسەی ئەوروپا بە ڕێژەی 30% بەرزبوونەوەی تۆمارکرد.
هێرشی ئێران بۆ سەر دامەزراوەکانی قەتەر
کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی کە سەر بە دەوڵەتە، ئاشکرای کرد کە دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر دوو بنکەی سەرەکیی پرۆسێسکردنی گاز، بڕیاری ڕاگرتنی بەرهەمهێنانیان داوە. ئاماژە بەوە دراوە کە نەبوونی ڕێگەی سەلامەت بۆ هەناردەکردن و داخستنی گەرووی هورمز، وایکردووە بڕێکی زۆر لە گازەکە لە ڕێڕەوە ئاوییەکاندا کەڵەکە ببێت و نەتوانرێت ڕەوانەی ئاسیا و ئەوروپا بکرێت.
بە ئامانجگرتنی شارە پیشەسازییەکانی ڕەس لەفان و مەسەعید
هێرشە سەربازییەکان دامەزراوەکانی قەتەر ئینێرجییان لە شاری پیشەسازیی (ڕەس لەفان) و شاری پیشەسازیی (مەسەعید) کردووەتە ئامانج، کە نزیکەی 80 کیلۆمەتر لە دەوحەی پایتەختەوە دوورن. یەکێک لە هێرشەکان وێستگەی کارەبای مەسەعیدی پێکاوە، کە ناوەندێکی سەرەکیی بەرهەمهێنانی گازی سروشتییە لەو وڵاتەدا.
یەدەگی گازی قەتەر و گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان
قەتەر دووەم گەورەترین هەناردەکاری گازی جیهانە و مەیدانی باکوور لەو وڵاتە، نزیکەی 10%ـی یەدەگی گازی سروشتیی ناسراوی جیهان لەخۆدەگرێت. قەتەر ئینێرجی لە ساڵانی ڕابردوودا گرێبەستی درێژخایەنی بۆ بەرهەمهێنانی (LNG) لەگەڵ کۆمپانیاکانی تۆتاڵی فەرەنسی، شێڵی بەریتانی، پترۆنێتی هیندی، سینۆپێکی چینی و ئینی ئیتاڵی واژۆ کردووە.
هۆشداری لە بەرزبوونەوەی نرخ بۆ 130%
پێشتر بانکی گۆڵدمان ساکس هۆشداری دابوو کە ئەگەر ئاڵۆزییەکان و داخستنی گەرووی هورمز بەردەوام بێت، ئەوا نرخی گازی شل لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە ڕێژەی 130% بەرز دەبێتەوە. ئەم ڕاگرتنەی قەتەر ئینێرجی لە کاتێکدایە کە فشارەکان لەسەر بازاڕی وزە بەهۆی جەنگی ناوچەکە گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز.
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت: بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی کارەکانمان لە 3 کێڵگەی هەرێمی کوردستان ڕاگرت
بەهۆی جەنگی سەر ئێران و ئەگەرەکانی فراوانبوونی گرژییەکان، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانیان لە 3 کێڵگەی نەوتی بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرت.
ڕاگرتنی کارەکانی شاماران و ئێچ کەی ئێن
کۆمپانیای شاماران کە لە کێڵگەکانی نەوتی ئەترووش و سەرسەنگ خاوەن پشکە و بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن) کێڵگەکان بەڕێوە دەبەن، ڕایگەیاندووە کە ئاگادار کراونەتەوە کارەکانی بەرهەمهێنانی نەوت ڕابگرن. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بڕیارە بەهۆی تێکچوونی ڕەوشی ئەمنیی ناوچەکەوە بووە و مەبەست لێی خۆپاراستنە.
وەستانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی شێخان
هاوکات کۆمپانیای گەڵف کیستۆن، کە کۆمپانیای سەرکارە لە کێڵگەی نەوتیی شێخان، ڕایگەیاندووە کە بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و بە ئامانجی پاراستنی گیانی کارمەندەکانیان و وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی، بەرهەمهێنانی نەوتیان لەو کێڵگەیە ڕاگرتووە.
کاریگەرییەکانی ڕاگرتنی دانەگاز لەسەر کارەبا
ئەم هەنگاوەی کۆمپانیاکانی نەوت دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی شەممە کۆمپانیای دانەگاز کارکردنی لە کێڵگەی غازی سروشتیی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ ڕاگرت. ڕاگرتنی کارەکانی دانەگاز کێشەی گەورەی بۆ کەرتی کارەبای هەرێمی کوردستان دروست کردووە و لە ئێستادا لە زۆربەی ناوچەکان کارەبا بڕاوە یان تەنیا چەند کاتژمێرێکی کەم دابین دەکرێت.
بەگوێرەی ڕاپرسییەکی ڕۆیتەرز و ئیپسۆس: تەنیا 27%ـی ئەمریکییەکان پشتیوانیی جەنگ دەکەن دژ بە ئێران
ڕاپرسییەکی نوێی ئاژانسی ڕۆیتەرز و دەزگای ئیپسۆس دەریدەخات کە زۆرینەی ئەمریکییەکان لەگەڵ هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان نین بۆ سەر ئێران و تەنیا کەمینەیەک پشتیوانی لەو هەنگاوە دەکەن.
ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکە و ڕێژەی دژبەرانی جەنگ
ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکە دەریدەخەن کە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەلایەن زۆرینەی هاووڵاتییانەوە پشتیوانی ناکرێت. بەپێی داتاکان، 43%ـی بەشداربووان دژ بە هێرشەکانن و 29%ـیش دڵنیا نین لە هەڵوێستیان بەرامبەر بەو ئۆپراسیۆنە سەربازییانەی کە ئێستا لە ئارادان.
کاتی ئەنجامدانی ڕاپرسییەکە و ڕێژەی بەشداربووان
ئەم ڕاپرسییە لەنێوان 28-2-2026 بۆ 1-3-2026 ئەنجامدراوە و 1,282 کەس بەشدارییان تێدا کردووە. دەرەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە هەر 10 ئەمریکییەک، 9 کەسیان ئاگاییەکی کەمیان بەرامبەر بە وردەکاریی هێرشەکان هەبووە و تەنیا 27%ـی بەشداربووان پشتیوانیی ڕەهای خۆیان بۆ ئۆپراسیۆنەکان دەربڕیوە.
بۆچوونی ئەمریکییەکان لەبارەی سیاسەتی ترەمپ
بەگوێرەی داتاکانی ڕاپرسییەکە، 56%ـی ئەمریکییەکان پێیان وایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، باوەڕی تەواوی بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی هەیە وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی ململانێ نێودەوڵەتییەکان. ئەمەش نیشانەی بوونی جیاوازییە لە نێوان تێڕوانینی جەماوەر و سیاسەتی ئێستای کۆشکی سپی بەرامبەر بە تاران.
پەرەسەندنەکانی جەنگ لە ڕۆژی چوارەمدا
ئەم ڕاپرسییە لە کاتێکدایە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران پێدەنێتە ڕۆژی 4ـەم. تاوەکو ئێستا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵا و چەند سەرکردەیەکی دیکەی ئەو وڵاتە کوژراون و زیانی زۆر بە توانای سەربازیی ئێران گەیشتووە. لە بەرانبەریشدا ئێران بەردەوامە لە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و جەخت لە پێکانی بنکەکانی ئەمریکا دەکاتەوە.
قەتەڕ و ئیمارات هەوڵدەدەین ترەمپ بە کۆتاییهێنان بە جەنگ قایل بکەن
قەتەڕ و ئیمارات بەهۆی ترسیان لە دەرئەنجامە سیاسی و ئابوورییەکانی جەنگ، هەوڵدەدەن دۆناڵد ترەمپ قایل بکەن ماوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان کورت بکاتەوە.
هەوڵە دیپلۆماسییە بێدەنگەکانی دەوحە و ئەبوزەبی
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی بلومبێرگ، قەتەڕ و ئیمارات سەرقاڵی هەوڵێکی دیپلۆماسیی بێدەنگ و ڕانەگەیێنراون بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. هاوکات ئەم هەوڵانە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئێرانیشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو.
ئامانجی کورتکردنەوەی ماوەی جەنگ
دەوحە و ئەبوزەبی کار دەکەن بۆ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا قایل بکەن کە ماوەی جەنگەکە کورت بکاتەوە و ڕێگری بکات لە درێژەکێشانی زیاتری پێکدادانەکان. ئامانجی سەرەکییان کۆکردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتییە بۆ سەرخستنی ئەم دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییە.
ترس لە پەککەوتنی بازاڕی وزەی جیهانی
ئەم دوو وڵاتە ترسیان هەیە درێژەکێشانی جەنگەکە سەقامگیریی ناوچەکە بشێوێنێت و کاریگەریی نەرێنیی گەورە لەسەر بازاڕی نەوت و گازی سروشتی دروست بکات. ئەم مەترسییە دوای ئەوە هات کە ئێران گەرووی هورمزی داخست، کە 20%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
زیانەکانی کەرتی وزە و گەشتیاری لە کەنداو
هەوڵی ئەم دوو وڵاتە دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەوتنە بەر هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران. بەهۆی ئەو هێرشانەوە، زیانێکی گەورە بەر کەرتی وزە، گەشتیاری و گواستنەوەی قەتەڕ و ئیمارات کەوتووە.
سێنتکۆم: ژمارەی کوژراوانی هێزەکانمان گەیشتە 6 سەرباز
سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران لە ڕۆژی شەممەوە، تاوەکو ئێستا 6 سەربازیان لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکدا کوژراون.
دۆزینەوەی تەرمی 2 سەربازە بێسەروشوێنەکە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، تەرمی 2 سەربازیان دۆزیوەتەوە کە بەهۆی هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەکەیان لە ناوچەکە کوژراون و پێشتر بە بێسەروشوێن هەژمار کرابوون. سێنتکۆم ئاماژەی بە ناوی ئەو بنکەیە نەکردووە کە سەربازەکانی تێدا کوژراون.
بەرزبوونەوەی ئاماری کوژراوانی ئەمریکا
بە دۆزینەوەی تەرمی ئەو 2 سەربازە، ژمارەی ئەو سەربازانەی ئەمریکا کە لە ڕۆژی شەممە 28-2-2026ـەوە لە ئەنجامی گرژییەکاندا کوژراون، بۆ 6 کەس بەرزبووەوە. سوپای ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم سەربازانە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە سەربازییەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە.
ئاشکراکردنی ناسنامەی کوژراوەکان
سێنتکۆم ڕایگەیاندووە کە ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ سەر ئێران بەردەوامە. سەبارەت بە ناسنامەی سەربازە کوژراوەکان، ئاشکرای کردووە کە پاش تێپەڕینی 24 کاتژمێر بەسەر ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیان، ناسنامە و زانیارییەکانیان بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەنەوە.
مارکۆ ڕوبیۆ: ئامانجی هێرشەکانمان لەناوبردنی توانای مووشەکیی ئێرانە نەک ڕووخاندنی دەسەڵات
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران پەکخستنی توانای سەربازییە و ئەمریکا پلانی نییە بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی سەربازییەوە.
ئامانجی سەرەکیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، مەبەستی سەرەکیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئێستا بۆ سەر ئێران، لەناوبردنی توانای مووشەکی بالیستی و ئەو چەکانەیە کە تاران هەڕەشەیان پێدەکات. ڕوبیۆ جەختی کردەوە کە تێکشکاندنی ئەو ژێرخانە سەربازییانە لە پێشینەی کارەکانیانە.
هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران
مارکۆ ڕوبیۆ دووپاتیکردەوە کە ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئێران ئامانجی هێرشەکان نییە و ئەمریکا هیوادارە گەلی ئێران خۆیان ئەو دەسەڵاتە بگۆڕن. ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆک تڕەمپ چاوەڕوانە ئێرانییەکان ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر داهاتووی سیاسی و گۆڕینی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان بدەن.
خێرایی ئۆپراسیۆنەکان و بڵاوکردنەوەی هێزی زەمینی
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنە ئاسمانییەکان بە شێوەیەکی خێراتر لەوەی پلانی بۆ دانراوە دەچێتە پێشەوە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ ئامادەکارییەکی نەکردووە و نیازی نییە بۆ ئەوەی هێزی زەمینی لە ناو خاکی ئێراندا بڵاوە پێبکات.
لێکۆڵینەوە لە دەنگۆی کردنە ئامانجی دامەزراوە مەدەنییەکان
مارکۆ ڕوبیۆ ڕایگەیاند، ئەمریکا قوتابخانەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان ناکاتە ئامانج و بەرژەوەندیی لە لێدانی ئەو شوێنانەدا نییە. هەروەها ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا وەزارەتی جەنگ لێکۆڵینەوەی ورد لەو دەنگۆیانە دەکات کە باس لە کردنە ئامانجی قوتابخانەیەک دەکەن لە ناو خاکی ئێراندا.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق: لە 28 کردەوەدا پێگەکانی دوژمنمان لە عێراق و ناوچەکە کردووەتە ئامانج
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، لە چەندین کردەوەی سەربازیدا بۆردومانی پێگەکانی "دوژمن"ـیان لە عێراق و ناوچەکە ئەنجامداوە.
ئەنجامدانی 28 کردەوە لە یەک ڕۆژدا
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 2-3-2026 تاوەکو کۆتایی ئەو ڕۆژە، لە 28 کردەوەی جیاوازدا ئەو بنکانەیان بۆردومان کردووە کە وەک "بنکەی دوژمن" لە عێراق و ناوچەکە ناویان دەبات.
بەکارهێنانی دەیان مووشەک و درۆن
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەو کردەوە سەربازییانەی دوێنێدا دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بەکارهێنراون بۆ پێکانی ئامانجەکان. ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ.
سوپای ئیسرائیل: باڵەخانەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانمان لە تاران بۆردومان کرد
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە ناوچە جیاوازەکانی تاران بیسترا، سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە باڵەخانەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانی لە باکووری پایتەخت کردووەتە ئامانج.
بۆردومانکردنی باڵەخانەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران
سوپای ئیسرائیل، دوای بڵاوکردنەوەی ئاگادارینامەیەک بۆ چۆڵکردنی دەوروبەری باڵەخانەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، بۆردومانی باڵەخانەکەی لە باکووری تاران کرد. هاوکات میدیای ئێران بڵاویکردەوە، 2 تەقینەوە لە دەوروبەری بارەگای دەستەی پەخشی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی (سەدا و سیما) ڕوویانداوە.
بەردەوامیی پەخشی کەناڵەکانی تاران
دوای بۆردومانەکە، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند کە سەرجەم کەناڵەکانیان پەخشی ئاسایی پرۆگرامەکانیان دەکەن و هێرشەکە نەبووەتە هۆی ڕاگرتنی پەخش. ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل ئامانجی هێرشەکەی بۆ پەکخستنی دەزگای میدیایی فەرمیی وڵاتەکە گەڕاندبووەوە.
هێرشی مووشەکیی ئێران و بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە لایەن سوپای ئێرانەوە گورزەیەک مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل و پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کران. سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگرییان بەرپەرچی یەکێک لە مووشەکەکانی ئێرانی داوەتەوە و تێکیشکاندووە. پەرەسەندنە سەربازییەکان لە هەردوو لاوە بە چڕی بەردەوامن.
ئەمریکا: داوا لە هاووڵاتیانی ئەمریکا دەکەین دەستبەجێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبهێڵن
وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا هۆشدارییەکی بەپەلەى بڵاوکردەوە و داوا لە هاووڵاتییانى وڵاتەکەى دەکات بەهۆی مەترسییەکانی جەنگ، دەستبەجێ وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەجێبهێڵن.
پەیامی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ هاووڵاتیان
مورا نامدار، یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ کاروبارى کونسوڵگەرى، لە پەیامێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتی ئێکس داواى لە هاووڵاتییانى وڵاتەکەى کرد هەر لە ئێستاوە لە ڕێگەى گەشتە بازرگانییەکانەوە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست جێبهێڵن. نامدار ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بڕیارە بەهۆى مەترسییەکانى پەیوەست بە جەنگ لە دژى ئێران دراوە.
نوێکردنەوەی ڕێنماییە ئەمنییەکان
وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە نوێکردنەوەیەکى ئەمنیدا بۆ هاووڵاتییانى وڵاتەکەى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕایگەیاندووە، هەر کەسێک سەردانى یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکەی کردووە، پێویستە دەستبەجێ ئەو شوێنە جێبهێڵێت بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانییان.
لیستی ئەو وڵاتانەی هۆشدارییەکەیان گرتووەتەوە
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە، هۆشدارییەکە ئەم وڵات و ناوچانە دەگرێتەوە: بەحرەین، میسر، ئێران، عێراق، غەززە، ئوردن، کوێت، لوبنان، عومان، قەتەر، سعودیە، سووریا، ئیمارات و یەمەن.
فەرماندەیەکی سوپای پاسداران: گەرووی هورمز داخرا
لە درێژەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەی کەنداو، فەرماندەیەکی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، گەرووی هورمز داخراوە.
ترەمپ: لە ناردنى هێزى زەمینى بۆ ئێران ناترسم
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا، دەڵێت، بەنیاز نییە هێرشى زەمینى بکاتە سەر ئێران، دووپاتیشیدەکاتەوە، لە جەنگى دژ بە ئێران هێشتا شەپۆلە گەورەکە دەستیپێنەکردووە.
بەهێزی زۆرەوە هێرش دەکەن
ترەمپ، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تۆڕى" سى ئێن ئێن" گوتى، بەهێزێکى زۆرەوە هێرش دەکەن، لەو بڕوایەدایە، ڕەوشەکە زۆر بەباشى دەڕوات، بەهێزترین سوپایان هەیە لە جیهاندا و بەکاریدەهێنن.
نایانەوێت جەنگەکە درێژە بکێشێت
لەبارەى ماوەى جەنگەکەش ڕایگەیاند، ئەوان نایانەوێت جەنگەکە درێژە بکێشێت، هەمیشە پێى وابووە چوار هەفتە دەخایەنێت، بەڵام کەمێک لە خشتەى زەمەنى خێراتر بەرەو پێشچوون.
هاوکاریی ئێرانییەکان دەکەن
جەختیشیکردەوە، لە پاڵ کردەوە سەربازییەکاندا، هاوکاریی ئێرانییەکان دەکەن بۆ گرتنە دەستى دەسەڵات، بەڵام لە ئێستادا دەیانەوێت لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و بەمنزیکانە دۆخەکە کەمێک ئارام دەبێتەوە.
شەپۆلەکە گەورە
سەرۆکى ئەمریکا، باسى لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا هێرشەکانیان بە هێزى ڕاستەقینە دەستپێنەکردووە و شەپۆلە گەورەکە هێشتا ڕووینەداوە، شەپۆلە گەورەکە بەمنزیکانە دەگات.
دەربارەی هێرش بۆسەر وڵاتانی عەرەبی
هەروەها ترەمپ هێرشەکانى ئێرانى بۆ سەر وڵاتانى عەرەبى بە گەورەترین هەژەند ناوبرد، لەکاتێکدا پێیان گوتوون دەتوانن بەرپەرچى هێرشەکان بدەنەوە، ئەوان دەیانەوێت بجەنگن و لە ئێستاشدا بەشدارن.
ترەمپ، دووپاتیشیکردەوە، ناترسێت لە ناردنى هێزى زەمینى بۆ ئێران، پێدەچێت پێویستییان بە هەنگاوێکى لەو جۆرە نەبێت، بەڵام ئەگەر پێویست بکات هێزى زەمینى ڕەوانە دەکەن.
ئێران: ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردووەتە سەر وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز
حکومەتی ئێران هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد، بە هێرشکردنە سەر وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز، کە پیشتریش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025 لە جەنگی 12 ڕۆژەدا هێرشی کرایە سەر.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێران لە زاری محەممەد سەلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بڵاویکردەوە "هەردوو ڕژێمی تاوانکاری ئەمریکا و ئیسرائیل، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێکی تر لە دوو هێرشی دڕاندانەدا،هێرشیانکردووەتەوە سەر بنکەی ئەتۆمی نەتنەز.
لە بەرامبەر ئەو لێدوانەی ئێراندا، ڕافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، لەوەتەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستیانپێکردووە، هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە.
ئەمریکا هاوڵاتییەکانی لە عێراق ئاگادار دەکاتەوە
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، هاوڵاتییەکانی ئاگادار دەکاتەوە، زۆر بە دەگمەن دەربکەون و سەردانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکەیان نەکەن، دەشڵێت، تاوەکو ئێستا میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەڕەشەیەکی گەورەن بۆسەر ئاسایشی گشتی.
بە کەمی دربکەون
باڵیۆزخانەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت "ئامۆژگاری هاوڵاتییانمان لە عێراق دەکەین، بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە بکەن و زۆر بە کەمی دەربکەون و لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە تاوەکو کاتێکی نادیار".
لە گردبوونەوەکان دووربکەونەوە
دەشڵێت، "پێویستە هاوڵاتییانی ئەمریکا لە گردبوونەوەکان دووربکەونەوە، پێدەچێت خۆپیشاندانی دەستبەجێ ڕووبدات و تووندوتیژی لێبکەوێتەوە، چونکە گرووپە میلیشیا تیرۆریستییەکانی هاوپەیمانی ئێران، تاوەکو ئێستا هەڕەشەیەکی گەورەن بۆسەر ئاسایشی گشتی".
بوونی مۆشەک و درۆن
هەر لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، بەگوێرەى ڕاپۆرتەکان، مووشەک و درۆن لە کایەی ئاسمانیی عێراق هەن.
خۆپیشاندان دژی ئەمریکا بەردەوامە
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد دەشڵێت "خۆپیشاندان و کاری گێرەشێوێنانە دژی ئەمریکا بەردەوامە، بانگەشەی ڕێکخستنی خۆپیشاندانی زیاتر دەکرێت لە تەواوی عێراق".
باڵیۆزخانەکە داوا لە هاوڵاتییەکانی ئەمریکا دەکات، سەردانی باڵەخانەکەیان لە بەغداد و کونسوڵخانەکەیان لە هەولێر نەکەن، بەهۆی ئەو ڕێکارە ئەمنییە تووندانەی گیراونەتەبەر.
چین: بۆ پاراستنى سەروەرییەکەى پاڵپشتى ئێران دەکەین
وەزارەتى دەرەوەى چین ڕایگەیاند، بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتى لە پاراستنى سەروەریی و ئاسایش و یەکێتیی خاکى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکەن.
چین پاڵپشتی ئێران دەکات
وانگ یی، وەزیرى دەرەوەى چین، لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچى، هاوتا ئێرانییەکەى، پێى گوت "چین پاڵپشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکات لە بەرگرییکردن لە سەروەرى خاک و ئاسایش و سەلامەتى وڵاتەکەى و بەهەموو شێوەیەک ئامادەى هاوکاریکردنن".
پاڵپیشتی مافە دەستوری و بەرژەوەندییەکان
وانگ یی، ڕاشیگەیاندووە، لەهەمان کاتدا چین پاڵپشتى مافە دەستوورى و بەرژەوەندییە یاساییەکانى ئێران دەکات.
"جەنگەکە شەرعییەتی نییە"
ئەوە لە کاتێکدایە، لە ماوەکانى ڕابردوودا، حکومەتى پەکین جەختیکردەوە، ئەو جەنگەى ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرامبەر ئێران بەرپایان کردووە هیچ شەرعى نییە و جێگەى قبووڵکردن نییە.
عێراق: پێوستە ئەورووپا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان ڕۆڵبگێڕێت
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، داوای لە وڵاتانی ئەورووپا کردووەن ڕۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان.
لە دوو کاتژمێردا درۆن ئاڕاستەی حەوت شوێنى هەولێر کرا
لەماوەى دوو کاتژمێری رابردوودا، ژمارەیەک درۆن ئاڕاستەی هەولێر کراون و لەلایەن سستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا خراونەتە خوارەوە.
درۆنەکان ئاڕاستەی چەند شوێنی جیاواز کراون
پەیامنێرى کەناڵ8 ڕایگەیاند، درۆنەکان ئاڕاستەى ناوچەى جەژنیکان لە بەحرکە، فرۆکەخانەی هەولێر، گوندی شەمزینان لە پردێ، چیای کۆڕەک لە سۆران، گردەچاڵ لە هەولێر، چیای قاسمەڕەش لەکۆیە و گوندی وەردێ لە چۆمان کراون.
سەرجەمیان خراونەتە خوارەوە
بەگوێرەى پەیامنێرى کەناڵ8، سەرجەم درۆنە ئاڕاستەکراوەکان لەلایەن سستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا بەرپەرچدراونەتەوە و خراونەتە خوارەوە.
کۆمەڵ و یەکگرتوو پەیامى سەرەخۆشى ئاڕاستەی ئێران دەکەن
یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵى دادگەرى بەهۆی کوژرانی خامنەییەوە پەیامى سەرەخۆشى ئاڕاستەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن.
نیگەرانی بەرامبەر پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان
مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەربڕی و ڕایگەیاند، پەلامارە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشێلکردنێکی گەورەی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.
پێشهاتێکی مەترسیدار
دەشڵێت: فراوانبوونی بەرەکانی جەنگ پێشهاتێکی مەترسیدارە و داوا دەکات دەستبەجێ شەڕ ڕابگیرێت و هەموو لایەک بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتییانە.
کوژرانی خامنەیی کەلێنێکی گەورەیە
هاوکات، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی بە یاوەرى شاندێکى حیزبەکەى سەردانى کونسوڵخانەى ئێرانى کردووە و ڕایگەیاند، کوژرانی خامنەیی، لەم هەلومەرجەدا کەلێنێکی گەورەی دروست کردووە و هیواشى خواستووە کۆمارى ئیسلامى ئێران ئەو کەلێنە بەزوویی پڕ بکاتەوە.
چەندین ئامانج لە سنە و مەریوان و سەوڵاوا بۆردوومانکراون
ئەمڕۆ یەکشەممە، چەندین ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومانکراون و لە وانە چەند ناوچەیەکى سەر بە مەریوان.
تۆمارە ڤیدیۆییەکان دەریدەخەن
بەگوێرەى ئەو تۆمارە ڤیدیۆیانەى لە پەیج و ماڵپەرەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان بڵاوکراونەتەوە ناو شارى سنە و مەریوان و سەوڵاوا بۆردوومانکراون.
10 ناوچە لە سنە بۆمباران کراوە
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، زیاتر لە 10 ناوچە لە سنە کراونەتە ئامانج، بەوهۆیەوە زیاتر لە 200 کەس کوژراون و برینداربوون، کە هاونیشتمانیی سڤیلیان تیادایە.
بۆردومانکردنی فەرماندەیی سنوور پارێز
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ، فەرماندەیی سنوورپارێزی سنە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومانکراوە، کە دەکەوێتە سەر شەقامی کرماشان بەرانبەر فڕۆکەخانەی سنە.
کارەبا لە چەند ناوچەیەک بڕاوە
هەر ئەمڕۆ بنکەیەکی سوپای پاسداران لە مەریوان کراوەتە ئامانج، بەوهۆیەوە تەواوی بنکەکە زیانی گەورەی پێگەیشتووە و کارەباش لە چەند ناوچەیەکی مەریوان بڕاوە.
لە دزڵێش هاوڵاتی سڤیلیش بەرکەوتوون
بەگوێرەى وێنە و ڤیدیۆى دیکە، دەردەکەوێت "بنکەیەکی سوپای پاسداران لە چەمى خانى گوندی دزڵی سەر بە شاری سەوڵاوا کراوەتە ئامانج و لانیکەم 15 کەس کوژراون و گوندنشینێکى دزڵیش پێوەبووە".
ئیمارات: بۆ هەر هێرشێک دژی سەروەریمان، وەڵامێکی توندمان دەبێت
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئاشکرای دەکات، سەدان مووشەک و درۆنی ئێرانییان تێکشکاندووە و ڕاشیدەگەیەنێت، بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک ئامادەی وەڵامدانەوەن.
وردەکاریی مووشەک و درۆنە تێکشکێنراوەکان
ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئاداری 2026، بەرگریی ئاسمانیی ئیمارات توانیویەتی 11 مووشەک و 148 درۆن لە ئاسمانی وڵاتەکەیدا تێکبشکێنێت.
وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە ئاشکرای کردووە، لە سەرەتای جەنگی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلەوە تاوەکو ئەمڕۆ، ئێران 174 مووشەکی بالیستی ئاڕاستەی ئیمارات کردووە؛ لەو ژمارەیە 161 مووشەکیان بەرپەرچدراونەتەوە و تەنها 13 دانەیان لە ئاوەکانی ئیمارات کەوتوونەتە خوارەوە، هاوکات 8 مووشەکی زیرەک لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە کەوتوونەتە خوارەوە.
زیانەکان چی بوون؟
سەبارەت بە هێرشی درۆنەکان، ئیمارات ڕایگەیاندووە لە کۆی 689 درۆن کە ئێران ئاڕاستەی کردوون، 645 دانەیان لە ئاسمان تەقێنراونەتەوە و 44 دانەیان بەر زەوی کەوتوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری، بەهۆی ئەو هێرشانەوە تاوەکو ئێستا 3 کەس گیانیان لەدەستداوە و 68 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەڵوێستی توندی ئیمارات
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێنراوەکەدا، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات بە توندی ئیدانەی هێرشەکان دەکات و دەڵێت: "ئەو کارەی ئێران دژی ئێمە دەیکات دوژمنکارانەیە و بێ بنەمایە، چونکە ئیمارات بە هیچ شێوەیەک مەترسی نەبووە بۆ سەر ئاسایشی ئێران."
وەزارەتەکە هۆشداریش دەدات و دەڵێت: "دژی هەموو هەڕەشەیەک دەوەستینەوە و بۆ هەر هێرشێک دژی سەروەری وڵاتەکەمان، وەڵامێکی توندمان دەبێت."
ماکرۆن: ئێران چەکی زۆر پێشکەوتوو و تواناکانی لەدەستداوە
سەرۆکی فەرەنسا رایدەگەیەنێت، ئێران بەشێکی زۆری توانا سەربازییەکانی لەدەستداوە و جەختیش دەکاتەوە، وڵاتەکەی خۆی بۆ هەر هەڕەشەیەکی ئەتۆمی ئامادە دەکات.
زیانە گەورەکەی ئێران
ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئاداری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی دۆخی جەنگەوە ڕایگەیاند، "ئێران چەکی زۆر پێشکەوتوو و تواناکانی لەدەستداوە." ئەم لێدوانەی ماکرۆن وەک ئاماژەیەکە بۆ لاوازبوونی سوپای ئێران دوای هێرشەکانی ئەم دواییە.
ئامادەکاری بۆ هەڕەشەی ئەتۆمی
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای گرژییەکان، بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە ئەوروپا. ماکرۆن گوتی: "پێویستە ئەوروپا خۆی بپارێزێت، دەبێت بە هەموو شێوەیەک خۆمان ئامادە بکەین بۆ هەموو ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە چەکی ئەتۆمییەوە هەیە."
پاشخان؛ لە ئێران چی ڕوویدا؟
لێدوانەکانی ماکرۆن دوای ئەوە دێن، ڕۆژی شەممە 29ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی هاوبەشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد. بەگوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی هێرشەکەوە ژمارەیەک سەرکردەی باڵای ئەو وڵاتە و لەسەرووی هەموویانەوە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران کوژراوە.
سوپای پاسداران: بە سەدان و درۆن و مووشەک بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کرانە ئامانج
سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامی شەپۆلی یازدەهەمی ئۆپەراسیۆنەکانی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، لە ڕێگەی سەدان درۆن و مووشەکەوە، 500 پێگەی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.
وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی 'بەڵێنی راستگۆیی چوار'
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، ئاژانسی تەسنیم کە بە نزیک لە سوپای پاسداران دادەنرێت، وردەکاریی یازدەهەمین شەپۆلی هێرشەکانی ئێرانی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا 500 درۆنی بۆمبڕێژکراو و سەدان مووشەک بەکارهاتوون و لە ڕێگەیانەوە هێرش کراوەتە سەر 60 ئامانجی ستراتیژیی و 500 بنکە و بارەگای سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل.
تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی
لە بەشێکی ڕاگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، لە هێرشەکانی ئەمجارەدا ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆمارکراوە. سوپای پاسداران دەڵێت: "تەنیا لە 48 کاتژمێری رابردوودا، بەهۆی ئەو هێرشە فراوانەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کردوویانە، قەبارەی زیانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زۆر زیاتر بووە لە کۆی گشتیی زیانەکانی 12 رۆژی جەنگی ساڵی ڕابردوو."
کام شوێنانە کراونەتە ئامانج؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی سوپای پاسداران، لەم شەپۆلی هێرشانەدا ناوەندە هەواڵگرییەکان، جبەخانەکانی پشتیوانیی سەربازیی ئەمریکا و کۆمەڵگەی پیشەسازییە سەربازییەکانی ئیسرائیل پێکێنراون. شوێنە دیاریکراوەکانیش بریتین لە:
بنکە سەربازی و هەواڵگری و جبەخانەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو.
کۆمەڵگەی پیشەسازییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە 'بیئر سەبع'.
زیاتر لە 20 شوێنی جیاواز لە تەلئەڤیڤ، قودسی رۆژئاوا و جەلیل.
فەڕەنسا داوا لە هاوڵاتییەکانی دەکات هەرێمی کوردستان جێبهێڵن
باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە عێراق، ئامۆژگاریی هاوڵاتییەکانی دەکات، هەرێمی کوردستان جێبهێڵن.
بەهۆی خراپبوونی دۆخی ئەمنییەوە
باڵیۆزخانەکە لە نامەیەکدا بۆ هاوڵاتییەکانی دەڵیت، بەهۆی خراپبوونی دۆخی ئەمنی و هەرێمایەتی و ئەو هێرشانەی دەکرێن، هەرێمی کوردستان جێبهێڵن.
لە ڕێگەی تورکیاوە بگەڕێنەوە
فەڕەنسا ڕێنمایى هاوڵاتییەکانی کردووە لە ڕێگەی تورکیاوە هەرێمی کوردستان جێبهێڵن.
هێگسێت: جەنگەکەمان لە ئێران بۆ بونیادنانی دیموکراسییەت نییە
پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، جەنگەکەیان لە ئێران هەوڵێک نییە بۆ بونیادنانی دیموکراسییەت یاخود پڕۆژەیەک نییە بۆ بونیادنانی دەوڵەت.
جەنگ لە پێناوی سەرکەوتن
هێگسێت لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە پنتاگۆن ڕایگەیاند، هیچ پڕۆژەیەکی بونیادنانی دەوڵەت، یان بونیادنانی دیموکراسییەت و ڕاستکردنەوەی سیاسەت لە ڕێگای جەنگەوە نییە. دەشڵێت "ئێمە دەجەنگین بۆ سەرکەوتن و کات و ژیانمان بەفیڕۆنادەین."
دەربارەی گلەیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان
پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا دەربارەی ڕەخنە و گلەیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان گوتی "ئەمریکا بەبێ گوێدانە ئەوەی کە بەناو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان چی دەڵێن، کوشندەترین و وردترین هێرشی ئاسمانی لە مێژوودا ئەنجام دەدات، کە تیایدا بەبێ هیچ یاسایەکی گەمژانەی جەنگ، فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی B-2، فڕۆکە شەڕکەرەکان، درۆنەکان، مووشەک و بێگومان چەکە شاراوەکان بە ویست و دەسەڵاتی ئێمە بەکاردەهێنرێن، هیچ پڕۆژەیەکی بونیادنانی دەوڵەت، یان بونیادنانی دیموکراسییەت و ڕاستکردنەوەی سیاسەت نییە، ئێمە دەجەنگین بۆ سەرکەوتن و کات و ژیانمان بەفیڕۆنادەین".
ئەعرافی: ئەمریکا لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی هەڵە هێرشی کردووە
عەلیڕەزا ئەعرافی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کاتی ئێران، لە یەکەم دەرکەوتندا دوای وەرگرتنی باڵاترین دەسەڵات ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی هەڵە هێرشیانکردووەتە سەر ئێران و لە داهاتوودا ئەوەیان بۆ دەسەلمێنن.
هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەن بۆ بەرگریکردن
ئەعرافی، لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا جەختی لەوەکردەوە، ئەنجوومەنەکەیان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە، جەختی لەوەشکردەوە هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەن بۆ بەرگریکردن و دەوڵەت بە هەموو بەشەکانییەوە لە خزمەت بەردەوام دەبێت.
عەلیرەزا ئەعرافی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کاتیی ئێران لەو بارەیەوە گوتی "جارێکی دیکەش ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی کارێکی نادروست و ناڕەوایان لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی هەڵە داناوە و پشت بەخودا دەیسەلمێنین کە هەڵسەنگاندنەکەیان هەڵەیە".
کۆششی بەردەوامی ئەنجوومەنەکە
دەربارەی ئەرکەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەکەش گوتی "ئەم ئەنجوومەنە لە ڕێگای کۆبوونەوە و کۆششی بەردەوامەوە ئەو ئەرکانە جێبەجێ دەکات کە پێی سپێردراوە. دڵنیاتان دەکەمەوە کە هەموو هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن بۆ بەرگری و دەوڵەت بە هەموو بەشەکانیەوە لە خزمەت ئێوەدایە".
سێنتکۆم: سەربازێکی دیکەمان کوژرا
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، لە بەردەوامی ئۆپراسیۆنەکاندا تاوەکو ئێستا چوار سەربازیان کوژراون و پێنج سەربازی دیکەیان بریندار بوون.
بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە
سێنتکۆم دەڵێت، سەربازی چوارەمیان بەهۆی سەختی ئەو برینانەوە گیانی لەدەستداوە کە لە هێرشەکانی سەرەتای ئێراندا بەریکەوتووە.
ئۆپراسیۆنەکان بەردەوامە
ئاماژە بەوەشکراوە، ئۆپرسیۆنەکانیان بەردەوامە و وەڵامی هێرشەکانی ئێران دەدەنەوە.
نوێنەری بارزانی بۆ سەرەخۆشی سەردانی كونسوڵخانەی ئێرانی كرد
ئەمڕۆ شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشی، سەردانی کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە شاری هەولێر کرد.
شاندێکی پارتی سەردانی کونسوڵخانەی ئێرانی کرد
ماڵپەڕی فەرمی پارتی بڵاویكردووەتەوە، بە مەبەستی گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی پارتی، بۆ گیان لە دەستدانی ئایەتولای عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، شاندێکی حیزبەکە سەردانی کونسوڵخانەی ئێرانیان لە هەولێر کرد.
سیداد بارزانی سەرۆکایەتی شاندەکە بووە
شاندەکەی پارتی لەلایەن سیداد بارزانی براى مەسعود بارزانى و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسییەوە سەرۆکایەتى کراوە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا: ترەمپ بڕیار دەدات ئەم جەنگە چۆن کۆتایی بێت
پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هاوبەشدا لەگەڵ، سوپاسالاری هاوبەشی ئەمریکا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیار دەدات ئەم جەنگە چۆن کۆتایی بێت.
هاوکات جەنەڕاڵ دان کینی، سوپاسالاری هاوبەشی ئەمریکا ڕایگەیاند، جەنگەگە لە شەو ڕۆژدا کۆتایی نایەت و خۆیان بۆ زیانی زیاتر ئامادەکردووە.
دان کینی ئاماژەی بەوەشکرد، ژێرخانی سەربازیی ئێرانیان وێنراکردووە و زیاتی گەورەیان پێگەیاندووە.
سێنتکۆم: بە هەڵە 3 فڕۆکەی ئەمریکا لە کوەیت خراونەتە خوارەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، بەرگریی ئاسمانی کوەیت بە هەڵە سێ فڕۆکەی شەڕکەری ئەمریکی خستووەتە خوارەوە.
لە کاتی شەڕدا خراونەتە خوارەوە
سێنتکۆم لە ڕاگەیێنراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، سێ فڕۆکەی ئەمریکی لە ئاسمانی کوەیت بەهەڵە خراونەتە خوارەوە و ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو فڕۆکانە لە کاتی ئۆپەراسیۆنە چالاکەکانی شەڕدا خراونەتە خوارەوە.
هەڕەشەیەکی بەردەوام لە ئاسمانی کوەیت
بەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکەیەکی جەنگیی F-15ی ئەمریکی لە کوەیت کەوتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەی ڕزگاریبوو. باڵیۆزخانەی ئەمریکاش ئاماژە بەوەدەکات هەڕەشەیەکی بەردەوام لە ئاسمانی کوەیت هەیە بەهۆی مووشەک و درۆنەکانەوە و داوا دەکات هیچ کەس سەردانیان نەکات.
دووکەڵ لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەرزبووەتەوە
کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە هاوکاتە لەگەڵ هێرشێکی چڕی درۆنی و مووشەکی ئێران بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کوەیت. بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی ئاژانسەکانی هەواڵ دایانناوە، دووکەڵ لە باڵیۆزخانەکە بەرزدەبێتەوە و فڕۆکەوانەکەش بەر لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە خۆی ڕزگاردەکات و لەلایەن ژمارەیەک هاوڵاتیی سڤیلەوە دەخرێتە نێو ئۆتۆمبێلێکەوە.
داوایەک لە هاوڵاتییانی ئەمریکا
باڵیۆزخانەکە داوا له هاوڵاتیان دەکات، لەپێناو سەلامەتییاندا سەردانیان نەکەن دەڵێت: هەڕەشە بەردەوامە بەهۆی هێرشی مووشەکی و درۆنی لە ئاسمانی کوەیت.
سوودانى: ڕێگە نادەین عێراق لە ململانێکان تێوە بگلێنرێت
محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕایگەیاند "ڕێگە بەهیچ لایەنێک نادەین عێراق لەو ململانێیانە تێوە بگلێنێت کە ئێستا هەیە".
ڕێگری لە کارەکانی زیان گەیاندن بە عێراق دەکرێت
محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبوونەوەیەکى نائاسایی ئەنجوومەنى وەزارى بۆ ئاسایشى نیشتمانى دەزگا ئەمنییەکانى عێراقى ڕاسپارد کە لەژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنەکانی ناوچەکەدا ڕووبەڕووی هەر کارێک ببنەوە کە زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بگەیەنێت.
نابێت هیچ لایەنێک بە چالاکییەکانی زیان بە عێراق بگەیەنێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق داواشى کرد ڕێگە نەدەن بە هیچ لایەنێک، یان هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکییەک کە ببێتە هۆی تێوەگلانی عێراق لەو ململانێیانەی کە ئێستا هەن.
پابەدبوون بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان
سوودانى ڕوونیشیکردەوە "لە کاتێکدا دەوڵەت مافی ڕادەربڕین و مافی گردبوونەوەی ئاشتییانە و پاراستنی مافی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی یاسا نیشتمانییە کارپێکراوەکان دابین دەکات، هاوکات جەخت لە پابەندبوونمان بە پاراستنى نێردە دیپلۆماسییەکان دەکەینەوە و ڕێگە نادەین نێردە دیپلۆماسییەکان بکرێنە ئامانج".
نابێت عێراق بۆ هیچ ململانێیەک بەکار بهێنرێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی ئەوەشیکردووە، "عێراق پابەند دەبێت بە ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان و دڵنیابوون لەوەی خاکەکەی بۆ هیچ ململانێیەکی دەرەکی یان ناوخۆیی بەکارنەهێنرێت".
سەرۆکی هەواڵگریی حیزبوڵای لوبنان کوژرا
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، حسێن موقەلەد، سەرۆکی هەواڵگریی حیزبۆڵا لە بەیروت کراوەتە ئامانجی بۆردمانەکانیان و کوژراوە.
مەسعود پزیشکیان: حکومەتم ڕاسپاردووە بەوپەڕی تواناوە خزمەتگوزاری پێشکەشی هاووڵاتیان بکەن
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ڕایگەیاند کە سەرجەم وەزیرەکان و دەزگا جێبەجێکارەکانی وڵاتی ڕاسپاردووە کار بکەن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە شێوەیەکی یەکگرتوو و بێ پچڕان.
ڕاسپاردنی دامەزراوەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری
مەسعود پزیشکیان لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، سەرجەم وەزیرەکان، سەرۆکی ڕێکخراوەکان و دەزگا جێبەجێکارەکانی وڵاتی ڕاسپاردووە کە بەوپەڕی تواناوە کار بکەن بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەبێ پچڕان بگاتە دەستی هاووڵاتیان.
پلان بۆ بوژانەوەی کایە جیاوازەکان
سەرۆککۆماری ئێران جەختی کردەوە، پێویستە هەموو سێکتەرەکان بەگوێرەی پسپۆڕییەکانیان، پلانی تایبەت و دەسەڵاتەکانیان بەکاربهێنن بۆ گەیاندنی باشترین خزمەتگوزاری. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی قۆناغی دوای "کۆتاییهاتنی شەڕی سەپێنراو" و بۆ بوژانەوەی کایە جیاوازەکانە، تاوەکو هاووڵاتیان هەست بە گۆڕانکاری بکەن.
بەرپرسیارێتیی حکومەت لە ئاست داواکارییەکانی شەقام
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پزیشکیان جەختی لە دروشمی سەرەکیی کابینەکەی کردەوە و ڕایگەیاند، حکومەت لەگەڵ خەڵک دەوەستێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەرپرسیارێتیی هەموو دامەزراوەکانە لە ئاستی داواکارییەکانی شەقامدا بن و کار بکەن بۆ ئەوەی کاروباری ڕۆژانەی خەڵک بەبێ گرفت بەڕێوەبچێت.
یسرائیل کاتز: نەعیم قاسم ئامانجمانە و دەیکوژین
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، حیزبوڵڵای لوبنان بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە ژێر فشاری ئێراندا هێرش دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە ئەمینداری گشتیی ئەو حزبە چارەنووسی کوشتن دەبێت.
نەعیم قاسم وەک ئامانجێکی دەستنیشانکراو بۆ لەناوبردن
یسرائیل کاتز لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا لە ئێستادا ئامانجێکی دەستنیشانکراوە بۆ لەناوبردن و کوشتن. کاتز نووسیویەتی: "نەعیم قاسم خوێنی خۆی کردووەتە کاسەوە" و جەخت دەکاتەوە کە ئەو ڕێکخراوە باجێکی گەورە لە بەرانبەر هێرشەکانی شەوی ڕابردوو دەدات.
چارەنووسی هاوشێوەی عەلی خامنەیی
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دەدات کە هەر کەسێک بکەوێتە ژێر فشاری ئێرانەوە، هەمان چارەنووسی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی چاوەڕێی دەکات. کاتز دەڵێت، حیزبوڵڵا لە ژێر کاریگەریی تاراندا هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام داوە.
گۆڕینی یاساکانی جەنگ و پاراستنی ئیسرائیل
یسرائیل کاتز جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی چیتر پابەندی یاساکانی پێش 7ـی ئۆکتۆبەر نابێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە بە هەموو هێزیانەوە بەرگری لە دانیشتووانی ئیسرائیل دەکەن و ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر ئەو لایەنانەی مەترسی دروست دەکەن، بەردەوام دەبێت.
سوپای پاسداران: نووسینگەی نەتەنیاهوو و شوێنی نیشتەجێبوونی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلمان پێکاوە
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە دەیەمین شەپۆلی هێرشە مووشەکییەکانیاندا بۆ سەر ئیسرائیل، نووسینگەی سەرۆکوەزیران و شوێنی نیشتەجێبوونی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج.
پێکانی نووسینگەی نەتەنیاهوو و فەرماندەی هێزی ئاسمانی
سوپای پاسداران دەڵێت، لەم ئۆپەراسیۆنەدا توانیویانە لێدانێکی تووند لە نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بدەن. هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە شوێنی نیشتەجێبوون و جێگیربوونی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیلیش کراوەتە ئامانج و پێکراوە.
بەکارهێنانی مووشەکی خەیبەر لە هێرشەکاندا
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوە نوێیەکەی سوپای پاسداران، لەم شەپۆلی 10ـەمەی هێرشەکاندا کە بە شێوەیەکی ئامانجدار و کتوپڕ ئەنجامدراوە، مووشەکەکانی جۆری (خەیبەر) بەکارهێندراون بۆ پێکانی ئامانجە دیاریکراوەکان لە ناو جەرگەی ئیسرائیلدا.
ئەمریکا و 6 وڵاتی عەرەبی: سەرکۆنەی هێرشە هەڕەمەکییەکانی ئێران دەکەین
ئەمریکا و 6 وڵاتی عەرەبی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران دەکەن کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە ناوچەکەی گرتووەتەوە.
سەرکۆنەکردنی هێرشەکان لەلایەن حەوت وڵاتەوە
ئەمریکا و وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، قەتەر، کوێت، ئوردن و بەحرەین ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەو وڵاتانە سەرکۆنەی هێرشە "هەڕەمەکییەکانی" ئێران دەکەن کە ئاراستەی ناوچە جیاوازەکان دەکرێن.
مەترسی بۆ سەر سڤیل و ژێرخانی ئابووری
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە، هێرشەکانی ئێران هاووڵاتییانی سڤیل دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها ئەو وڵاتانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان زیانی گەورە بە ژێرخانی ئابووریی وڵاتانی ناوچەکە دەگەیەنن.
بە ئامانجگرتنی وڵاتانی خانەخوێی بنکە ئەمریکییەکان
لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و کوژرانی چەند سەرکردەیەکی باڵای ئەو وڵاتە، ئێران سەرجەم ئەو وڵاتانەی کردووەتە ئامانج کە بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لێیە. تاران ناوبەناو بە مووشەک و درۆن بۆردومانی ئەو وڵاتانە دەکات وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی سەر خاکەکەی.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق: گەشتە ئاسمانییەکان بۆ 48 کاتژمێری دیکە ڕادەگرین
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ 48 کاتژمێری دیکە درێژکردەوە و ئاسمانی وڵاتەکە بە ڕووی گەشتەکاندا دادەخرێت.
درێژکردنەوەی ڕاگرتنی گەشتەکان
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، بڕیاری ڕاگرتنەکە سەرجەمی گەشتەکان دەگرێتەوە و بۆ 48 کاتژمێری دیکە درێژکراوەتەوە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە تاوەکو 24 کاتژمێری دیکە ئاسمانی عێراق بە تەواوی بەڕووی گەشتەکاندا دادەخرێت.
هۆکاری داخستنی ئاسمانی عێراق
ڕاگرتنی گەشتەکان بەهۆی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ سەر ئێران کە لە ڕۆژی شەممە 28-2-2026ـەوە بەردەوامە. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کوژراون، ئەمەش دۆخی ئەمنیی ناوچەکەی ئاڵۆز کردووە.
بەهۆی شەڕی ئێرانەوە زیاتر لە 3,400 گەشتی ئاسمانی لە جیهاندا هەڵوەشێنراونەتەوە
داخرانی ئاسمانی کەنداو بەهۆی گرژی و شەڕ لە ناوچەکە، هەڵوەشانەوەی هەزاران گەشتی ئاسمانیی لەسەرانسەری جیهان لێکەوتووەتەوە و بەو هۆیەوە نزیکەی 300,000 گەشتیار گیریان خواردووە.
هێرشەکان و داخستنی کایەی ئاسمانی
پاش ئەوەی ڕۆژی 28ـی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، کایەی ئاسمانیی ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە داخرا. دواتر لەگەڵ دەستپێکی وەڵامدانەوەی تاران بۆ سەر بنکە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، تەواوی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی ناوچەکە ڕاگیران.
پەککەوتنی فڕۆکەخانە گەورەکانی کەنداو
بەهۆی شەڕەکەوە گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی وەک دوبەی، شاریجە، ئەبوزەبی و دۆحە ڕاگیراون. بەوپێیەی ئەم فڕۆکەخانانە خاڵی ترانزێتن لەنێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و ئاسیا، پەککەوتنیان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەزاران گەشت لەسەر ئاستی جیهان دروست کردووە.
ئاماری گەشتە هەڵوەشێنراوەکان و گەشتیارە گیراوەکان
لە یەکەم ڕۆژی شەڕەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 3,400 گەشتی ئاسمانی بەهۆی داخرانی ئاسمانی کەنداو هەڵوەشێنراونەتەوە. بەگوێرەی مەزەندەکان، نزیکەی 300,000 کەس لە ناوچەکەدا گیریان خواردووە و بەهۆی ناڕوونی لە وادەی کردنەوەی کایەی ئاسمانی، دۆخی ئەو کەسانە سەختتر بووە.
ئوردن دەکەوێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن هۆشداریی بەپەلە دەداتە هاووڵاتیان و کارمەندانی لەبارەی ئەگەری بەردەوامیی چالاکییە سەربازییەکان لە ئاسمانی وڵاتەکەدا و حکومەتی ئوردنیش سیستەمی ئاگادارکردنەوەی چالاک کرد.
چالاککردنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی بەرگریی شارستانی
بەهۆی پێشبینی تێپەڕبوونی مووشەک و درۆن بە ئاسمانی ئوردن، حکومەتی ئەو وڵاتە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی بەرگریی شارستانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتیان دەکات لە کاتی بیستنی زەنگەکەدا، دەستبەجێ پەناگە بگرن و لە پەنجەرەکان دوور بکەونەوە.
واتای جۆرەکانی زەنگی ئاگادارکردنەوە
سیستەمی ئاگادارکردنەوەی ئوردن لە دوو جۆر زەنگ پێکهاتووە؛ زەنگی یەکەم کە لە 3 تەقینەوەی پچڕپچڕ لە ماوەی 30 چرکەدا پێکهاتووە، بە واتای بوونی مەترسیی ڕاستەوخۆ دێت. زەنگی دووەم کە دەنگێکی بەردەوامە و بۆ ماوەی 1 خولەک دەخایەنێت، بە واتای کۆتاییهاتنی مەترسی و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە دێت.
ڕێنماییە ئەمنییەکان و پەیامی ئاسایشی گشتی
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی ئوردن (PSD) ئاماژەی بەوە کردووە، زۆربەی جار دوای دەنگی زەنگەکە، پەیامێکی دەنگی بە زمانی عەرەبی بڵاودەکرێتەوە کە هۆکاری چالاکبوونی زەنگەکە ڕوون دەکاتەوە. باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای لە هاووڵاتیان کردووە چاودێریی ماڵپەڕی "ناوەندی نیشتمانیی بۆ ئاسایش و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان" بکەن.
دۆخی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی شاژن عەلیا
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی "شاژن عەلیا" ڕایگەیاندووە کە بەردەوام دەبێت لە بڵاوکردنەوەی نوێکارییە ڕاستەوخۆکان بۆ گەشتیاران. داوا لەو کەسانە دەکرێت کە گەشتیان هەیە، پێشوەختە لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی فڕۆکەخانەوە سەیری کات و دۆخی گەشتەکانیان بکەن، چونکە بەهۆی ئاڵۆزیی ناوچەکە ئەگەری گۆڕانکاریی خێرا لە ئارادایە.
کۆچی بە کۆمەڵ لەگوندەکانی باشووری لوبنان دەستیپێکردووە
لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، دانیشتووانی گوند و شارۆچکە سنوورییەکان بە کۆمەڵ ناوچەکانیان جێدەهێڵن و وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتەش ئاماری کوژراو و بریندارەکان بڵاودەکاتەوە.
کۆچی بەکۆمەڵ و قەرەباڵغی لە ڕێگەکان
لە ڕێگە سەرەکییەکانی هاتوچۆی شارۆچکە سنوورییەکانی لوبنان قەرەباڵغییەکی زۆر دەبینرێت، ئەوەش بەهۆی کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووانی گوندەکانەوە کە لە شەوی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە. بەشێکی زۆری هاونیشتمانییان بەرەو ناوچە باکوورییەکانی لوبنان دەڕۆن و لە بنکەکانی مانەوەی کاتی نیشتەجێ دەبن.
ئامادەکاری بۆ شەڕێکی درێژخایەن
ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەو شەڕەی دژی حیزبوڵڵای لوبنان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەستیپێکردووە، ڕەنگە چەندین ڕۆژی دیکە بخایەنێت. زامیر جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت خۆیان بۆ چەندین ڕۆژی درێژخایەنی شەڕ ئامادە بکەن.
ئامانجە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان
سوپای ئیسرائیل گرتەی ڤیدیۆیی هێرشەکانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان چەکدارانی حیزبوڵڵا، کۆگاکانی چەک و ژێرخانی سەربازیی ئەو ڕێکخراوەیان لە چەندین ناوچە بە ئامانج گرتووە. ئامانج لەم هێرشانە ئیفلیجکردنی تواناکانی حیزبوڵڵایە لە بەرەی باکوور.
ئاماری کوژراو و بریندارەکان
وەزارەتی تەندروستی لوبنان نوێترین ئاماری قوربانییانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا 31 کەس کوژراون و 149 کەسی دیکەش بریندار بوون. پزیشکەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە بریندارەکان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
گۆڵدمان ساکس: نرخی گازی شل لە جیهاندا 130% بەرزدەبێتەوە
بەهۆی فراوانبوونی گرژییەکان و بەردەوامیی داخستنی گەرووی هورمز، ئەو کەشتییانەی گازی سروشتیی شل (LNG)ـیان هەڵگرتووە لە گەرووەکە دووردەخرێنەوە و هۆشداری لە بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخەکان دەدرێت.
گۆڕینی ڕێڕەوی 13 کەشتیی گازی شل
بەگوێرەی زانیارییەکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان لە بلومبێرگ، لانیکەم 13 کەشتی کە گازی سروشتییان لە قەتەر و ئیماراتەوە هەڵگرتووە، ڕێڕەویان گۆڕیوە. ئەم کەشتییانە لە لای ڕۆژهەڵاتی ڕێڕەوی ئاویی گەرووی هورمز دوورکەوتوونەتەوە بۆ ئەوەی لە ناوچە ئاڵۆزەکان بەدوور بن.
پێشبینییەکانی گۆڵدمان ساکس بۆ نرخی گاز
بانکی گۆڵدمان ساکس پێشبینی دەکات ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، نرخی گازی سروشتی بەڕێژەی 130% بەرزببێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەگەری هەیە تەنیا بۆ هەر ملیۆن یەکەیەکی گەرمی بەریتانی (MMBtu)، بڕی 25 دۆلار بچێتە سەر نرخەکان.
ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەی گازی قەتەر
قەتەر دوای ئەمریکا دووەم گەورەترین دابینکەری گازی سروشتیی LNGـیە لە جیهاندا. پێشتر قەتەر بۆ گەیاندنی بارەکانی بە ئاسیا و ئەوروپا گەرووی هورمزی بەکارهێناوە، بەڵام ئێستا بەهۆی داخستنی ڕێگەکەوە ناچارە بژاردەی دیکە بگرێتەبەر کە کات و تێچوویەکی زۆرتر و مەترسیی زیاتری تێدایە.
وەستانی کەشتییەکان و کۆتاییهاتنی بیمە
بەشێک لەو کەشتییانەی لەنێو ڕێڕەوە ئاوییەکاندان، لەنگەریان گرتووە و چاوەڕێی ئاساییبوونەوەی دۆخەکە دەکەن. هاوکات بەشێکی دیکەیان بەهۆی زیادبوونی نرخی بیمە، سەرکێشی دەکەن و ڕێڕەوەکە بەکاردەهێنن. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیاکانی بیمە ڕایانگەیاندووە لە شەوی 5-3-2026ـەوە بیمەکردن ڕادەگرن.
هاونیشتمانییەک لە هەولێر: پاشماوەی درۆنەکان جامی ئۆتۆمبێلەکەمی شکاندووە
لە کۆمەڵگەی پێرزین لە هەولێر، ژمارەیەک پاشماوەی تەقینەوەی درۆنەکان کەوتوونەتە خوارەوە و زیانی بە ئۆتۆمبێلی 2 هاونیشتمانی گەیاندووە، دانیشتووانی ناوچەکەش باس لە بوونی ترس و دڵەڕاوکێ دەکەن.
زیان گەیاندن بە ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانییان
لە کۆمەڵگەی پێرزین لە شاری هەولێر، پاشماوەی درۆنە تەقێنراوەکان زیانی ماددی بە ئۆتۆمبێلی 2 هاونیشتمانی گەیاندووە. یەکێک لەو هاونیشتمانییانەی ئۆتۆمبێلەکەی زیانی بەرکەوتووە ڕایگەیاند، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەکان جامی ئۆتۆمبێلەکەی شکاوە.
تەقاندنەوەی 3 درۆن لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە
بەگوێرەی گوتەی دانیشتووانی ناوچەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سیستمی دژە مووشەکی 3 درۆنی لە ئاسمانی ناوچەکەدا تەقاندووەتەوە. پاشماوەی ئەو درۆنانە لە ناو کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەکە کەوتوونەتە خوارەوە و بوونەتە هۆی تۆمارکردنی زیانە ماددییەکان.
ترس و دڵەڕاوکێ و مەترسییەکانی سەر ناوچەکە
دانیشتووانی کۆمەڵگەی پێرزین ئاماژە بەوە دەکەن، لەکاتی تەقینەوەی درۆنەکاندا دەنگێکی زۆر بەرز بیستراوە و بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێی زۆر. هاونیشتمانییانی ئەو ناوچەیە دەڵێن بەهۆی نزیکی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە شوێنی نیشتەجێبوونیان، مەترسیی بەردەوامیان لەسەرە.
کۆمپانیاکانی بیمە: تاوەکو 5ـی ئازار بیمەی ئەو کەشتییانە دەکەین کە دەچنە کەنداو
کۆمپانیاکانی بیمەی کەشتی لە جیهاندا بڕیاریاندا کاتێکی دیاریکراو بۆ ڕاگرتنی بیمەی ئەو کەشتییانە دابنێن کە ڕێڕەوە ئاوییە مەترسیدارەکان و ناوچەی کەنداو بەکاردەهێنن.
دیاریکردنی کات بۆ ڕاگرتنی بیمەی کەشتییەکان
کۆمپانیاکانی بیمەی کەشتی ڕایانگەیاند، تاوەکو نیوەی شەوی 5-3-2026 بیمەی کەشتییەکان لە ئەستۆ دەگرن. ئاماژە بەوە دراوە کە پاش ئەو کاتە، چیدی بیمەی هیچ کەشتییەک ناگرنە ئەستۆ کە ڕێڕەوە ئاوییە مەترسیدارەکان دەگرنەبەر، ئەمەش بەهۆی نەمانی توانای کۆمپانیاکان بۆ لە ئەستۆگرتنی قەبارەی مەترسییەکان.
بەرزبوونەوەی تێچووی بیمە بۆ 200 هەزار دۆلار
بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکان، نرخی بیمەکردن بەرزبووەتەوە. پێشتر کەشتییەک بە نرخی 100 ملیۆن دۆلار، بە 125 هەزار دۆلار بیمە دەکرا (0.125%)، بەڵام ئێستا تێچووی بیمەی هەمان کەشتی بۆ 200 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە. هەروەها تێچووی بیمەی هەندێک لە کەشتییە کۆنتێنەرهەڵگرەکان گەیشتووەتە 0.7%ـی نرخی کەشتییەکە.
ئەو ناوچانەی بیمە نایانگرێتەوە
بەگوێرەی بلوومبێرگ، 7 کۆمەڵەی ئەندام لە کۆمەڵەی نێودەوڵەتی گرووپی پاراستن و قەرەبووکردنەوە، کە بەرپرسن لە بیمەی 90%ـی کەشتییە بازرگانییەکانی جیهان، ئاگادارییان بڵاوکردووەتەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەگەر کەشتییەکان بچنە ناو کەنداوی عەرەبی، نزیک گەرووی هورمز یان ئاوەکانی ئێران، ئەوا چیدی بیمە نایانگرێتەوە."
ئامانجی بیمەی کەشتییەکان لە باری ئاساییدا
بیمەکردنی کەشتییەکان لە باری ئاساییدا بە مەبەستی پاراستنیانە لە زیانە تیرۆریستییەکان، چەتەکانی دەریا و هەر ڕووداوێکی نەخوازراو. کۆمپانیاکان دەڵێن ڕاگرتنی بیمەکە لە سێ ڕۆژی داهاتوودا بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانیی بەکارهێنەران و کەشتییەکانە.
ئیسرائیل: دوو بەرپرسی باڵای هەواڵگریی ئێران کوژران
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەرپرسانی باڵای هەواڵگریی ئێران، بە ناوەکانی سەید یەحیا حەمیدی و جەلال پوور حوسێن، کوژران.
نووری مالیکی: بەهۆی شەهیدبوونی عەلی خامنەییەوە سەرەخۆشی لە جیهانی ئیسلامی دەکەم
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بەهۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا خامنەیی بە "فەرماندەی شۆڕشی ئیسلامی" ناوبرد.
سەرەخۆشیکردن لە جیهانی ئیسلامی
نووری مالیکی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی "شەهیدبوونی" ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، سەرەخۆشی لە جیهانی ئیسلامی دەکات. مالیکی دەڵێت، خامنەیی هەموو تەمەنی خۆی لە پێناو خودادا بەخشی و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی جێهێشتووە.
ڕۆڵی خامنەیی لە یەکێتیی گەلی ئێران
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە، خامنەیی سەرکردەیەکی ئیلهامبەخشی گەلی ئێران بووە بۆ پاراستنی یەکێتی و یەکگرتوویی و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر. ئەم پەیامەی مالیکی لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، ڕێبەری باڵای ئێران لە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کراوەتە ئامانج.
ئێران: لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل 41 پاسەوانی سنوورمان کوژراون
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر سنوورەکانی وڵاتەکەیان، 41 پاسەوانی سنوور کوژراون.
ئامانجی هێرشەکان بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان
تاران دەڵێت، ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئەنجامدانی هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو ناوچانە، نائەمنکردنی ناوچە سنوورییەکانی ئێرانە. ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا دێن کە چەند ڕۆژێکە ناوچە جیاوازەکانی ئێرانی گرتووەتەوە.
کوژرانی 15 منداڵ لە هێرشەکاندا
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە، 15 منداڵ گیانیان لەدەستداوە. ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشەکان تەنیا بنکە سەربازییەکانیان نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو زیانی گیانییان بە خەڵکی سڤیل گەیاندووە.
ئیسرائیل: فڕۆکەکانمان لە یەک کاتدا لوبنان و ئێران بۆردومان دەکەن
ئیسرائیل بە سەدان فڕۆکەی جەنگی هێرشەکانی بۆ سەر قووڵایی خاکی ئێران و مۆڵگەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان چڕتر کردووەتەوە و هەڕەشەی دەستپێکردنی هێرشی زەمینی دەکات.
پێکانی هاوکاتی ئامانجەکان لە ئێران و لوبنان
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، فڕۆکەکانیان لە یەک کاتدا لە لوبنان و ئێران بۆردومان دەکەن و سەرکردەیەکی باڵای حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج. لە جەرگەی خاکی ئێران خەریکی لەناوبردنی ژێرخانی سەربازیی تارانن و لە بەرەی باکووریش دەیانەوێت بە لێدانی فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵڵا، توانای کاردانەوەی ئەو گرووپە ئیفلیج بکەن.
هەڕەشەی هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل چەند پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، کە حیزبوڵڵا باجی قورس دەدات و هەموو بژاردەکان، لەوانە هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان، کراوەن. ئامانج لە هێرشەکانی لوبنان، دوورخستنەوەی مەترسیی مووشەکیی حیزبوڵڵایە لەسەر ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل.
بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکان
سوپای ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە کە تاوەکو پێکانی تەواوی ئامانجەکان، ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکان ناوەستێنن. لە ئێستادا سەدان فڕۆکەی جەنگی بە شێوەیەکی هاوکات لە ئاسمانی ئێران و لوبنان ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن و بەردەوامن لە قووڵکردنەوەی هێرشەکانیان بۆ ناو جەرگەی ئێران و پێکانی ئامانجە دیاریکراوەکان.
تێکشکاندنی ژێرخانی سەربازی دوای کوژرانی خامنەیی
ئەم پەرەسەندنانە لە 2-3-2026ـدا دێن، دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران و مەحموود ئەحمەدی نەژاد لە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا. ئیسرائیل دەیەوێت لەم دەرفەتەدا ژێرخانی سەربازیی هەردوو لا بەیەکەوە تێکبشکێنێت تاوەکو توانای تۆڵەسەندنەوەیان نەمێنێت.
لە بۆردومانەکانی پارێزگای تەورێزدا 27 کەس کوژراون
چەندین بنکە و بارەگای سوپای پاسداران و پۆلیس لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات (تەورێز) کراونەتە ئامانج و بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکەش گیانلەدەستدانی 27 کەس ڕادەگەیێنێت.
ژمارەی کوژراوان و شارە ئامانجکراوەکان
مەجید فەرشی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای تەورێز ڕایگەیاند، لە 2 ڕۆژی ڕابردوودا چەندین شوێن لە شارەکانی تەورێز، سەراب، مەراغە و شەبستەر لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج و بەو هۆیەوە 27 کەس کوژراون.
کۆچی دوایی ئەفسەرێکی پۆلیس و 15 کەس لە مەراغە
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیران ئاشکرای کرد، ڕۆژی یەکشەممە تەنیا لە شاری مەراغە 15 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژراون. یەکێک لە کوژراوەکانیش ئەفسەرێکی فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی مەراغەیە بە ناوی یەعقووب سەناییفەر.
دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل
لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 28-2-2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە و چەندین ناوەندی هەستیاریان کردووەتە ئامانج. لە بەرانبەردا سوپای پاسدارانی ئێران چەندین شەپۆلی هێرشی بە مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەنجامداوە.
پنتاگۆن: هیچ زانیارییەکمان نییە کە ئاماژە بەوە بکات ئێران پلانی هەبووبێت سەرەتا هێرش بکات
دوو سەرچاوەی ئاگادار بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، بەرپرسانی پنتاگۆن لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ کارمەندانی کۆنگرێس دانیان بەوەدا ناوە کە هیچ زانیارییەکی هەواڵگری لەبەر دەستدا نییە بیسەلمێنێت ئێران پلانی بۆ ئەوە دانابێت سەرەتا هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
لاوازبوونی پاساوەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ جەنگ
لێدوانی بەرپرسانی پنتاگۆن لەبەردەم کۆنگرێسدا، پاساوە سەرەکییەکانی ئیدارەی ترەمپی بۆ دەستپێشخەریی جەنگ لەگەڵ ئێران لاواز کردووە. پێشتر ئیدارەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو بڕیاری هێرشەکان بەهۆی هەبوونی ئاماژەیەک بووە کە ئێرانییەکان ڕەنگە هێرش بکەنە سەر هێزەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ماوەی کۆبوونەوەکە و گومان لەسەر هەڕەشە مووشەکییەکان
دیلان جۆنسۆن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆبوونەوە داخراوەکەی نێوان پنتاگۆن و کۆنگرێس زیاتر لە 90 خولەکی خایاندووە. لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە هەواڵگرییەکان بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان پشتگیری لە بانگەشەکەی ترەمپ ناکەن سەبارەت بەوەی ئێران بتوانێت لە مەودایەکی نزیکدا بە مووشەکی بالیستیکی لە ئەمریکا بدات.
کوشتنی خامنەیی و پێکانی 1000 ئامانج
ڕۆژی شەممە ئەمریکا و ئیسرائیل توندترین هێرشیان لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا کردە سەر ئێران، کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران. لەو هێرشانەدا چەندین کەشتیی جەنگیی ئێران نوقم کراون و تا ئێستا زیاتر لە 1000 ئامانج پێکراون.
زیانە گیانییەکانی سوپای ئەمریکا
هاوکات لەگەڵ ئەم گومانانە لەسەر پاساوەکانی جەنگ، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند کە یەکەمین زیانی گیانی لە ڕیزەکانیاندا تۆمارکراوە؛ 3 سەربازی ئەمریکی کوژراون و 5 سەربازی دیکەش بە سەختی بریندار بوون، هەروەها ژمارەیەکی دیکە لە سەربازان بەهۆی پارچەی تەقەمەنی و شۆکی مێشکەوە بریندار بوون.
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن: بەرهەمهێنانی نەوتمان لە کێڵگەی شێخان ڕاگرت
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن کە لە کێڵگەی شێخان لە هەرێمی کوردستان کاردەکات، ڕایگەیاند بە شێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕاگرتووە و ڕێکاری پێویستی بۆ پاراستنی کارمەندەکانی گرتووەتەبەر.
ڕاگرتنی بەرهەمهێنان وەک ڕێکاری خۆپارێزی
گەڵف کیستۆن ئاماژەی بەوە کردووە، وەستاندنی بەرهەمهێنانی نەوت تەنیا لەبەر ڕێوشوێنی خۆپاراستنە و بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەوە هیچ زیانێک بەر کێڵگە و سامانەکانی کۆمپانیاکە نەکەوتووە. کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە بە وردی چاودێری دۆخی ناوچەکە دەکات.
ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کرانە ئامانجی هەولێر
دوای هێرشەکانی ڕۆژی شەممە بۆ سەر ئێران، هێرشی پێچەوانە دەستیپێکردووە و دەیان جار بنکەی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەولێر و کۆنسوڵخانەی ئەمریکا کراونەتە ئامانج، کە زۆربەی هێرشەکان تێکشکێندراون. هاوکات گروپە چەکدارەکانی سەر بە "موقاوەمەی عێراق" ڕایانگەیاندووە کە پێگەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.
ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیای دانەگاز
پێشتر و لە ڕۆژی شەممەدا، کۆمپانیای دانەگاز بە هەمان هۆکار و بۆ مەبەستی خۆپاراستن، بەرهەمهێنانی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕاگرت، ئەمەش دوای تێکچوونی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.
وەزارەتی بەرگریی کوێت: چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی لە وڵاتەکەمان کەوتوونەتە خوارەوە
وەزارەتی بەرگریی کوێت ڕایگەیاند، چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی لە ناو خاکی وڵاتەکەیان کەوتوونەتە خوارەوە و سەرجەم ستافی نێو فڕۆکەکانیش بە سەلامەتی ڕزگارکراون.
کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکان و دەستپێکردنی گەڕان
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوێت، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 2-3-2026، چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی کەوتوونەتە خوارەوە. دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە ڕێوشوێنەکانی گەڕان و ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکان کردووە.
دۆخی تەندروستیی فڕۆکەوانەکان
وەزارەتی بەرگریی کوێت ئاشکرای کردووە، فڕۆکەوانەکان لە شوێنی ڕووداوەکەوە بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە بە مەبەستی پشکنینی پزیشکی و دڵنیابوون لە تەندروستییان. لە ئێستاشدا دۆخی تەندروستیی سەرجەم فڕۆکەوانەکان جێگیرە.
هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزە ئەمریکییەکان کراوە سەبارەت بە وردەکارییەکانی ڕووداوەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنە تەکنیکییە هاوبەشەکان. هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکان لە لێکۆڵینەوە بەردەوامن بۆ زانینی هۆکارە ڕاستەقینەکانی کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکانە.
سوپای پاسداران: هێرشێکی بەرفراوانمان دژی هێزەکانی ئەمریکا دەستپێکرد
قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران، دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ڕاگەیاند و دەڵێت چەندین بنکەی سەربازی و کەشتیی فڕۆکەهەڵگریان پێکاوە.
دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستەقینەی 4
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسداران ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2-3-2026، شەپۆلی 7 و 8ـی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستەقینەی 4" بە ئاراستەی ئامانجە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان ئەنجامدرا و تێیدا ژمارەیەکی زۆر مووشەک و درۆن بەکارهێنراون.
پێکانی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (ئەبراهام لینکۆڵن)ـی سوپای ئەمریکا بە 4 مووشەکی کرووز کراوەتە ئامانج. دوای هێرشەکە کەشتییەکە لە شوێنی خۆی بەرەو باشووری ڕۆژهەڵاتی زەریای هیندی پاشەکشەی کردووە.
پێکان و لەکارخستنی بنکەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرەین
گوتەبێژی قەرارگاکە ڕایگەیاند، بنکەی دەریایی (عەلی سالم)ی ئەمریکا لە کوێت بەتەواوی لەکارکەوتووە و 3 دامەزراوەی ژێرخانی دەریایی (محەممەد ئەحمەد)یش لەو وڵاتە تێکشکێندراون. هاوکات لە بەحرەین، بنکەیەکی دەریایی ئەمریکا لە بەندەری سەلمان بە 4 درۆن کراوەتە ئامانج و زیانی گەورە بە ناوەندەکانی فەرماندەیی و پشتیوانییان گەیشتووە.
سووتانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کوژرانی 560 سەرباز
لە ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز، 3 کەشتی نەوتی ئەمریکا و بەریتانیا بە مووشەک کراونەتە ئامانج و لە ئێستادا دەسووتێن. هەروەها بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرەین بە 2 مووشەکی بالیستیک کراونەتە ئامانج و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە تاوەکو ئێستا 560 سەربازی ئەمریکی کوژراو و بریندار بوون.
بۆردومانکردنی بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان
سوپای پاسداران لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، فڕۆکەوانەکانیان بنکەکانی ئەمریکایان لە وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستانی عێراق بۆردومان کردووە.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران: بەهۆی وێرانبوونی بیناکەیەوە نەخۆشخانەی گاندی بە تەواوی چۆڵکرا
درەنگانی شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، نەخۆشخانەی گاندی و ناوەندی مانگی سوور لە تاران بۆردومان کران؛ وەزارەتی تەندروستیی ئێران بەهۆی وێرانبوونی بەشێکی بیناکەوە بڕیاری چۆڵکردنی تەواوەتیی نەخۆشخانەکەی دا.
چۆڵکردنی نەخۆشخانەی گاندی لە تاران
میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕایانگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو هێرش کراوەتە سەر نەخۆشخانەی گاندی لە تاران. بەهۆی قەبارەی زیانەکان و وێرانبوونی بەشێکی بیناکە، وەزارەتی تەندروستیی ئێران بڕیاری دا بە چۆڵکردنی تەواوەتیی نەخۆشخانەکە و گواستنەوەی سەرجەم نەخۆش و کارمەندەکان بۆ شوێنی دیکە.
شێوازی هێرشەکە و زیانەکان
وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکە ئاشکرای کرد کە نەخۆشخانەکە ڕاستەوخۆ بە مووشەک کراوەتە ئامانج. سەرەڕای ئەوەی بیناکە زیانی زۆری بەرکەوتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکان هیچ ئامارێکی وردیان لەبارەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی ناو نەخۆشخانەکە بڵاونەکردووەتەوە.
ئامانجگرتنی ناوەندی مانگی سوور
بەپێی زانیارییەکانی میدیای ئێرانی، جگە لە نەخۆشخانەی گاندی، هێرش کراوەتە سەر ناوەندی سەرەکیی مانگی سووری ئێرانی لە تاران. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی بۆردومانەکەوە زیانێکی ماددیی زۆر بە بینای ناوەندەکە گەیشتووە، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی بەشێک لە کارە فریاگوزارییەکانی ئەو دامەزراوەیە لە پایتەخت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: تورکیا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک تاوەکو بە خێرایی ئاشتی بێتە دی
سەرۆککۆماری تورکیا هاوخەمیی خۆی بۆ سەرکردەکانی سعودیە و کوەیت دەربڕی بەهۆی ئەو هێرشانەی کرانە سەر وڵاتەکانیان؛ ئەردۆغان هۆشداری دەدات کە ئەگەر دۆخەکە هێور نەکرێتەوە، شەڕەکە دەرئەنجامی زۆر جدی بۆ ئاسایشی جیهانی دەبێت و ئامادەیی ئەنقەرەشی بۆ هەڵگرتنی هەر بەرپرسیارێتییەک نیشان دا.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ئەردۆغان لەگەڵ سەرکردەکانی کەنداو
فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، پاش هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی تاران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەنجامداوە. سەرۆکی تورکیا لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی سعودیە و مشعەل ئەحمەد جابر سەباح، میری کوەیت قسەیکردووە و هاوخەمیی بۆ دەربڕیون بەهۆی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر خاکەکەیان.
هۆشداریدان لە مەترسییەکانی شەڕ بۆ سەر ئاسایشی جیهانی
ئەردۆغان لە پەیوەندییەکانیدا باسی لەوە کردووە کە ئەگەر دەستوەردانی پێویست بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە نەکرێت، ئەم شەڕە دەرئەنجامی زۆر جدی لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆککۆماری تورکیا و شازادەی سعودیە هاوڕابوون کە پێویستە ناکۆکییەکان تەنیا لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن.
ئامادەیی تورکیا بۆ نێوەندگیری و گەڕاندنەوەی ئاشتی
سەرۆککۆماری تورکیا بە میری کوەیتی ڕاگەیاندووە کە تورکیا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک و هەڵگرتنی هەر بەرپرسیارێتییەک تاوەکو بە خێرایی ئاشتی لە ناوچەکەدا بێتە دی. ئەم هەڵوێستە نیشانەی هەوڵەکانی ئەنقەرەیە بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی زیاتری بازنەی ململانێ سەربازییەکان.
تاوتوێکردنی پێشهاتەکان لەگەڵ واشنتن و قەتەر و ئیمارات
هەر لەپاش دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکان، ئەردۆغان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا؛ تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەر؛ و محەمەد بن زاید ئالنەهیان، سەرۆکی ئیمارات پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەنجامدا. بەگوێرەی ڕاگەیێنراوە فەرمییەکان، لەو گفتوگۆیانەدا بە وردی تاوتوێی دوایین پێشهاتە ئەمنی و سەربازییەکانی ناوچەکە کراوە.
قەرارگەی خاتەمولئەنبیا: کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵنمان بە 4 مووشەک پێکاوە
گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند لە نوێترین شەپۆلی هێرشەکانیاندا کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی و چەندین پێگەی سەربازیی ئەو وڵاتەیان لە کوەیت، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردووەتە ئامانج؛ زولفەقاری جەخت دەکاتەوە کە لەم ئۆپەراسیۆنانەدا مووشەک و درۆنی دوورمەودایان بەکارهێناوە.
ئامانجگرتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند، لە شەپۆلی 7ـەم و 8ـەمی هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن"ی ئەمریکییان بە 4 مووشەک کردووەتە ئامانج. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لە هێرشەکاندا زۆربەی ئەو ئامانجانەی بۆیان دیاریکرابوو، پێکاویانن.
بەکارهێنانی چەکی دوورمەودا
گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ئاشکرای کرد کە لەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەدا سوودیان لە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) دوورمەودا وەرگرتووە. ئەمەش وەک ستراتیژییەک بۆ لێدانی ئەو ئامانجانەی کە لە سنوورەکانی ئێرانەوە دوورن و پێویستیان بە چەکی ورد و دوورهاوێژ هەیە.
هێرشەکان لە کوەیت و ناوچەکە
ئیبراهیم زولفەقاری ئاماژەی بەوە کرد کە لە هێرشەکانیاندا توانیویانە چەندین پێگەی گرنگی ئەمریکا لە وڵاتی کوەیت بکەنە ئامانج. جگە لە کوەیت، چەندین پێگەی دیکەی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە بۆردومان کراون.
ئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا باسی لەوە کرد کە لە ڕێگەی مووشەکەکانیانەوە بنکەکانی ئەمریکایان لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج. ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بۆ پەرەسەندنە سەربازییەکانی ئەمدواییەی ناوچەکە و بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامدراون.
پنتاگۆن: هیچ زانیارییەکمان نییە کە ئاماژە بەوە بکات ئێران پلانی هەبووبێت سەرەتا هێرش بکات
دوو سەرچاوەی ئاگادار بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، بەرپرسانی پنتاگۆن لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ کارمەندانی کۆنگرێس دانیان بەوەدا ناوە کە هیچ زانیارییەکی هەواڵگری لەبەر دەستدا نییە بیسەلمێنێت ئێران پلانی بۆ ئەوە دانابێت سەرەتا هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
لاوازبوونی پاساوەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ جەنگ
لێدوانی بەرپرسانی پنتاگۆن لەبەردەم کۆنگرێسدا، پاساوە سەرەکییەکانی ئیدارەی ترەمپی بۆ دەستپێشخەریی جەنگ لەگەڵ ئێران لاواز کردووە. پێشتر ئیدارەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو بڕیاری هێرشەکان بەهۆی هەبوونی ئاماژەیەک بووە کە ئێرانییەکان ڕەنگە هێرش بکەنە سەر هێزەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ماوەی کۆبوونەوەکە و گومان لەسەر هەڕەشە مووشەکییەکان
دیلان جۆنسۆن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆبوونەوە داخراوەکەی نێوان پنتاگۆن و کۆنگرێس زیاتر لە 90 خولەکی خایاندووە. لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە هەواڵگرییەکان بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان پشتگیری لە بانگەشەکەی ترەمپ ناکەن سەبارەت بەوەی ئێران بتوانێت لە مەودایەکی نزیکدا بە مووشەکی بالیستیکی لە ئەمریکا بدات.
کوشتنی خامنەیی و پێکانی 1000 ئامانج
ڕۆژی شەممە ئەمریکا و ئیسرائیل توندترین هێرشیان لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا کردە سەر ئێران، کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران. لەو هێرشانەدا چەندین کەشتیی جەنگیی ئێران نوقم کراون و تا ئێستا زیاتر لە 1000 ئامانج پێکراون.
زیانە گیانییەکانی سوپای ئەمریکا
هاوکات لەگەڵ ئەم گومانانە لەسەر پاساوەکانی جەنگ، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند کە یەکەمین زیانی گیانی لە ڕیزەکانیاندا تۆمارکراوە؛ 3 سەربازی ئەمریکی کوژراون و 5 سەربازی دیکەش بە سەختی بریندار بوون، هەروەها ژمارەیەکی دیکە لە سەربازان بەهۆی پارچەی تەقەمەنی و شۆکی مێشکەوە بریندار بوون.
هێرشی درۆنی کرایە سەر پاڵاوگەیەکی ئارامکۆ لە سعودیە و داخرا
ئاژانسی سێمافۆری ئەمریکی ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ هێرشی درۆنی کراوەتە سەر کۆمپانیای ئارامکۆ لە سعودیە و بەو هۆیەوە ئاگر لە پاڵاوگەیەکی نەوتی کۆمپانیاکە کەوتووەتەوە.
هێرشی درۆنی بۆ سەر پاڵاوگەی ڕەئس تەنورە
بەگوێرەی ئاژانسەکە، هێرشە درۆنییەکە پاڵاوگەی (رەئس تەنورە)ی کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر، بەڵام ئاگرەکە لە ماوەیەکی کورتدا کۆنترۆڵ کراوە.
داخستنی پاڵاوگەکە وەک ڕێکاری خۆپارێزی
سەرچاوەیەک بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، وەک ڕێکارێکی پاراستنی سەلامەتیی کارمەندان، پاڵاوگەکە داخراوە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ئێستادا هیچ مەترسییەک لەسەر پاڵاوگەکە نەماوە.
ئاڵۆزییەکان و هێرشەکانی پێشووی ئێران
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 3ـیەم ڕۆژیدایە. پێشتریش لە 28ـی شوبات، ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردبووە سەر بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان لە ڕیازی پایتەختی سعودیە.
قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئارامکۆ
ئارامکۆ گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە و کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی سعودییەیە. بەگوێرەی ئامارەکان، تەنیا لە مانگی 1ـی ئەم ساڵدا، سعودیە 10.1 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی ئەم کۆمپانیایەوە بەرهەم هێناوە.
دۆناڵد ترەمپ: سێ بەربژێری زۆر باشم بۆ سەرکردایەتیی نوێی ئێران هەیە
سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئێران ڕەنگە تا 5 هەفتە بخایەنێت و جەخت دەکاتەوە کە سێ بەربژێری جیاوازی بۆ سەرکردایەتیی نوێی تاران لەبەردەستدایە؛ هاوکات ئاماژە بە لەناوبردنی بەشێکی گەورەی هێزی دەریایی ئێران دەکات و پێشبینی زیادبوونی قوربانییەکانی وڵاتەکەشی دەکات.
بەردەوامیی هێرشەکان و توانای سەربازی
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاند، ئەگەر پێویست بکات هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی 4 بۆ 5 هەفتە بەردەوام دەبن. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە پەرەپێدانی هێرشەکان بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل قورس نابێت، چونکە بڕێکی یەکجار زۆر لە تەقەمەنییان لە سەرانسەری جیهان و لە وڵاتە جیاوازەکاندا کۆکردووەتەوە.
بەربژێرەکانی سەرکردایەتیی نوێ و مۆدێلی ڤەنزوێلا
سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی تاران دوای نەمانی عەلی خامنەیی، ترەمپ ئاشکرای کرد کە سێ بەربژێری زۆر باشی لەبەردەستە بۆ سەرکردایەتیی نوێ، بەڵام جەختی کردەوە کە پێویستە سەرەتا کارە سەربازییەکە تەواو ببێت. یەکێک لە سیناریۆ پێشنیارکراوەکان لاساییکردنەوەی مۆدێلی ڤەنزوێلایە، کە تێیدا تەنیا سەرکردە باڵاکان لادەبرێن و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەمێننەوە بۆ کارکردن لەگەڵ واشنتن. ترەمپ ئامادەیی نیشان دا کە ئەگەر سەرکردایەتییەکی "پراگماتی" بێتە سەر کار، سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت.
لەناوبردنی هێزی دەریایی ئێران
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە و هێرشە هاوبەشەکانیان توانیویانە بەشێکی گەورەی هێزی دەریایی ئەو وڵاتە لەناو ببەن. بەپێی وتەی ترەمپ، تاوەکو ئێستا 9 کەشتی و بارەگای سەرەکیی هێزی دەریایی ئێران بە تەواوەتی تێکشکێندراون، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی تاران لە ناوچەکەدا.
قوربانییەکانی ئەمریکا و پێشبینییەکان
لەبارەی زیانە گیانییەکانی هێزەکانی وڵاتەکەی، دۆناڵد ترەمپ دانی بەوەدا نا کە تاوەکو ئێستا 3 سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستداوە. ترەمپ هۆشداریی دا کە چاوەڕوانی زیانی گیانی زیاتر دەکەن لە نێو هێزەکانیاندا و ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکەن ژمارەی قوربانییەکان لەوەی ئێستا هەیە زۆر بەرزتر ببێتەوە.
هەڵوێستی هێزە ناوخۆییەکانی ئێران
ترەمپ هیوای خواست کە سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی ئێران چەکەکانیان ڕادەستی گەل بکەن و ڕایگەیاند کە لە ڕاستیدا ئەو هێزانە بەرەو ئەوە دەچن خۆیان ڕادەستی خەڵک بکەن. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە عەلی لاریجانی، بەربرسی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکە ڕاگەیاندووە تا کاتی دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ ڕێبەری باڵا.
دوو هۆکاری سەرەکی بوونە دواخستنی کوژرانی عەلی خامەنەیی
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل ئاشکرای دەکەن کە هێرش بۆ سەر ئێران بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و هەماهەنگیی سەربازی بۆ ماوەی هەفتەیەک دواخرا؛ ئەم دواخستنە بووە دواین دەرفەتی دیپلۆماسی و تاران پێشنیازێکی 10 ساڵەی ئەمریکای بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕەتکردەوە، کە دواجار بووە هۆی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "Epic Fury" و کوژرانی عەلی خامنەیی لە ناو نووسینگەکەی لە تاران.
هۆکارەکانی دواخستنی هێرشەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک
بەپێی زانیارییەکانی پێگەی "Axios"، پلانی سەرەکی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بڕیاربوو لە ڕۆژی شەممە 21ـی شوباتی 2026 دەستپێبکات. بەڵام دوو هۆکاری سەرەکی بوونە ڕێگر لە جێبەجێکردنی پلانەکە لەو وادەیەدا؛ یەکەمیان خراپیی کەشوهەوا لە ناوچەکەدا و دووەمیان پێویستیی سوپای ئەمریکا بۆ هەماهەنگیی وردتر و ئاستبەرزتر لەگەڵ هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل (IDF). ئەم دواخستنە هەفتەیەکی دیکەی بەخشییە دۆناڵد ترەمپ تاوەکو لە نێوان شەڕ و دیپلۆماسیدا بڕیار بدات.
چاودێریکردنی وردی خامنەیی لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە
دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو هەفتەیەدا بە وردی چاودێریی عەلی خامنەیییان کردووە تاوەکو دڵنیابن لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی دەمێنێتەوە و ناچێتە ناو پەناگەکان. بەرپرسێکی هەواڵگری ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان بە مەبەست پەیامی وایان ناردووە کە هیچ هێرشێکی نزیک لە ئارادا نییە، تاوەکو بەرپرسانی ئێران هەست بە ئارامی بکەن و خۆیان حەشار نەدەن، ئەمەش وەک تاکتیکێکی خەڵەتاندن بەکارهاتووە.
دواین پێشنیازی ئەمریکا و شکستی گفتوگۆکانی جنێڤ
دواخستنی هێرشەکە وایکرد خولێکی دیکەی دانوستان لە جنێڤ بە سەرۆکایەتی جارد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف لەگەڵ نوێنەرانی ئێران بەڕێوەبچێت. ئەمریکا پێشنیازێکی کۆتایی خستە بەردەم تاران کە بریتی بوو لە ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 10 ساڵ، لە بەرامبەریشدا واشنتن سووتەمەنی ئەتۆمی بێبەرامبەر بۆ مەبەستی مەدەنی بۆ ئێران دابین دەکات. تیمی ترەمپ ڕاشکاو بوون کە ئەگەر تاران ئەم پێشنیازە ڕەت بکاتەوە، بژاردەی سەربازی جێبەجێ دەکرێت و دواجار لایەنی ئێرانی پێشنیازەکەی ڕەتکردەوە.
ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستان ئاسا (Epic Fury)
ڕۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "Epic Fury - تووڕەیی داستان ئاسا"ی ڕاگەیاند. بەگوێرەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM)، هێرشەکان کاتژمێر 9:15ـی بەیانی بە کاتی ڕۆژهەڵات دەستیان پێکردووە. ئامانجی سەرەکی لەناوبردنی بنکەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی سوپای پاسداران، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، پێگەکانی هاوێشتنی مووشەک و درۆن، و فڕۆکەخانە سەربازییەکان بووە بۆ نەهێشتنی هەڕەشە نزیکەکان.
هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کوژرانی خامنەیی
ڕۆژی یەکشەممە 1ـی ئازاری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە "Truth Social" کوژرانی عەلی خامنەیی ڕاگەیاند. ترەمپ خامنەیی بە "یەکێک لە شەڕەنگێزترین کەسەکانی مێژوو" ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەمە بەدیهاتنی دادپەروەرییە بۆ گەلی ئێران و ئەمریکییەکان. سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە چەندین سەرکردەی دیکەی ئێرانی لەگەڵ خامنەییدا کوژراون و نەیانتوانیوە بەرگری بەرامبەر هێرشەکان بکەن.
پشتڕاستکردنەوەی فەرمی و ڕاگەیاندنی ماتەمینی لە ئێران
میدیای فەرمیی ئێران بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە 1ـی ئازاری 2026، بە فەرمی هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەیی لە ئەنجامی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پشتڕاستکردەوە. ئاژانسی "فارس" ئاشکرای کرد کە خامنەیی لە ناو نووسینگەکەی خۆیدا لە تاران کراوەتە ئامانج. بەو هۆیەوە حکومەتی ئێران ماوەی 40 ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە سەرتاسەری وڵات و 7 ڕۆژ پشووی فەرمیی لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا ڕاگەیاند.
دۆناڵد ترەمپ: بەڵێنم بە گەلی ئێران دا و جێبەجێمکرد
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا ڕایگەیاند لە ماوەی 36 کاتژمێری ڕابردوودا سەدان ئامانجی سەربازییان لە ئێران پێکاوە و سەرکردایەتیی ئەو وڵاتەیان لەناوبردووە؛ ترەمپ هۆشداریی کۆتایی دەداتە هێزە چەکدارەکانی ئێران کە چەک دابنێن، ئەگەرنا ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.
ئامار و ئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی ئەفسوناوی"
دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد کە لە ماوەی 36 کاتژمێری ڕابردوودا، هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی ئەفسوناوی" هێرشیان کردووەتە سەر سەدان ئامانج لە ناوخۆی ئێران. سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند لەم هێرشانەدا دامەزراوەکانی سوپای پاسداران، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، 9 کەشتی و بنکەیەکی دەریایی بەتەواوی لەناوبراون. جەختیشی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بووەتە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی و لەناوبردنی تەواوی سەرکردایەتیی سەربازیی ئێران.
زیانە گیانییەکانی ئەمریکا و بەردەوامیی هێرشەکان
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ئێران بەردەوام دەبن تاوەکو گەیشتن بە هەموو ئامانجەکان. ترەمپ پشتڕاستی کردەوە کە لەم پێکدادانە سەربازییانەدا 3 ئەندامی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا کوژراون و بەڵێنی دا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان تۆڵەی خوێنی ئەو سەربازانە دەکاتەوە.
هۆشداری بۆ سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان
دۆناڵد ترەمپ داوای لە ئەندامانی سوپای پاسداران، سوپا و پۆلیسی ئێران کرد دەستبەجێ چەکەکانیان دابنێن. ترەمپ ڕایگەیاند هەر کەسێک چەک دابنێت پارێزبەندیی وەردەگرێت و دەپارێزرێت، بەڵام جەختی کردەوە ئەوانەی سوور بن لەسەر شەڕکردن ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە. هەروەها ئاشکرای کرد کە چەند سەرکردەیەکی سەربازیی ئێران پەیوەندییان کردووە و داوایان کردووە ئەمریکا بیانپارێزێت.
پەیام بۆ گەلی ئێران و وەرگرتنەوەی دەسەڵات
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ ڕایگەیاند کە ئەو بەڵێنەی بە گەلی ئێرانی دابوو جێبەجێی کردووە و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئێرانییەکان وڵاتەکەیان وەربگرنەوە. داوای لە هاووڵاتییانی ئێران کرد ئەم ساتە بقۆزنەوە و کار بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئێستا بکەن، چونکە بە وتەی ئەو زەمینەی پێویست بۆ ئەو هەنگاوە ڕەخسێنراوە.
تەنیا 1%ـی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران کاردەکەن
بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زانیارییەکانی پەیوەست بە هێرشە سەربازییەکان، دەسەڵاتدارانی ئێران هێڵەکانی ئینتەرنێتیان لە زۆربەی پارێزگاکان بڕیوە؛ ڕێکخراوی نێت بلۆکس دەڵێت زیاتر لە 40 کاتژمێرە هێڵەکان پچڕاون و تەنیا ڕێژەیەکی زۆر کەم کاردەکەن.
سنووردارکردنی دەستگەیشتن بە زانیارییەکان
هێڵەکانی ئینتەرنێت لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران لەکارخراون. ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی ئەوەی دەستگەیشتن بە زانیارییەکان لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە بە تەواوی سنووردار بێت و هاووڵاتییان نەتوانن دیمەن و هەواڵەکانی ناوخۆی وڵات بۆ دەرەوە بگوازنەوە.
ئامارەکانی نێت بلۆکس لەسەر دۆخی هێڵەکان
تۆڕی نێت بلۆکس (NetBlocks) کە دامەزراوەیەکی جیهانییە بۆ چاودێریکردنی ئینتەرنێت، ڕایگەیاند کە پچڕانی هێڵەکان لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی. بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا و بەشێوەی کەڵەکەبوو بۆ زیاتر لە 40 کاتژمێرە هێڵەکان پچڕاون و لە ئێستادا تەنیا 1%ـی ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا کاردەکات.
دووەم پچڕانی گەورەی ئینتەرنێت لە ماوەی سێ مانگدا
ئەمە بۆ دووەمجارە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران بەو شێوەیە دەبڕدرێن. جاری یەکەم دوای ناڕەزایەتییەکانی 28ـی کانوونی یەکەمی 2025 بوو کە دژ بە گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێکرد، لەو کاتەشدا دەسەڵاتداران بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ناوخۆ و ڕێگری لە فراوانبوونی خۆپیشاندانەکان پەنایان بۆ بڕینی تەواوەتیی پەیوەندییەکان برد.
بەیانیی ئەمڕۆ لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر دوو درۆن خرانەخوارەوە
بەیانی ئەمڕۆ 5 جار هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازی و کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و 2 درۆن لە لایەن سیستمی بەرگرییەوە خرانە خوارەوە؛ ئەم هێرشانە دوای کوژرانی ڕێبەری باڵای ئێران و هەڕەشەکانی تاران بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دێن.
بەرپەرچدانەوەی درۆنەکان لە ئاسمانی هەولێر
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی ئازاری 2026، کاتژمێر 6:00، 2 درۆنی بۆمبڕێژکراو لە نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ناوچەی کانی قرژاڵە خرانە خوارەوە. سیستمی بەرگریی فڕۆکەخانەکە توانیویەتی هەردوو درۆنەکە لە ئاسماندا بتەقێنێتەوە و ڕێگری لە پێکانی ئامانجەکانیان بکات، کە بووەتە هۆی بیستنی دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شارەکەدا، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
5 هێرشی لەسەریەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا
بەپێی زانیارییەکان، هەر ئەم بەیانییە 5 جار لەسەریەک هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ناو فڕۆکەخانەی هەولێر و کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا. سیستمی بەرگریی مووشەکیی هێزەکانی ئەمریکا چالاک کراوە و سەرجەم هێرشەکانی بەرپەرچ داوەتەوە. گومان دەکرێت ئەو دەنگە بەرزانەی بیستراون، دەنگی تێکشکاندنی ئەو مووشەک و درۆنانە بن کە لە ئاسماندا پێش گەیشتن بە ئامانج تەقێنراونەتەوە.
نادیاریی سەرچاوەی ئاراستەکردنی هێرشەکان
تاوەکو ئێستا بە فەرمی دیارینەکراوە ئەو دوو درۆنە لە چ شوێنێکەوە ئاراستەی هەولێر کراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ڕابردووش زیاد لە چەند جارێک هێرش کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەڵام بەهۆی کارایی سیستمی بەرگرییەوە هیچ کام لە هێرشەکان زیانی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە.
پاشخانی ئاڵۆزییە سەربازییەکان و هەڕەشەکانی ئێران
ئەم هێرشانە دوای پەرەسەندنی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران دێن، کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵا و دەیان بەرپرسی دیکەی تاران. ئێران ڕایگەیاندووە کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەر وڵاتێک بن وەک خاکی ئەمریکا مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و دەبنە ئامانج. هاوکات گرووپە چەکدارەکانی سەر بە "بەرەی موقاوەمە" لە عێراق بە فەرمی ڕایانگەیاندووە کە هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پاڵپشتییانە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
سەرایا ئەولیا ئەلدەم: بە کۆمەڵە درۆنێک بنکەی ڤیکتۆریامان لە بەغداد کردە ئامانج
گرووپی چەکداریی سەرایا ئەولیا ئەلدەم وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی هێرشی کردە سەر بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا لە ناو فڕۆکەخانەی بەغداد؛ گرووپەکە ڕایدەگەیەنێت هێرشەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە و ئامانجیان تۆڵەسەندنەوەی خوێنی ڕێبەری کۆچکردووی ئێران و پاڵپشتیکردنی تارانە لەم ململانێ سەربازییەدا.
ئامانجگرتنی بنکەی ڤیکتۆریا لە بەغداد
ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی ئاداری 2026، گرووپی "سەرایا ئەولیا ئەلدەم" کە بەشێکە لە موقاوەمەی ئیسلامی، ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی کۆمەڵە درۆنێکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا کە دەکەوێتە نێو سنووری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد. گرووپەکە لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم کارە وەک جێبەجێکردنی ئەرکێکی شەرعی و وەڵامدانەوەیەک بۆ کوژرانی ڕێبەری باڵای ئێران ئەنجامدراوە.
پاشخانی کوژرانی عەلی خامنەیی
هێرشەکەی سەر بنکەی ڤیکتۆریا دوای ئەوە دێت کە لە ڕێکەوتی 28ـی شوباتی 2026، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا. ئەم ڕووداوە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا.
هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان
ئەم گرووپە چەکدارییە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. شەوی دووشەممە، سەرایا ئەولیا ئەلدەم بەرپرسیارێتیی دوو هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گرتە ئەستۆ، بەڵام بەپێی زانیارییەکان هەردوو هێرشەکە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانانەوە بەرپەرچ درانەوە و نەیانتوانی ئامانجەکانیان بپێکن.
عەباس عێراقچی: پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش لێپرسینەوە لەگەڵ ترەمپ و نەتەنیاهوو بکات
وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، کوژرانی عەلی خامنەیی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان ناودەبات و جەخت لە مافی وڵاتەکەی بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی خۆی دەکاتەوە، هاوکات داوای ڕێوشوێنی بەپەلە دەکات بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
نامە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، نامەیەکی فەرمیی ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد. تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەئامانجگرتنی بەئەنقەستی بەرزترین بەرپرسی فەرمیی وڵاتەکەیان، لێکەوتەی قووڵ و بەرفراوانی دەبێت.
پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان
عێراقچی لە نامەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە ئەم هێرشە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەڕەتیترین یاساکانی تایبەت بە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکانە." وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەم کارە لە ئەستۆی بکەرانیەتی و نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییەدا بێدەنگ بێت.
مافی بەرگریکردن بەپێی ماددەی 51
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لە مافی وڵاتەکەی کردووەتەوە بۆ پاراستنی خاکەکەی و ڕایگەیاندووە: "بەگوێرەی مادەی 51ـی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە هیچ شێوەیەک نکۆڵی لە مافی ڕەسەن و دانپێدانراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناکرێت بۆ بەرگریکردن لە سەروەری، یەکپارچەیی خاک و گەلەکەی."
لێپرسینەوە لە ترەمپ و نەتەنیاهوو
عێراقچی لە نامەکەیدا ڕاشکاوانە ناوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی هێناوە و ڕایگەیاندووە کە کوشتنی خامنەیی بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی دەخاتە ئەستۆی ئەوان. هەروەها داوای کردووە لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە لە داڕشتن، دەرکردنی فەرمان، ڕێگەپێدان و ئەنجامدانی ئەم "کردەوە تاوانکارییەدا" هاوکار بوون.
داواکاری بۆ ڕێوشوێنی بەپەلە
لە کۆتایی نامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە بەرپرسیارێتییەکانیان بۆ پاراستنی ئاشتی جێبەجێ بکەن. تاران داوا دەکات ڕێوشوێنی "بەپەلە و کاریگەر بۆ لێپرسینەوەی تەواو لە ئەمریکا و ئیسرائیل" بگیرێتەبەر، تاوەکو ڕێگری لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان بکرێت.
پاشخانی هێرشە هاوبەشەکان
ڕۆژی 28ـی شوباتی 2026، لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، عەلی خامنەیی و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی تاران کوژران. ئەم پەرەسەندنە بووەتە هۆی ئەوەی هێزە چەکدارەکانی ئێران چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو و ئیسرائیل ئەنجام بدەن.
عەلی لاریجانی: هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا ناکەین
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هەر جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێک لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە؛ عەلی لاریجانی، دۆناڵد ترەمپ تۆمەتبار دەکات بەوەی سەربازانی ئەمریکای کردووەتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و جەختیش دەکاتەوە کە وڵاتەکەی دەستپێشخەری جەنگ نەبووە.
ڕەتکردنەوەی دانوستان لەگەڵ واشنتن
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بڵاویکردەوە کە وڵاتەکەی هیچ دانوستاندنێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام نادات. ئەم ڕاگەیاندنە وەک وەڵامێک دێت بۆ ئەو دەنگۆیانەی پێشتر میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردبووەوە، کە ئاماژەیان بە هەوڵی لاریجانی دەکرد بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەگەڵ واشنتن، لاریجانی بە ڕەهایی وتی: "ئێمە هیچ دانوستاندنێکمان لەگەڵ ئەمریکا نابێت."
ڕەخنە لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ
لە پەیامێکدا کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی ئاداری 2026 لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە، لاریجانی ڕەخنەی توندی لە دۆناڵد ترەمپ گرت. ناوبراو ڕایگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا بە کارەکانی ناوچەکەی تووشی ئاڵۆزی کردووە و دروشمی "America First"ی گۆڕیوە بۆ "Israel First"، بەوەش سەربازانی وڵاتەکەی کردووەتە قوربانیی دەسەڵاتخوازیی ئیسرائیل و ئێستاش تەنیا "نیگەرانی زیانی گیانیی زیاتری هێزەکانییەتی."
بەرگریی ئێران و دەستپێنەکردنی جەنگ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا دوو ڕۆژە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامن، گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکان تەنیا بەرگری لە خۆیان دەکەن. جەختی لەوەش کردەوە کە هێزەکانی وڵاتەکەی دەستپێشخەری جەنگ نەبوون، بەڵکو ئەوە ئەمریکا و ئیسرائیلن کە هێرشیان کردووەتە سەر چەندین ناوەندی هەستیار و بەرپرسانی باڵا.
پاشخانی پەرەسەندنە سەربازییەکان
لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان و هاوبەش لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی و چەندین بەرپرسی دیکە. لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران چەندین شەپۆلی هێرشی بە مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و چەند ئامانجێکی ناو ئیسرائیل ئەنجامداوە.
هەواڵی گیانلەدەستدانی خامنەیی نرخی بیتکۆینی بەرزکردەوە
دوای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی کوژرانی ڕێبەری باڵای ئێران، دراوە ئەلیکترۆنییەکان بەرزبوونەوەی بەرچاویان تۆمارکرد و بیتکۆین گەیشتە سەروو 66,000 دۆلار؛ شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە بازاڕەکان دۆخی هەڵکشانی سەربازییان هەڵمژیوە و خەریکە لەو قەیرانە دەردەچن کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە تێی کەوتبوون.
بەرزبوونەوەی نرخی دراوە کریپتۆکان
دراوە کریپتۆکان بە خێرایی لە زیانە گەورەکانی ڕۆژانی ڕابردوو چاکدەبنەوە. بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران کوژرانی عەلی خامنەیی لە هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل پشتڕاستکردەوە، بیتکۆین بە ڕێژەی 2.21% بەرزبووەوە و گەیشتە 66,666 دۆلار. هاوکات دراوی ئیسریۆم کە دووەم گەورەترین دراوی ئەلیکترۆنییە، بە ڕێژەی 4.58% ڕووی لە هەڵکشان کرد و گەڕایەوە سەرووی 2,000 دۆلار.
ڕوانگەی ناوەندە توێژینەوە ئابوورییەکان
مارکوس تێلین، بەرپرسی توێژینەوە لە کۆمپانیای (10X Research) ڕایگەیاند، بە گشتی بازرگانان و وەبەرهێنەران پێشبینی دەکەن دەرئەنجامی گرژییەکانی ئێران بۆ نرخی بۆرسە و بازاڕە داراییەکان ئەرێنی بن. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە بازاڕە سەربەخۆکانی مامەڵە دیجیتاڵییەکان ئامادەکارییان بۆ قۆناغی دوای گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکان کردووە.
داتاکانی سەرمایەی بازاڕ
بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای (CoinGecko)، دراوە کریپتۆکان تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی 32 ملیار دۆلار لە سەرمایەی بازاڕدا بەرزبوونەوەیان بەدەستهێناوە. سەرەڕای ئەم هەڵکشانە، هێشتا بازاڕ نەیتوانیوە تەواوی ئەو زیانە گەورەیە قەرەبوو بکاتەوە کە لە ڕۆژانی پێشتردا تۆماری کردبوو، کە بڕەکەی 128 ملیار دۆلار بووە.
ئاڵنگارییەکانی بەردەم نرخی ڕاستەقینەی بازاڕ
هایدن هیوز، هاوبەشی بەڕێوەبردن لە کۆمپانیای (Tokenize Capital) ئاماژەی بەوە کرد، نرخی ڕاستەقینەی بازاڕ لە ڕۆژی دووشەممەدا دەردەکەوێت. ناوبراو جەختی کردەوە کە دۆخەکە بەستراوەتەوە بە ئاستی تۆڵەسەندنەوەکانی ئێران و کاریگەرییە ئەگەرییەکانی داخستنی گەرووی هورمز، کە ئەمانە دەبنە دیاریکەری سەرەکی بۆ ئاراستەی داهاتووی بازاڕەکان.
وەزارەتی پێشمەرگە: بە درۆن هێرشکرایە سەر فیرقەی 11ـی پێشمەرگە
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بارەگای فیرقەی 11ـیان لە دێگەڵە بە درۆنی بۆمبڕێژکراو کراوەتە ئامانج؛ وەزارەت داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنێت و هۆشداریش دەدات کە ئەم جۆرە پەلامارانە بێ وەڵام نامێننەوە.
وردەکاریی هێرشە درۆنییەکە
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، ئێوارەی ڕۆژی 1ـی ئاداری 2026، بارەگای فیرقەی 11ـی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری شارۆچکەی دێگەڵە کراوەتە ئامانج. هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراوە و زیانی گەیاندووەتە ناوچەکە.
ئامانجی هێرشەکە و پاشخانی ئەمنی
وەزارەتی پێشمەرگە ئەم پەلامارەی بە "کردەوەیەکی تێکدەرانە" وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە، مەبەست لێی زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخی ئەمنی و نانەوەی پشێوییە لە ناوچەکەدا. ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لە عێراق و ناوچەکە بەهۆی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتوونەتە ئاستێکی باڵا.
داواکاری لە سەرۆکوەزیرانی عێراق
وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژی و کردەوە نایاساییانە دابنێت. هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە بەرپرسانی پشت ئەم هێرشانە بدۆزرێنەوە و ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
هۆشداریی وەڵامدانەوە
لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەدا، وەزارەتی پێشمەرگە هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بەردەوامبوونی ئەم جۆرە کردەوە تیرۆریستییانە بێ وەڵام نابێت. ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە هێزەکانی پێشمەرگە مافی بەرگری لە خۆیان دەپارێزن لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر بارەگاکانیان.
وەزیری دەرەوەی عوممان: هێشتا بڕوام بە هێزی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان هەیە
وەزیری دەرەوەی عوممان ڕایدەگەیەنێت سەرەڕای هەڵگیرسانی شەڕ، دەرگای دیپلۆماسی بە ڕووی ئێران و ئەمریکادا دانەخراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە گفتوگۆکانی پێشووی جنێف پێشکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنابوو، بۆیە پێویستە هەرچی زووە وتوێژەکان بۆ بەرژەوەندی هەمووان دەستپێبکەنەوە.
مانەوەی دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی
بەدر بن حەمەد بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی دەمێنێتەوە و دانەخراوە. ناوبراو جەختی کردەوە کە هێشتا بڕوای بە هێزی دیپلۆماسی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ململانێ سەربازییەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە و هیوای ئاشتی تێدا نەکوژاوەتەوە.
پێشکەوتنی گفتوگۆکانی جنێف
وەزیری دەرەوەی عوممان ئاشکرای کرد کە وتوێژەکانی ئەم دواییەی جنێف پێشکەوتنی ڕاستەقینەیان بەرەو ڕێککەوتنێکی بێپێشینە لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەدەستهێنابوو. ئاماژەی بەوەش دا، هەرچەندە ئامانجی سەرەکی ئەوە بوو کە ناوچەکە لە شەڕ دوور بکەوێتەوە، بەڵام دەبێت هەوڵەکان بە ئاراستەی کۆتاییهێنان بە گرژییەکان بەردەوام بن.
داواکاری بۆ دەستپێکردنەوەی وتوێژەکان
بەدر بوسەعیدی داوای کرد کە هەرچی زووە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان لە نێوان لایەنەکاندا دەستپێبکەنەوە. ڕایگەیاند، دەستپێکردنەوەی وتوێژەکان لەم کاتەدا بۆ بەرژەوەندیی هەموو لایەک دەبێت، چونکە دیپلۆماسی و وتوێژ هێشتا باشترین بژاردەن بۆ گەیشتن بە ئارامی و جێگیری لە ناوچەکەدا.
ئاژانسە فەرمییەکانی ئێران: لە 6 خاڵەوە هێرش کراوەتە سەر پارێزگای سنە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی هێرشێکی مووشەکیی بەرفراوان بووەوە کە تێیدا 6 ناوچەی جیاواز کرانە ئامانج؛ ئاژانسە فەرمییەکانی ئێران ئاشکرایان کردووە کە هێرشەکان بنکە سەربازییەکان و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوونی خەڵکیشیان گرتووەتەوە.
فراوانبوونی هێرشەکان بۆ سەر سنە
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسە فەرمییەکانی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی ئاداری 2026، پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووەتە بەر هێرشی چڕ. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشەکە لە 6 خاڵی جیاوازی سنووری پارێزگاکەوە ئەنجامدراوە، ئەمەش پاش پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دێت.
ئامانجگرتنی ناوچە سەربازی و مەدەنییەکان
لە هێرشەکاندا چەندین ناوەندی سەربازی لە پارێزگای سنە کراونەتە ئامانج. هاوکات، ئاژانسەکانی هەواڵ ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەشێک لە مووشەکەکان بەر شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی کەوتوون، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و زیان گەیاندن بە گەڕەکەکانی شارەکە.
شێوازی ئەنجامدانی هێرشەکان
میدیای فەرمیی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێرشەکان لە ڕێگەی مووشەکەوە ئەنجامدراون. مووشەکەکان لە یەک کاتدا چەندین پێگەی جیاوازیان لە سنووری پارێزگاکە پێکاوە، کە بەپێی سەرچاوەکان مەبەست لێیان پەکخستنی توانای سەربازی و ناوەندە ئەمنییەکانی ناوچەکە بووە.
نادیاریی ژمارەی قوربانییەکان
سەرەڕای چڕیی بۆردومانەکان، تاوەکو ئێستا میدیا فەرمییەکانی ئێران هیچ ئامارێکی دروستیان لەبارەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان بڵاونەکردووەتەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ناوخۆی وڵاتەکە خەریکی هەڵسەنگاندنی زیانەکانن و چاوەڕێ دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا وردەکاریی زیاتر لەسەر زیانە گیانی و ماددییەکان بڵاوبکرێتەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کوەیت دووکەڵی لێ بەرزدەبێتەوە
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز: دووکەڵ لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کوێت بەرز دەبێتەوە.